نرخی مریشك هەرزان دەبێتەوە؟

:: PM:09:55:18/05/2022 ‌

ماوەی چەند رۆژێكە نرخی مریشك لە بازاڕەكاندا بەرز بووەتەوە، ئەمەیش هاووڵاتییانی نیگەران كردووە، لایەنە پێوەندیدارەكان باس لەوە دەكەن كە ئەو نرخەی ئێستە هەیە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی كەرەستەی كێڵگە پەلەوەرییەكانە و رەنگە نرخەكەی داببەزێت، بەڵام جارێكی تر نرخی مریشك ناگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەی كیلۆی بۆ خوار دوو هەزار دینار بوو، چونكە خاوەن كێڵگەكان زیان دەكەن.

دوای ئەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا بەرز بووەوە، كەلوپەل و پێویستییەكانی كێڵگە پەلەوەرییەكان گران بوو، بەتایبەتی عەلەف و جووجكە و غاز، ئەمەیش وای كرد نرخی مریشك زیاتر لەسەر خاوەن كێڵگەكان بكەوێت لەوەی كە لە رابردوودا هەبوو، بۆیە ئێستە نرخی مریشك گران بووە و لە كێڵگەكانەوە جارێكی تر مریشك بە نرخی هەرزان ناكەوێتە بازاڕەوە.

سۆران غەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستە دۆخەكە گۆڕاوە و وەك ساڵانی رابردوو نییە، پێشتر نرخی مریشك هێندە هەرزان دەبوو، هەندێك جار كیلۆی بۆ 1250 دینار دادەبەزی، خاوەن كێڵگەكان بەردەوام لە زیاندا بوون و زیانێكی زۆریان دەكرد، بەڵام ئێستە هەموو شتێك گران بووە و وەك رابردوو نەماوە، ئەوەی نرخ بێت گران بووە بەتایبەت عەلەف و جووجك و غاز، كە بە پلەی یەكەم خاوەن كێڵگەكان بەكاری دێنن.

روونی كردەوە، بەهۆی گرانبوونی ئەو پێویستییانە، نرخی مریشك ئێستە بۆ یەك كیلۆ زیاتر لە دوو هەزار و 500 دینار لەسەر خاوەن كێڵگەكان دەكەوێت، بۆیە جارێكی تر نرخی مریشك بۆ خوار 2500 دینار دانابەزێت و بەردەوام لە سەرووی ئەو نرخەوە دەبێت كە لەسەر خاوەن كێڵگەكان دەكەوێت، بۆیە نرخی مریشك دوو هەزار بە خۆیەوە نابینێت.

"ئێستە لە سلێمانی نرخی كیلۆی مریشك لە خوار چوار هەزار دینارەوەیە، ئەو نرخەیش هەمیشەیی نییە بەردەوام بەوەندە بێت، دەكرێ كیلۆی بۆ سێ هەزار دینار دابەزێت، بەڵام بەردەوام لە سەرووی نرخی خاوەن كێڵگەكان دەبێت كە لەسەریانە، تۆنی عەلەف 200 دۆلار گران بووە، جووجك گران بووە، غاز لە 325 هەزار دینارەوە بۆ 550 هەزار دینار گران بووە، بۆیە ئەوانیش تا زیان نەكەن جارێكی تر نرخی مریشك زۆر دانابەزێنن وەك ئەوەی رابردوو هەبوو، بەڵام بەردەوامیش بە چوار هەزار دینار نابێت و دادەبەزێت"، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی وای گوت.

لای خۆیەوە مزەفەر سابیر، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوە راست نییە نرخی مریشك بۆ هەمیشە دیاری كرابێت، ئێستە لە هەولێر یەك كیلۆی بە 3500 دینارە، ئەم نرخە دیاریكراو نییە و تەنیا پێوەندی بە خواست و خستنەڕووەوە هەیە، ئەو نرخە كەمێكی تر دادەبەزێت، بەڵام ئەوكاتەی كە یەك كیلۆ بۆ دوو هەزار دینار دادەبەزی، ئێستە ئەوە نەماوە.

زیاتر گوتی، هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشك ئەوەیە كە شتەكان گران بوون، خاوەن كێڵگەكانیش وەك رابردوو نرخی بەرهەمهێنانی مریشكیان لەسەر زیاد بوو، ئەمە هۆكاری ئەوە بوو نرخی مریشك بەرز بێتەوە و چیتر نەگەڕێتەوە سەر ئەو نرخە هەرزانەی كە زۆرجار بۆ دوو هەزار دینار دادەبەزی، بەڵام بەردەوامیش لە 3500 دینار نابێت.

هەر لەو بارەوە بیلال سەعید، مریشك فرۆش لە شاری سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، چەند رۆژێكە نرخی مریشك لە سلێمانی گران بووە و لە هۆڵەكان بە 3500 دینار بەدەست ئێمە دەگات، ئێمەیش بە نرخێكی كەم قازانج دەیفرۆشینەوە بە هاووڵاتییان، ئەو نرخەی ئێستە دیاریكراو نییە بڵێین هەر ئاوا دەمێنێتەوە و دادەبەزێت، بەڵام ئەوكاتانەی كە زۆر دادەبەزی ئەوە نامێنێت.

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەزار كێڵگەی پەلەوەر هەیە و ژمارەی هۆڵەكانی بەرهەمهێنانی مریشك نزیك لە هەزار و 500 هۆڵە، هاوكات بەرهەمی ساڵانە سەتان هەزار تۆن گۆشتی مریشك دەبێت و بەشێك لەو بەرهەمە بۆ شارەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەڕوات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل