زۆر جار میزاجی مرۆڤ دەكەوێتە ژێر كاریگەریی وەرزەكانی ساڵ، وەرزی هاوین و گەرما، كە لە زۆر شوێن وەرزی حەسانەوە و گەشتكردنە بەهۆی كۆتاهاتنی وەرزی خوێندن، هەندێك كەس لەم وەرزەدا هەست بە خامۆشی و شەكەتی دەكەن، تەنانەت بێ ئەوەی ماندوو بن، كە جیا لە بەرزیی پلەی گەرما، هۆكاری تری هەیە.
وەك لە راپۆرتێكی رۆژنامەی
"ئیندیپێندنت"ی بەریتانیدا هاتووە، د. جۆن بریفا پزیشك ئاماژە دەكات كە شەكەتیی هاوین دیاردەیەكی راستەقینەیە، بە چەند هۆكارێكەوە پێوەستە و بە زانینیان دەتوانرێت باشتر مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، لە دیارترین هۆكارەكان بەرزیی پلەی گەرمییە كە كار لە ئاستی چالاكیی مرۆڤ دەكات، چونكە لەو كەشەدا لەش پێویستی بە ئەركی زیاتر هەیە بۆ پارێزگاریكردن لە پلەی گەرمی ئاسایی لەش.
روونی كردەوە، لە پلەیەكی دیاریكراوی گەرمیدا، بەرهەمهێنانی وزە لە لەش بە توانایەكی باش كار دەكات، بەڵام هەر زیادبوون و كەمبوونەوەیەكی پلەی گەرمی لەش، ئەگەر كەمیش بێت، دەبێتە هۆی سستبوونەوەی فەرمانە زیندەگییەكان و هەستكردنی بە شەكەتی، بۆیە بۆ خۆپاراستن لەوە پێویستە هەندێك شوێنی لەش سارد بكرێنەوە، وەك ناولەپی دەست و بن پێیەكان و نێوچەوان، بەڵام نابێت ساردییەكە كە زۆر بێت.
وشكهەڵگەڕان هۆكارێكی ترە، كە بەهۆی بەرزیی پلەی گەرمییەوە لە هاوین مرۆڤ ئارەقەی زیاتر دەكات و ئەوەش وشكهەڵگەڕان دورست دەكات، كار لە توانای مێشك و تەركیزكردن دەكات، بۆیە پێویستە مرۆڤ بە بەردەوام ئاو بخواتەوە، پێویستە رەنگی میز زەردێكی ئاڵ یان كراوە بێت، هەرچی خەوتنە، لە وەرزی هاوین و گەرما كەم دەبێتەوە، ئەوەش كاتژمێری بایۆلۆجی مرۆڤ تێك دەدات و مرۆڤ هەست بە شەكەتی دەكات، جیا لەوانە هەستیاری بۆ دەنكە هەڵاڵە لە هاوین زیاتر دەبێت و پژمین و خورانی چاو زیاتر دەكات، جیا لە داخستنی لووت و پچڕانی هەناسەدان لە كاتی خەو و تێكچوونی نوستن و هەستكردن بە شەكەتی بەو هۆیەوە.