هیچ كەسێك سكاڵای لەسەر كلیپەكەی هەڵكەوت زاهیر و هونەرمەندەكانی نییە

:: AM:11:58:28/10/2021 ‌
دوای بڵاوبوونەوەی كلیپێكی نوێ‌ بەناوی "مامۆستا و قوتابی"، ناڕەزایەتییەكی زۆر لە سۆشیال میدیا دروست بوو و بەشێك لە مامۆستایان داوای ڕاگرتنی ئەو گۆرانییەیان دەكرد، وەزارەتی ڕۆشنبیریش ڕای دەگەیەنێت، هیچ لایەنێك تا ئێستە سكاڵای تۆمار نەكردووە.

دوای بڵاوبوونەوەی كلیپە نوێیەكەی هەڵكەوت زاهیر كە بۆ هەشت گۆرانیبێژی دەوروبەری ئەنجامی داوە، ناڕەزایەتییەكی زۆر دروست بوو، لەلایەن هونەرمەندانەوە بە خراپ بۆ سەر پەروەردە هەژمار كرا، بەڵام تا ئێستە كەس سكاڵای تۆمار نەكردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 28ـی تشرینی یەكەم، نامیق هەورامی گوتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تا ئێستە هیچ لایەنێك و كەسێك نەهاتووە سكاڵا تۆمار بكات لەسەر ئەو بەرهەمەی باس دەكرێت.

زیاتر گوتی، وەزارەتی ڕۆشنبیری هەر سكاڵایەكی پێ‌ بگات، ئەوا بەدواداچوونی بۆ دەكات و دەرئەنجامەكەشی بڵاو دەكاتەوە.

بەپێی نووسراوێكی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە و تێیدا هاتووە، ماوەی چەند ڕۆژێكە كلیپێك بڵاو كراوەتەوە و تێیدا هاتووە، كلیپێك بڵاو كراوەتەوە وشەكانی باس لە پێوەندیی نێوان قوتابی و مامۆستا دەكات بەشێوەیەكی ناپەروەردەیی.

ڕوون كراوەتەوە، ئەو كلیپە كاریگەریی خراپی هەیە لەڕووی پەروەردەییەوە، كارەكە لە ڕووی هونەریشەوە لاوازە، بۆیە داواكارین لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و ڕۆشنبیری ڕێكاری یاسایی بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەو كلیپە.





وشە - رامیار جەواد