بایدن سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ بڕیاری كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكای له ئه‌فغانستان ده‌ركرد و تا ئێسته نزیك به نیوه‌ی هێزه‌كانیان له‌و وڵاته كشاندووه‌ته‌وه، ئه‌و بڕیاره له‌لایه‌ن زۆربه‌ی هاوپه‌یمانانی ئه‌مه‌ریكا له ناتۆ و حكوومه‌تی ئه‌فغانستان، رووبه‌ڕووی ره‌خنه بووه‌ته‌وه و چاودێرانی سیاسیش پێیان وایه، بایدن هه‌مان ئه‌و هه‌ڵه‌یه دووباره ده‌كاته‌وه كه 2011 ئۆباما له عێراق كردی.
عێراق بوو به ده‌روازه‌یه‌كی په‌ڕینه‌وه‌ی میلیشیا ئێرانییه‌كان بۆ سووریا
ساڵی 2001 دوای رووداوی 11ی سێپتێمبه‌ر، به فه‌رمانی جۆرج بوش، ئه‌مه‌ریكا هێرشی كرده سه‌ر ئه‌فغانستان و حكوومه‌تی تالیبانی رووخاند، به‌ڵام ئه‌و وڵاته بوو به زه‌لكاوێك بۆ ئه‌وه‌ی تا ئێسته‌یش نه‌توانێ خۆی لێ ده‌رباز بكات و دوای 20 ساڵ به‌بێ هیچ ئه‌نجامێكی سیاسیی دیاریكراو، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بڕیاری كشانه‌وه‌ی له‌و وڵاته ده‌ركرد.
هه‌رچه‌ند له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی دۆناڵد تره‌مپ، رێككه‌وتنی نێوان ئه‌مه‌ریكا و تالیبان ئه‌نجام درا و به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه، تالیبان هێزی چه‌كداری خۆی په‌ك ده‌خست و به‌شداری ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌فغانستانی ده‌كرد، له به‌رانبه‌ریشدا ئه‌مه‌ریكا هێزه‌كانی له‌و وڵاته ده‌كشانده‌وه و حكوومه‌تی ئه‌فغانستانیش زیاد له پێنج هه‌زار گیراوی ئه‌و گرووپه‌ی له گرتووخانه‌كان ئازاد ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و رێككه‌وتنه بێ ئه‌نجام مایه‌وه.
جۆ بایدن له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی، زۆربه‌ی ئه‌و بڕیارانه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه كه له سه‌رده‌می تره‌مپدا ده‌رچووبوون، به‌ڵام له‌باره‌ی ئه‌فغانستانه‌وه بێ ئه‌وه‌ی دانوستانه‌كانی له‌گه‌ڵ تالیبان بگه‌یه‌نێته ئه‌نجام، بڕیاری كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكای له ئه‌فغانستان ده‌ركرد.
فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا "سه‌ندكام" رای گه‌یاندووه، نزیكه‌ی 44٪ی هێزه‌كانیان له ئه‌فغانستان كشاندووه‌ته‌وه و شه‌ش بنكه‌ی سه‌ربازیش راده‌ستی حكوومه‌ت كراونه‌ته‌وه. ئه‌و دامه‌زراوه‌یه بڵاوی كردووه‌ته‌وه، له‌دوای بڕیاره‌كه‌ی جۆ بایدن، وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا له رێی 300 فڕۆكه‌ی C17 سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكای له ئه‌فغانستان كشاندووه‌ته‌وه.
وه‌ك ناوه‌ندی فه‌رمانده‌یی ئه‌مه‌ریكا روونی ده‌كاته‌وه، زیاتر له 130 هه‌زار پارچه ئامێر و لۆجه‌ستیكی سه‌ربازیی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا راده‌ستی به‌رپرسانی سوپای ئه‌فغانستان كراوه، شه‌ش بنكه‌ی سه‌ربازیش كه پێشتر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایان تێدا بووه، چۆڵ كراون و راده‌ستی كابول كراونه‌ته‌وه.
هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌ریكا به فه‌رمانی بایدن هێزه‌كانی له ئه‌فغانستان ده‌كشێنێته‌وه، به‌ڵام واشنتن رای گه‌یاندووه، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پاڵپشتی سه‌ربازی و ته‌ناهی حكوومه‌تی كابول ده‌كه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی حكوومه‌ته بۆ دابینكردنی ته‌ناهی و به‌رگری له هاووڵاتییان تێده‌كۆشێ.
دوای بڕیاره‌كه‌ی بایدن، هاوپه‌یمانانیش له ناتۆ بڕیاریان دا هێزه‌كانیان له‌و وڵاته بكشێننه‌وه، له راگه‌یه‌نراوێكدا بڕیاره‌كه‌ی بایدنیان به هه‌ڵه ناو برد و رایان گه‌یاند، به ناچاری ئێمه‌ش تا 11ی سێپتێمبه‌ری 2021 له ئه‌فغانستان ده‌كشێنینه‌وه.
چاودێرانی سیاسی ئه‌و بڕیاره‌ی بایدنیان به دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان هه‌ڵه ده‌زانن كه باراك ئۆباما له ساڵی 2011 له عێراق ده‌ریكرد، به بڕیاری ئۆباما زۆرینه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق كشانه‌وه و ئه‌و وڵاته بوو به ناوچه‌یه‌كی ئازاد بۆ میلیشیاكانی ئێران و لێیه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ر زۆربه‌ی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی عێراقدا گرت.
بایدن له دۆخێك‌دا ئه‌فغانستان جێ ده‌هێڵێت كه رۆژانه تالیبان هێرش ده‌كاته سه‌ر داوده‌زگا حكوومییه‌كان و له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی به‌شێك له‌و هێزانه، به پاڵپشتی ئێران ده‌ستی كردووه به هێرشكردنه سه‌ر شوێنه مه‌ده‌نییه‌كان، ته‌قینه‌وه له قوتابخانه و زانكۆكان ئه‌نجام ده‌دات و رۆژنامه‌نووس و ئه‌و ئه‌فغانییانه‌ی رۆژێك له رۆژان هاوكاری ئه‌مه‌ریكایان كردووه، تیرۆر ده‌كات.
ئاژانسی بی بی سی نووسیویه‌تی، ئه‌و بڕیاره‌ی بایدن درێژه‌دانه به هه‌مان ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی ئۆباما له عێراق كردی و هێزه‌كانی له سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی عێراق كشانده‌وه، گرووپه میلیشیاكانی سه‌ربه سوپای پاسداران، توانیان له‌و وڵاته خۆیان رێك بخه‌نه‌وه و له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی داعش، له‌ژێر ناوی حه‌شدی شه‌عبی بوون به به‌شێك له سوپای نیمچه‌فه‌رمی عێراق و ده‌ستیان به‌سه‌ر زۆربه‌ی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی عێراقدا گرت.
وه‌ك بی بی سی ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، ئه‌مه‌ریكا هه‌موو ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌ی له عێراق خستبوویه كار، بێ به‌رانبه‌ر بۆ ئێران جێهێشت و ئه‌وه‌ش بووه هۆی زیاتر ته‌شه‌نه‌كردنی گرووپه توندئاژۆكان، عێراق بوو به ده‌روازه‌یه‌كی په‌ڕینه‌وه‌ی میلیشیا ئێرانییه‌كان بۆ ناو خاكی سووریا، ئێسته‌یش دنیا شایه‌تی دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆیه‌كی هاوشێوه‌یه له ئه‌فغانستان.