زۆرن ئەوانەی توێكڵی میوەی كیوی لێ دەكەنەوە و فڕێی دەدەن، ئەوجا میوەكە دەخۆن و پێیان وایە سوودی زیاتری لێ دەبینن، بەڵام پسپۆرانی بواری خۆراك رۆشنایی دەخەنە سەر توێكی ئەو میوەیە و پێیان وایە، بەهای میوەكە لە توێكڵەكەیدایە كە دەوڵەمەندە بە ریشاڵ و بۆ دڵ و بەرگریی جەستە زۆر بەسوودە.
بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی "
شەرق ئەوسەت"، هەواڵەكەی لە گۆڤاری "هێڵس" وەرگرتووە كە پسپۆرانی بواری خۆراك قسەیان لەبارەی سوودی توێكڵی كیوی بۆ كردووە. ئەوان دەڵێن توێكڵی كیوی هی ئەوە نییە فڕێ بدرێت، چونكە دەوڵەمەندە بە ریشاڵ و دژەئۆكسید، بۆیە بەتایبەتی بۆ دڵ زۆر بەسوودە، جیالەوەی رۆڵی زۆری هەیە بۆ بەهێزكردنی بەرگریی جەستە، بۆیە بە وردی باس لە سوودەكانی توێكڵی كیوی دەكەن.
پسپۆران دەڵێن كە توێكڵی كیوی دەوڵەمەندە بە دژەئوكسید و پارێزگاری لە شانەكان دەكات لە لەناوچوون، جیا لە بەهێزبوونی بەرگریی جەستە. هەروەها چونكە ڤیتامینی "ج" لە توێكڵی ئەو میوەیەدا هەیە، ئەو ڤیتامینە مادەی ئاسن هەڵدەمژێت. لەگەڵ ئەوەیشدا توێكڵی كیوی پۆتاسیۆم لەخۆ دەگرێت كە ئەویش هاوسەنگیی سۆدیۆم دەپارێزێت، ئەوەیش وا دەكات ئاستی سروشتیی پاڵەپەستۆی خوێن هاوسەنگ بكات. هەروەها مەگنسیۆم كە بەهەمانشێوە لەو توێكڵەكەدا هەیە، بۆ هاتوچۆی خوێن بەناو دەمارەكاندا زۆر بەسوودە.
پسپۆرانی بواری خۆراك دووپاتی دەكەنەوە، ریشاڵی زۆر لە توێكڵی كیویدا هەیە، ئەوەیش وا دەكات ریخۆڵەكان باشتر ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن و هاوكات مرۆڤ تووشی قەبزی نەبێت. هەروەها ئەو ریشاڵە دەبێتە خۆراكی باكتریای سوودبەخش لە قۆڵۆن، جیا لەوەی مەترسیی تووشبوون لە شێرپەنجەی قۆڵۆن كەمتر دەكاتەوە.
پسپۆران ئەوەیش دەڵێن كە ئەو ریشاڵەی لە توێكڵی كیویدا هەیە، وا دەكات ئاستی كۆلیسترۆڵ دابەزێنێت و ئاستی شەكر لە خوێندا رێكبخات، ئەویش بەهەمانشێوە سوودی زۆری بۆ بەهێزبوونی بەرگریی جەستە دەبێت.
دواتریش پسپۆران ئاماژەیان بەوە داوە كە تەنیا لە حاڵەتێكدا ناتوانن میوەی كیوی و توێكڵەكەیشی بخۆن، ئەگەر كەسەكە هەستەوەریی بە میوەكە هەبێت، لەو حاڵەتەدا زیان بە تەندروستیی دەگەیەنێت.