میلیشیاكان و دۆخی ئابووری بازرگانی بە مرۆڤیان لە عێراق زیاد كردووە

:: PM:07:32:26/01/2022 ‌


عێراق سەرەڕای ئەوەی یەكێكە لە وڵاتە دەوڵەمەندەكان و رۆژانە چەند ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات و نرخی نەوتیش لە بەرزبوونەوەدایە، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و بوونی میلیشیاكان كە كۆنترۆلی تەواوی كایەكانی ژیانیانیان كردووە، بەدەست دەیان تەنگژەوە دەناڵێنێت، لەوانەیش بازرگانیكردن بە مرۆڤ، راپۆرتێكی ئەمەریكی باسی هەڵكشانی دیاردەكە و هۆكارەكان دەكات.

لە راپۆرتێكی پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی نزیكدا هاتووە، ناسەقامگیریی ئابووری و چالاكی میلیشیاكان بوونەتە هۆی هەڵكشانی رێژەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ، راپۆرتەكە دەڵێت، لە 27ی تشرینی دووەمی 2021، دانیشتووانی گەڕەكێكی هەژارنشینی بەغدا بە هەواڵی دۆزینەوەی لاشەی گەنجێكی بەتاڵكراو لە ئەندامەكانی ناوەوەی لەشی لەناو زبڵدانێك بەخەبەر هاتن، كە چەند مانگێك بوو دیار نەما بوو، ئەوەیش یەكەم تاوان نەبوو لە شاری سەدری بەغدا ئەنجام درابێت، بێگومان دوایین تاوانیش نابێت.
عێراق بە كەمترین ئاستی پێوەرەكانی نەهێشتنی بازرگانیكردن بە مرۆڤ پابەند نەبووە
زیاتر گوتی، لە 2003ەوە بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە عێراق بە شێوەی جیاجیا بڵاو بووەتەوە، لەوانە بەكارهێنانی منداڵ و ناچاركردنی لەشفرۆشی و بردنی ئەندامەكانی لەش و بازرگانكردن پێیانەوە، لە بەرانبەر بە زیادبوونی ئەو تاوانانەیش پەرلەمانی عێراق لە 2021 یاسای ژمارە 28ی دەركرد، تیایدا پێناسەی بازرگانیكردنی بە مرۆڤ كرد بەوەی بریتییە لە سوودوەرگرتن و بەكارهێنانی كەسەكانە بە زەبری هێز و هەڕەشەكردن، یان ناچاركردنیان بۆ ئەنجامدانی كارێك یان رفاندن و تەڵەكەبازی و فێڵكردن و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و بازرگانیكردن بە كەسەكان لە رێگەی لەشفرۆشی و دەستدرێژی سێكسی و كاری بێ بەرانبەر، هەروەها بەكۆیلەكردن و سواڵ و بردنی ئەندامانی لەش و تاقیكردنەوەی پزیشكی و هیتریش.

لە راپۆرتێك لە 2020 وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە حكوومەتی عێراق پابەند نەبووە بە كەمترین ئاستی پێوەرەكانی نەهێشتنی بازرگانیكردن بە مرۆڤ، بەڵام هەوڵیشی داوە، لەو بارەوە روانگەی عێراقی بۆ بازرگانیكردن بە مرۆڤ دووپاتی كردەوە كە منداڵانی خوار 16 ساڵ دوو لەسەر سێی قوربانیانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ پێك دێنن، لە راپۆرتی روانگەكە كە لە تشرینی دووەمی رابردوو دەرچووە، 13 حاڵەتی بازرگانیكردن لە پارێزگاكانی بەغدا و بەسرە تۆمار كراون، جیا لە بوونی سێ تۆڕی بازرگانیكردن لە بەغدا ئەوان قوربانیانیان لە رێگەی حیسابی وەهمی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە راكێشاوە.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل