"هەڵمەتی هێزە عێراقییەكان تەنیا بوونی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان دەسەلمینێنن"

:: PM:10:56:24/06/2020 ‌

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاشكرای كرد كە هەڵمەتی سەربازی هێزە عێراقییەكان، تەنیا بوونی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان ئاشكرا دەكات، دووپاتی كردەوە، بێ فڕۆكەی هاوپەیمانان، هێزە عێراقییەكان توانای وەشاندنی گورزی گەورەیان لە تیرۆریستان نییە.
هیچ چەكدارانی داعش نەگیراوە
 جەواد محەمەد، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی دوبزی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، لە هەڵمەتی سەربازی هێزەكانی عێراق، جگە لە دەستگرتن بەسەر چەك و تەقەمەنی و كەلوپەلی تیرۆریستانی داعش، چەكدارانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە نەگیراون.

زیاتر گوتی، تیرۆیستانی داعش بەهۆكاری شارەزاییان لە ناوچەكە، توانای خۆدەربازكردنیان هەیە و شوێنەكانیان دەگۆڕن، بۆیە دۆزینەوەی چەك تەقەمەنی و كەلوپەلی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان، بەتایبەت لە سنووری خورماتوو و دوبز، بەڵگەیە كە داعش لە ئەنجامی لاوازیی هێزە عێراقییەكان لەم ناوچانە خۆی رێكخستووەتەوە.

 لای خۆیەوە لویس خزر، قایمقامی شارۆكەی داقووق، بە "وشە"ی راگەیاند، هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان هەمیشە ئامانجەكانیان دەپێكن، بۆیە دوای بۆردمانكردنی داعش لەلایەن هاوپەیمانانەوە، ناوچەكانی نزیك لە كردنەئامانجی تیرۆریستان، بۆ ماوەیەك ئارامی بەخۆیانەوە دەبینن .

شایەنی باسە ماوەی چەند رۆژێكە هێزە عێراقییەكان لە سنووری ناوچە كوردستانییەكان، هەڵمەتی بەناو "پاڵەوانان"یان دژ بە داعش دەست پێ كردووە، تەنیا لە سنووری مەخموور نەبێ، 12 چەكداری داعش كوژراون، ئەویش لەلایەن فرۆكەی هاوپەیمانانەوە بووە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل