داوای كردنەوەی ژمارەی حیساب بۆ مووچە پاشەكەوتكراوەكان دەكرێ‌

:: AM:11:33:05/10/2021 ‌
لە ساڵوەگەڕی جیهانی مامۆستایان، سەرۆكی یەكێتیـی مامۆستایان ڕای دەگەیەنێت، بڕیاردان لەبارەی چارەنووسی مووچە پاشكەوتكراوەكان، هەنگاوێكی گرنگ دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم پێنجی تشرینی یەكەم، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ كە ڕۆژی جیهانی مامۆستایانە، داواكارین بڕیار لە چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ بدرێ‌ و چارەنووسیان یەكلا بكرێتەوە لە نێوان گرێبەستی هەمیشەیی یان دامەزراندن.

زیاتر گوتی، یەكێك لە داواكارییەكانی تری یەكێتیی مامۆستایان لەم قۆناغەدا، كردنەوەی ژمارەی حیسابی بانكییە كە تێیدا پارە بڕاوەكان و نەدراوەكانی تێدا جێگیر بكرێت، بتوانرێ بۆ چەند بوارێكی كاروباری حكوومی سوودی لێ وەربگیرێت.

داواكارین پێدانی سەر مووچە جارێكی تر دەست پێ‌ بكاتەوە
ڕوونی كردەوە، ئێستە كێشەی مامۆستایانیش ڕاوەستانی سەر مووچەیە، داواكارین پێدانی سەر مووچە جارێكی تر دەست پێ‌ بكاتەوە كە لە ساڵی 2015وە ڕاگیراوە.

باسی لەوەش كرد، كێشەیەكی تری مامۆستایان بریتییە لە یەكەی نیشتەجێبوون و زەوی، داواكارین حكوومەت یان زەوی بەسەر مامۆستایان دابەش بكات، یان پڕۆژەكانی مامۆستایان دەست پێ‌ بكاتەوە.

لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی 200 هەزار مامۆستا هەن لە كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا خزمەت دەكەن.



وشە - رامیار جەواد