ئەو رێگە سروشتییانەی كۆلیسترۆڵی خراپ لە جەستەدا كەم دەكەنەوە

:: PM:12:21:28/07/2026 ‌
پسپۆرێكی تایبەتی نەخۆشییەكانی دڵ، لەبارەی كۆلیسترۆڵی خراپ و لەناوبردنی رای گەیاند، بەڕێوەبردنی سیستمی خۆراكی تەندروست و لەگەڵیدا راهێنانی رۆژانەی وەرزشی، ئەو رێگە سروشتییە تەندروستەن كە بەهۆیەوە دەتوانرێ كۆلیسترۆڵی خراپ لە جەستە بە تەواوی كەم ببێتەوە.

پێگەی "شەفەق نیوز" لێدوانی یكاترینا باوكۆڤا كە پسپۆری بواری نەخۆشییەكانی دڵە، لەبارەی كۆلیسترۆڵی خراپ و كەمكردنەوەی بەشێوەیەكی سروشتی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، بۆ ئەوەی كۆلیسترۆڵی خراپ لە جەستەدا كەم ببێتەوە، پێویست بە دەرمان ناكات، باشترین رێگە بەڕێوەبردنی سیستمی خۆراكیی تەندروستە، وەك دووركەوتنەوە لە خۆراكی چەور و سووركراوە، لەگەڵیدا راهێنانی رۆژانە وەرزش، هەموو ئەوانە وا دەكەن كۆلیسترۆڵی خراپ لە جەستەدا نەمێنێت یان كەم ببێتەوە.

ئەو پزیشكە زیاتر دەڵێت، كۆلیسترۆڵ خۆی مادەیەكی چەوریی زۆر پێویستە بۆ كاركردنی شانەكان، هاوكات رۆڵی هەیە بۆ دروستكردنی ڤیتامین "دی" و هۆرمۆنەكانی سێكس، ئەو مادەیە لە رێگەی خوێنەوە دوو جۆر پرۆتینی چەوری دەگوازێتەوە، جۆرێكیان "ئێل دی ئێل"ە كە بە كۆلیسترۆڵی خراپ هەژمار دەكرێت، جۆرەكەی تریش "ئێج دی ئێل"ە كە ئەوەیان بە كۆلیسترۆڵی سوودبەخش هەژمار دەكرێت.

باوكۆڤا روونی دەكاتەوە، كاتێك ئاستی كۆلیسترۆڵی "ئێل دی ئێل" بەرز دەبێتەوە، وا دەكات دیوارەكانی دەمارەكان بگیرێت و ئەوەیش دەبێتە هۆی كێشە بۆ دڵ و مێشك و ئەگەری هەیە لە زۆربوونیدا ببێتە هۆی وەستانی مێشك.

لەبارەی ئەو رێگە سروشتییانەی دەبنە هۆی كەمكردنەوەی كۆلیسترۆڵی خراپ لە خوێن روونی كردەوە، بەرلە هەر شتێك پێویستە سیستمی خۆراكیی خۆتان بگۆڕن بۆ سیستمێكی تەندروستتر، بۆ نموونە دووركەوتنەوە لە خواردنی شیرەمەنیی پڕ چەوری، زەردێنەی هێلكە و خواردنی سووركراو، گۆڕینیان بە گۆشتی كەمچەوری و سەوزەواتەكان و میوە، لەگەڵ ئەوانەیشدا زۆر گرنگە رۆژانە راهێنانی وەرزشی بكەن،  هاوكات رۆیشتن بە پێ و بە خێرایی، یاخۆ مەلەكردن.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د