یەكەمین سەرۆكی ئۆكراینای سەربەخۆ كۆچی دوایی كرد

:: AM:10:40:11/05/2022 ‌
یەكەمین سەرۆكی ئۆكراینای سەربەخۆ كە لە ساڵانی نەوەتەكاندا سەرۆكایەتیی ئەو وڵاتەی بەدەستەوە گرت. دوێنێ لە تەمەنی 88 ساڵی كۆچی دوایی كرد.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، كیێڤ پایەتەختی ئۆكراینا رای گەیاندووە، لیۆنید كراڤچۆك كە یەكەمین سەرۆكی ئۆكراینای سەربەخۆ بوو لە دوای رووخانی یەكێتیی سۆڤییەت. دوێنێ لە تەمەنی 88 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، لە كاتێكدا ئێستە وڵاتەكەی لە ژێر هەڕەشەی رووسیادایە و جەنگی بەسەردا سەپاوە.

سەرۆكی شارەوانیی كیێڤ ڤیتالی كلیچكۆ لەڕێی تیلیگرامەوە بڵاوی كردووەتەوە، مردنی لیۆنید كراڤچۆك بۆ ئۆكراینا زیانێكی زۆر گەورەیە. ئەو پیاوەی رۆڵی گەورەی هەبوو لە دامەزراندنی ئۆكراینای نوێ و سەربەخۆ.

ئەوەشی نووسیوە كە لیۆنید كراڤچۆك بە پیاوێكی نەترس ناسراوە، لە دوای رووخانی یەكێتیی سۆڤییەت لە قۆناغی نەوەتەكاندا رۆڵی زۆری بینی لە بەڕێوەبردنی ئۆكراینای سەربەخۆ. لە كاتی سەرۆكایەتیی ئەودا، پەرلەمانی ئەو وڵاتە یاسای سەربەخۆیی ئۆكراینای دەركرد و راگەیاند.

دواتر ئەوەشی نووسیوە كە تا ئەوكاتەی كۆچی دوایی كرد، بە دڵسۆزی بۆ وڵاتەكەی مایەوە و بە پسپۆری و زانیارییەكانی خزمەتی وڵاتەكەی دەكرد. رۆڵی هەبوو بەوەی ژیانێكی خۆشگوزەران لە ئۆكراینا دەستەبەر بكرێت و لەوەیشدا سەركەوتنی بەدەست هێنا.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د