بەرپرسانی تەندروستیی كۆماری كۆنگۆی دیموكراتی رایان گەیاند، ڤایرۆسی ئیبۆلا كە ماوەیەكە لە پێنج كەرتی وڵاتەكە بڵاو بووەتەوە، تووشبوون بەو ڤایرۆسەكە رووی لە بەرزبوونەوە كردووە، دوا ئاماریش ژمارەی مردن بەهۆیەوە گەیشتووەتە هەزار و 405 كەس.
پێگەی "شەفەق نیوز" كە هەواڵەكەی لە میدیاكانی كۆماری كونگۆی دیموكراتی وەرگرتووە كە لەبارەی ڤایرۆسی ئیبۆلاوە ئاماری نوێیان بڵاو كردووەتەوە، لەو ئامارەدا بەرپرسانی تەندروستیی ئەو وڵاتە دووپاتی دەكەنەوە، ڤایرۆسی ئیبۆلا كە لە نیسانی رابردووەوە لە كۆنگۆدا بە فراوانی بڵاو بووەتەوە، تا ئێستە ژمارەی مردن بەهۆیەوە گەیشتووەتە هەزار و 405 كەس، هاوكات تووشبوون بە ڤایرۆسەكە كە بەپێی پشكنینەكان دڵنیایی لە تووشبوونیان دراوە، گەیشتووەتە سێ هەزار و 200 كەس.
بەرپرسانی تەندروستی كۆنگۆ زیاتر دەڵێن، بەپێی ژمارەی دڵنیایی لە تووشبوون بە پەتاكە كە سێ هەزار و 200 كەسی تووشبوو و هەزار و 405 كەسیش بەهۆیەوە مردوون، واتە ژمارەی مردن نزیك بووەتەوە لە نیوەی تووشبووان كە بە رێژە دەكاتە 43.9%.
پسپۆرانی بوارەكە دووپات دەكەنەوە كە ئەو ژمارەیەی تووشبوون بە پەتاكە مەرج نییە دروست بێت، چونكە لەناو ئەو پێنج كەرتەی وڵاتەكە كە پەتاكەیان تێدا بڵاو بووەتەوە، گومان دەكرێ ژمارەیەكی تریش تووش بووبن و پشكنینیان نەكردبێت و لە نەخۆشخانەكان تۆمار نەكراون، بۆیە پێیان وایە ژمارەكە زۆر لەوە زیاتر بێت كە تا ئێستە راگەیەنراوە.
كۆماری كۆنگۆی دیموكراتی لە 26 كەرت پێكدێت، ڤایرۆسی ئیبۆلا لە مانگی نیسانی رابردووەوە لە پێنج كەرتی وڵاتەكە بڵاو بووەتەوە، بەڵام سەرچاوەی سەرەكی لە كەرتی ئیتۆری لە باكوری رۆژهەڵاتی كۆنگۆ بووە.