چوار لایەنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هاوپەیمانییەكیان پێكهێنا

:: AM:09:16:07/01/2022 ‌
چوار لایەنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هاوپەیمانییەكان ڕاگەیاند، بڕیاریشە لە دو ڕۆژی داهاتوو بە ئامادەبوونی لایەنە سیاسییەكان و بەرپرسەكان لەڕێی ئۆنلاین بە ڕەسمی و بە بەشداریی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كورد و بیانی و میدیاكار و ڕۆژنامەنووسان كۆنفڕانسی ڕۆژنامەنووسی و راگەیاندنی هاوپەیمانی بەڕێوە بچێ.

ئەمڕۆ هەینی خەوتی كانوونی دووەم، لە ڕاگەیەنراوی چوار لایەنی سیاسی ڕۆژهەڵاتی كوردستان برتین لە ڕێكخراوی یارسانیی یاری كورد، یەكێتیی شۆڕشگێڕانی كوردستان، تەڤگەری ڕزگاریخوازانەی دیموكراتیی كوردستان و بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی كوردستان هاتووە، هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی كوردستان وەك  زەروورەت و پێویستیەكی سیاسی و مێژوویی پێكهات.

باس لەوەش كراوە، پاش دوو مانگ كۆبوونەوەی هێز و لایەنە سەربەخۆخوازەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و نووسینەوە و داڕشتنی دەستوور و بەرنامە و پێڕەوی هاوپەیمانی، توانرا هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی كوردستان HSK پێك بێ و بڕیارە لە نۆی كانوونی دووەمی ئەمساڵ ناوەندی ئەو هاوپەیمانییە بە شێوەی ئۆنلاین بە ڕەسمی و بە بەشداریی حزب و لایەنە سیاسیەكانی كورد و بیانی و هەروەها بە بەشداریی ڕۆژنامەنووسان كۆنفڕانسی ڕۆژنامەنووسی و راگەیاندنی هاوپەیمانی بەڕێوە بچێ.

ئەو چوار لایەنە بڕیاری داوە، كاری هاوبەش سیاسی،نیزامی، ئەمنیەتی  و میدیایی، بەیان و گوتاری هاوبەش ، پێوەندی و لۆبیگەریی هاوبەش و كار بۆ پڕۆژەی هاوبەش بكەن.

بڕیارە پاش پێكهێنانی هاوپەیمانی لە لایەن ئەندامانی ئەو چوار لایەنە لە ڕێی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە 17 كەس وەك ئەندامی ڕێبەریی گشتی هەڵبژێردرێن، دواتر لە كۆبوونەوەی ڕێبەریی گشتی دا پێنج كەس وەك دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردران كە بریتین لە، ڕۆستەم ئەڵماسی، مێهران میرزایی، عەلی فەزڵی، جەمال پووركەریم و سەردار وەلەدبەیگی پاشان لە لایەن دەستەی سەرۆكایەتییەوە بە كۆی دەنگ جەماڵ پووركەریم وەك سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ ماوەی یەك ساڵ هەڵبژێردرا.





وشە - رامیار جەواد