بەڵگەی هەواڵگری: ئیخوان دەستکردی هیتلەر بووە بۆ دژایەتیی جوو

:: PM:05:21:24/05/2021 ‌
بەشی یەکەم

رژێمی نازی بۆ پەرەپێدانی  رق بەرانبەر جووەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆڵێکی کاریگەری هەبوو و رادیۆیەکیان لەو ناوچانە دامەزراندبوو کە ماوەی شەش ساڵ بە شێوەی بەرنامە بۆ داڕێژراوە بە زمانەکانی عەرەبی، تورکی و فارسی وەشانی دەکرد و بەپێی بەڵگەنامە هەواڵگرییەکان، ئیخوان دروستکراوی نازییە بۆ دژایەتیکردنی جووەکان.
پێشتر وڵاتانی ئیسلامی ئاشناییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ ئەو هزرە نەبوو

پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین جارێکی تر شەپۆلێکی دژە ئیسڕائیلی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێ خست. ئەوە تەنیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبوو، بەڵکوو لە هەندێک لە شارەکانی ئەوروپایش کۆمەڵێک خۆپێشاندان بۆ پاڵپشتی لە فەلەستین بەڕێوەچوون کە دروشمیان لە دژی ئیسڕائیل بڵاو دەکردەوە کە لە ناویاندا دروشمگەلێک دەبیستران کە راستەوخۆ دژایەتی و نەفرەت بوون لە دژی جوولەکە. میدیا و چاودێرانی سیاسیی ئەوروپا پێیان وایە ئەو دروشمانە پێشینەیەکی کۆنیان هەیە و پێوەستن بەو رەوەندانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتوونەتە ئەوروپا.

لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل، وڵاتانی ئیسلامی زیاتر دژی ئەو دەوڵەتە هەڵوێستیان وەرگرتووە و هۆلۆکۆستیان رەت کردووەتەوە یان بە جۆرێک لە جۆران هەوڵیان داوە مێژووی ئەو تاوانە بشێوێنن و بە ئاشکرا یان لە ژێرەوە داوای لەناوچوونی ئیسڕائیلیان کردووە، لە ماوەی چەند دەیەی رابردوو، دوژمنایەتیکردنی ئیسڕائیل بووەتە بەشێک لە سیاسەتی دەرەوەی زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی و ئەو سیاسەتە وەک نەریتێکی لێهاتووە، لەو پێوەندییەدا کۆماری ئیسلامی ئێران بووە بە سووری بەر لەشکر. بەڵام ئاخۆ بۆ دۆزینەوەی ریشەکانی ئەو دیاردەیە دەبێ تەنیا لەناو پرسی فەلەستین دا بگەڕێین یاخود کۆمەڵێک هۆکاری تر لە پشت ئەو بابەتەوە خۆیان حەشار داوە؟
دیاردەی "دژە جوو" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست میراتی نازییەکانە

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا ناوچەیەکی دەرەوەی ئەوروپایە کە پێشینەی "ناسیۆنال سۆسیالیست"ی هەیە و تەنانەت ئێستەیش هەندێک لە وڵاتان بە شانازییەوە باسی لێ دەکەن، بیری"دژە جوو" یەک لە دەرکەوتەکانی ئایدیۆلۆژیای نازیسم بوو و ئەگەر دوای شەڕی جیهانی دووەم و دامەزرانی دەوڵەتی ئیسڕائیل، ئەو دیاردەیە بە سیاسەتی سەرەکی وڵاتانی ئیسلامی بزانین، دەبێ ئەوەش بزانین کە نازییەکان لە پەرەپێدانی بیری "دژە جوو" لەناو ئەو وڵاتانە دا رۆڵێکی کاریگەریان بینیوە. واتا پاڵپشتی نازییەکان بۆ ئیسلامییەکان پێشینەیەکی کۆنی هەیە و بەشێکی گرنگ لە سەرهەڵدانی دیاردەی "دژە جوو" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرهەمی هەناردەکراوی ئەڵمانیای ئەوکات و میراتی نازییەکانە.

ئاژانسی هەواڵی دویچەڤێلەی ئەڵمانی راپۆرتێکی شیکاری لەبارەی رۆڵی نازییەکان لە چاندنی تۆوی دژە جوو لەناو وڵاتانی ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو کردووەتەوە و بە وردی باسی لە پێوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیای نازی و رەوت و وڵاتە ئیسلامییەکان کردووە.

پاڵپشتی ئەڵمانیای نازی لە ئیخوانەکان
دوای گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی ئەڵمانیا لەلایەن نازییەکانەوە، هەوڵەکانیان بۆ بڵاوەپێکردنی بیری دژە جوو لە وڵاتانی تریش دەستی پێ کرد و دوای ماوەیەک وڵاتانی ئیسلامیش بوون بە گۆڕەپانێک بۆ پڕوپاگەندەی ئەو بیرە، پڕوپاگەندە لە دژی جووەکان لەلایەن نازییەکانەوە کە بنەمایەکی هزری و رەگەزپەرستی و بایۆلۆجیانەی لەپشت بوو، لە سەرەتا دا برەوێکی ئەوتۆی نەبوو، لەبەر ئەوەی وڵاتانی ئیسلامی ئاشناییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ ئەو هزرە نەبوو.
ئیخوان موسلیمینی لە دەیەی سی سەدەی رابردوو لەلایەن نازییەکانەوە پاڵپشتی دارایی و ئایدیۆلۆجی دەکرا

بەڵام نازییەکان پرسی مشتومڕییەکانی جوولەکەیان لە ساڵەکانی سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلام دا لەناو کۆمەڵێک سەرچاوە و دەقی کۆنی ئیسلامی دا دۆزییەوە و ئەوەش رێگەی بۆ پەرەپێدانی بیری دژە جوولەکە لە وڵاتانی ئیسلامی بۆ خۆش کردن. لەڕاستی دا رق بوغزە ئاینییەکان لەناو دەق و سەرچاوە ئیسلامییەکان بەرانبەر دینی جوولەکە بەردەست بوون و لەلایەن نازییەکانەوە تێکهەڵکێشی "ئەنتی سمیتیزمی مۆدێرنی ئەوروپا" کرا و لە قاڵبێکی نوێ دا بەرەو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەوانە کرا.

تا ئەو کات لە وڵاتانی ئیسلامی کەس بیری لەوە نەدەکردەوە کە جووەکان دەیانەوێ دنیا داگیر بکەن، لە روانگەی مێژوویی مسوڵمانانەوە، هەر لە بنەڕەتەوە جوو بە هێزێکی ئەوتۆ هەژمار نەکراوە و هەرگیز وەک دژبەرێکی ئەوتۆی خۆیان نەزانیوە، تێڕوانینێکی لەو شێوەیە بەرانبەر جووەکان، بۆ یەکەمجار لەلایەن ئاینی مەسیحەوە سەری هەڵدا و ئەو ئەفسانەیەی دروست کرد کە جووەکان تا ئەو رادەیە بەهێز بوون کە توانیان تەنانەت عیسا مەسیح لە خاچ بدەن، لە راستی دا ئەوە مەسیحییەکان بوون جووەکانیان وەک "هێزێکی رەش" هێما کرد و ئەفسانەی پیلانی جیهانیی جوولەکەیان ئاوێتەی تانوپۆی ئاینی مەسیحی کرد.

"ئەنتی سمیتیزمی ئەوروپی" لە سەدەی 19یەم سوودی لەو تێڕوانینە دژە جووە بینی کە لەناو ئاینی مەسیحی دا دروست بووبوو و لەگەڵ تێپەربوونی کات کردی بە ئایدیۆلۆجیایەکی نیمچە زانستی رەگەزپەرستانە کە تیایدا جووەکان ئیتر نەک بەهۆی ئاینەکەیانەوە، بەڵکو بە هۆکاری رەگەزیی و ئەتنیکی و کۆمەڵایەتی، وەک "هێزێکی دزێو" کرابوون بە بەرپرسیار لە سەرجەم پیسی و ناپاکییەکانی دنیا. ئەو ئایدیۆلۆجییە یەک لە کۆڵەکەکانی دنیابینی نازییەکان بوو و کرا بە سەرمایەیەکی بەهێز بۆ پروپاگەندەکردنێکی پلان بۆ داڕێژراو لە دژی جووەکان.
حەسەن بەنا بەڵێنی دا لەگەڵ هێرشی سوپای نازی بۆ سەر مسرفەرمانی جیهاد دەردەکات

پڕوپاگەندەی نازییەکان دژی جوولەکە لەو روانگەیەوە سەرنجی ئیسلامییەکانی بەلای خۆی دا راکێشا کە لە نێوان هەردوو شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانی، ژمارەیەکی زۆر لە جووەکان بە ناچاری بەرەو فەلەستین کۆچیان کرد. ئەفسانەکانی وەک "جووی نێودەوڵەتی" و "داگیرکردنی دنیا لەلایەن جووەکان" کە دواتر لە وڵاتانی ئیسلامیش برەویان پەیدا کرد، سەرجەمیان هەڵقوڵاوی ئەدەبیات و پڕوپاگەندەکانی رژێمی نازی بوون کە ئێستەیش بزاوە ئیسلامییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیڵێنەوە.

رێکخستنەکانی ئیخوان موسلیمینی مسر کە دایکی هەموو هێزە ئیسلامخوازەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە دەیەی سی سەدەی بیستەم لەلایەن نازییەکانەوە پاڵپشتی دارایی و ئایدیۆلۆجی دەکرا. بە شێوەیەک کە ئیخوان لەدوای شەڕی دووەمی جیهانییەوە بوو بە گەورەترین رێکخراوی دژە جوو لەناو وڵاتانی ئیسلامی. نازییەکان بەر لە شەڕی دووەمی جیهانی پاڵپشتی خۆیان لە حەسەن بەنا، دامەزرێنەری ئیخوان، راگەیاند و لە رێی رێکخراوی هەواڵگری ئەڵمانیا لە قاهیرە هاوکاری داراییان دەکرد. لە مێژووی نازییەکان دا هیچ گروپێکی دژە بەریتانی هێندەی ئیخوانییەکان لەلایەن نازییەوە پاڵپشتی لێ نەکراوە.

ساڵی 1938 ئیخوانەکان خۆپێشاندانێکی توندوتیژانەیان لە میسر بەڕێخست و تیایدا داوای دەرکردنی جووەکانیان لەو وڵاتە کرد، لە کۆنفڕانسێک دا کە هەمان ساڵ هێزە ئیسلامییەکان بۆ فەلەستین پێکیان هێنا، وەرگێڕانی کتێبی "جەنگی من" لە نووسینی ئادۆڵف هیتلەر و کتێبی "گرێبەستی سەرکردەکانی زایۆنیزم" کە بەڵگەنامەیەکی ساختە بوو بۆ دژایەتیکردنی جووەکان، بە عەرەبی لەو کۆنفرانسە دا بەسەر بەسداربووان دا بڵاو کرایەوە، دوای ئەو کۆنفرانسە بە پاڵپشتی نازییەکان و رێکخراوی ئیخوان، رێکخستنی "پوگرۆم" بۆ دژایەتی یەهوود لە مسر دامەزرا.

کاتێک ئارڤین رۆمڵی، فەرماندەی نازییەکان لە باکووری ئەفریقاوە خۆی ئامادە دەکرد هێرش بکاتە سەر مسر، دوو سیخوڕی ئەڵمانیای نازی بە ناوەکانی ئیپلەر و مۆنکاستەر کە شارەزاییەکی باشیان لە زمانی عەرەبی هەبوو، رەوانەی قاهیرە کران، یەک لە ئەرکەکانیان پێوەندی کردن بوو بە ئیخوان موسلیمین  و چاویان بە حەسەن بەنا کەوت. لەو دیدارە دا حەسەن بەنا بە سیخوڕەکانی گوت، لەگەڵ هێرشی سوپای نازی بۆ سەر مسر، ئەویش فەرمانی جیهاد بۆ لایەنگرانی دەردەکات.

موفتی باڵا لە خزمەتی "ئێس ئێس"
محەمەدئەمین حوسێنی خۆی بە موفتی باڵای ئورشەلیم دەزانی و یەک لە رێبەرانی بزووتنەوەی عەرەبەکان بوولە دژی کۆچی جووەکان بۆ فەلەستین. حوسێنی لە ساڵی 1937ەوە هاوکاری نازییەکانی دەکرد و بە تەواوەتی چووبووە خزمەت پڕوپاگەندەکانیانەوە و پاڵپشتی لە راوەدونان و کوشتنی جووەکان دەکرد. جارنامەیەکی 31 لاپەڕەیی لەبارەی "ئیسلام و جوو" نووسیبوو کە نازییەکان بە ناوی "بانگەوازی موفتی باڵا" بۆسەر چەندان زمانی تر وەریانگێڕابوویەوە. لەو جاڕنامەیە دا کۆمەڵێک ئایەتی قورئان کە پێوەست بوون بە دژایەتی جوولەکە، تێکهەڵکێشی بیری دژە جووی نازییەکان کرابوو. حوسێنی ساڵی 1941 بەرەو ئەڵمانیا رای کرد و تا کۆتایی شەڕ لەو وڵاتە مایەوە. لەو ماوەیە دا هیتلەر جارێک بانگهێشتی کرد و لەسەر ئەوە رێک کەوتن کە نازییەکان 700 هەزار جوولەکەی دانیشتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا بگرن.

تۆماری کۆبوونەوەکە تا ئێستەیش لە ئەرشیڤی نیشتیمانی ئەڵمانیا بەردەستە و تیایدا محەمەدئەمین حوسێنی دەڵێ، سەرجەم وڵاتانی عەرەبی ستایسی پێشەوا "هیتلەر" دەکەن و عەرەبەکان دۆستی ئەڵمانیان، لەبەر ئەوەی دوژمنی هاوبەشی وەک جووەکان و بەریتانییەکان و کۆمۆنیستەکانیان هەیە. حوسێنی دوای ئەو دیدارەی لە بیرەوەرییەکانی دا نووسیویەتی، پێشەوا پێداگرە جووەکان لەناو ببات و سوورە لەسەر ئەوەی ناسیۆنال سۆسیالیتەکان و عەرەب بۆ لەناوبردنی جووەکان شەڕێکی هاوبەش دەست پێ دەکەن.

رژێمی نازی لە پڕوپاگەندەکانی دا حوسێنی وەک نوێنەری فەلەستینییەکان و سەرجەم دنیای عەرەبی ناو دەبرد، دوای دیدارەکەی لەگەڵ هیتلەر، محەمەدئەمین حوسێنی بۆ بڵاوکردنەوەی بیر و بۆچوونەکانی، مانگانە 75 هەزار مارک رایشی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا وەردەگرت، دواتر لە دادگای نۆرنبێرگ ئاشکرا بوو کە ئەو مووچەیە لە ساڵی 1943 تا کۆتایی شەڕ گەیشتە مانگانە 90 هەزار مارک. رژێمی نازی بۆ چالاکییەکانی حوسێنی خانوویەکی گەورەی لە بەرلین دیاری کردبوو کە موڵکی جوولەکەیەکی ئەڵمانی بوو و لەلایەن رژێمی نازییەوە داگیر کرابوو.

حوسێنی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیخوڕی بۆ نازییەکان دەنایەوە و ئەو زانیارییانەی لەلایەن سیخوڕەکانەوە کۆ دەکرایەوە، دەیخستە بەردەست دەزگەی هەواڵگری نازی، حوسێنی بوونی مسوڵمانانی لەناو سوپای نازی بە ئەرکێکی شەرعی ناو دەبرد و وانەی ئایدیۆلۆجیای بە ئەمیرەکانی بەرەی شەڕ دەگوتەوە، ساڵی 1943 ئەڵمانیا رەوانەی بەلکانی کرد بۆ ئەوەی هێزی سەربازی لەناو مسوڵمانەکانی ئەو ناوچەیە کۆ بکاتەوە، بەتایبەتی لەناو مسوڵمانەکانی بوسنیا هێزێکی چریکی بۆ دەزگای هەواڵگری ئێس ئێس کە بە لقی سێزدە ناوی دەرکردبوو، دروست کرد، ئەو هێزە بەهۆی کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی سیربیا بە هێزێکی رەش ناوی دەرکردبوو.

یەکە سەربازییە مسوڵمانەکانی نازی کە زۆربەیان لە بوسنیا و تاتارەکان و کریمە و مسوڵمانانی قەوقاز پێک هاتبوون، هەم لە سوپای ئەڵمانیا و هەم لە باڵی سەربازی ئێس ئێس لە سەرجەم بەرەکان دا شەڕیان دەکرد. لە کاتی گەرمبوونی شەڕەکە، ژمارەی سەربازە مسوڵمانەکان لە سوپای نازی دا گەیشتە 250 هەزار کەس. نازییەکان رێیان پێ دابوون لە بەرەکانی شەڕ دا رێوڕەسمە ئاینییەکانیشیان بەڕێوە ببەن و ئەو خۆراکانەیان پێ دەدرا کە لە ئیسلام دا حەڵاڵ کراون.

سەرجەم وتار و فەتواکانی موفتی ئورشەلیم لەڕێی رادیۆ، لەناو زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی دا پەخش دەکرایەوە کە وەک باسکێکی بەهێزی لێ هاتبوو بۆ برەودان بە بیری دژە جوو. حوسێنی لە بەرنامە رادیۆییەکانی مسوڵمانانی بۆ لەناوبردنی جووەکان بانگهێشت دەکرد. دوای شکستی ئەڵمانیای نازی بەرەو مسر هەڵات و لەوێ هەوڵی دا حکوومەت رازی بکات مافی پەنابەرێتی بەو ئەندامانەی ئێس ئێس بدات کە توانیویانە لە ئەڵمانیا هەڵبێن.

لەوانەیە زۆربەی خەڵک نەزانێت کە رێکخراوی حەماس کە لە ساڵی 1987 وەک لقی فەلەستینی رێکخراوی ئیخوان دامەزرا، ئێستە هەمان ئەو سیاسەتانە پێڕەو دەکات کە سەردەمێک موفتی باڵای ئورشەلیم پێڕەوی دەکردن. لە جاڕنامەی حەماس دا ئاماژە بە بەڵگە ساختەکەی "رێککەوتنی سەرکردە جووەکان" دراوە و جوو وەک هێزی شەڕ لە دنیا ناسێنراوە. حەماس جیهاد لە دژی ئیسڕائیل وەک ئەڵقەیەک لەو زنجیرە دەزانێت کە هەرگیز ناتوانێ لە بیری دژە جوولەکەی محەمەدئەمین حوسێنی جیا بکرێتەوە.



وشە - هیدایه‌ت جان