چی روو ده‌دات ئه‌گه‌ر ته‌واوی رۆژه‌كه‌ كاتژمێرت له‌ ده‌ست بێ؟

:: PM:03:51:16/06/2022 ‌

له‌ ده‌ستكردنی كاتژمێر به‌ ته‌واوی رۆژ له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ زیان بۆ جومگه‌ی ده‌ست، بۆیه‌ پزیشكان هۆشداریی ده‌ده‌ن ئه‌گه‌ر تۆ یه‌كێكی له‌و كه‌سانه‌ی كاتژمێر به‌رده‌وام له‌ ده‌ستدایه‌، خوویه‌كی خراپه‌ و پێویسته‌ ته‌ركی بكه‌ی.

له‌مباره‌یه‌وه‌ شاره‌زایان رایان گه‌یاندووه‌ ئه‌م هۆكارانه‌ واده‌كه‌ن له‌ ده‌ستكردنی كاتژمێر به‌ ته‌واوی رۆژ زیانی هه‌یه‌:

باشتر وایە کاتژمێر بە تەواوی رۆژ لە دەست نەکەیت

یه‌كه‌م: له‌وانه‌یه‌ هه‌ست به‌ ئازاری مه‌چه‌ك بكه‌یت: ئه‌گه‌ر هه‌رگیز كاتژمێره‌كه‌ت دانانێی، ئه‌وا پاڵه‌په‌ستۆی به‌رده‌وامی ده‌ماره‌كانی مه‌چه‌ك له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی هه‌ستكردن به‌ ئازار، ئه‌گه‌ر كاتژمێره‌كه‌ت زۆر گه‌وره‌ و قورس بێت و زۆر توند له‌ ده‌ستی بكه‌یت، ئه‌مه‌ له‌ كۆتادا ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆی تێكچوونی ده‌ماره‌كان، ئه‌گه‌ر هه‌ستت به‌ هه‌ر سڕبوونێك یان زه‌قبوونه‌وه‌یه‌ك كرد له‌ مه‌چه‌كتدا، هه‌وڵ بده‌ قایشی كاتژمێره‌كه‌ت ڕێكبخه‌یت و شل بكه‌یته‌وه‌ یان پشوویه‌ك بده‌ به‌ خۆت له‌ به‌ستنی كاتژمێره‌كه‌ت.

دووه‌م: له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی نه‌خۆشیی تونێلی ده‌ست: ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بیت له‌ پشتگوێخستنی ئه‌و ناڕه‌حه‌تییه‌ی كه‌ به‌هۆی له‌ ده‌ستكردنی به‌رده‌وامی كاتژمێره‌كه‌ته‌وه‌ دروست ده‌بێت، له‌وانه‌یه‌ له‌ كۆتادا ببێته‌ هۆی ده‌رئه‌نجامێكی ته‌واو ناخۆش، وه‌ك نه‌خۆشیی تونێلی ده‌ست، ئه‌م حاڵه‌ته‌ به‌هۆی پاڵه‌په‌ستۆی به‌رده‌وامی ده‌ماره‌كانه‌وه‌ دروست ده‌بێت و ده‌توانێت وات لێ بكات هه‌ست به‌ ئازار و لاوازی به‌رده‌وام بكه‌یت له‌ ده‌ستتدا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر چیتر كاتژمێره‌كه‌ت له‌ ده‌ست نه‌كه‌یت.

سێیه‌م: له‌وانه‌یه‌ هه‌ست به‌ نیشانه‌ بكه‌یت له‌سه‌ر مه‌چه‌كت: هه‌رچه‌نده‌ پێویسته‌ زنجیر یان قایشی كاتژمێره‌كه‌ت به‌ توندی جێی ببێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مه‌چه‌كت نه‌خلیسكێت، به‌ڵام نابێت فشار بخاته‌ سه‌ر پێستت و هیچ جێپه‌نجه‌یه‌كی خوران به‌جێبهێڵێت. نیشانه‌ سووكه‌كان له‌سه‌ر پێستت كه‌ زۆر به‌ خێرایی نامێنن هیچ كێشه‌یه‌ك دروست ناكه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تێبینیی نیشانه‌ سووره‌كانت كرد كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر پێستت ده‌مێننه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ نیشانه‌یه‌ك بێت كه‌ كاتژمێره‌كه‌ت زۆر توند له‌ ده‌ست ده‌كه‌یت. ئه‌گه‌ر قایشی كاتژمێره‌كه‌ت شل نه‌كه‌یته‌وه‌ یان چانسی هه‌ناسه‌دان به‌ پێستت نه‌ده‌یت، له‌وانه‌یه‌ له‌ درێژخایه‌ندا ببێته‌ هۆی خوران و په‌ڵه‌.

چواره‌م: له‌وانه‌یه‌ گرژبوونی ماسولكه‌كانت به‌هۆیه‌وه‌ دروست بێت: ئه‌گه‌ر كاتژمێره‌كه‌ت 24 سه‌عات له‌ ده‌ست بكه‌یت، ئه‌وا پاڵه‌په‌ستۆی به‌رده‌وام له‌ قایشه‌كه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ سوڕی خوێن سنووردار بكات و ببێته‌ هۆی بێهێزی. كه‌می ڕۆیشتنی خوێن، له‌ به‌رانبه‌ردا ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆی گرژبوونی ماسولكه‌كان به‌ ئازار و ته‌نانه‌ت كاریگه‌ری له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی كاركردنت له‌ كاره‌كه‌تدا هه‌بێت.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان