بازەكە لەسەر سەری كازمی دەنیشێتەوە؟

:: PM:05:55:18/06/2022 ‌

تا ئێستە مەبەستی سەدر لە راگەیاندنی كشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی روون نییە، بە مانایەكی تر هەمووان چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی ئەون بۆ نانی هەنگاوی داهاتوویان، لەو كاتەی سەدر دەرگەی بە رووی هەمووان داخستووە، ئەو بێدەنگییەی بووەتە كارتێكی گوشاری گەورەتر و خەریكە وا دەكات چوارچێوەی هاوئاهەنگی لێی تێبگەن و بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی یان بێ دەنگبوونی سەدر، مستەفا كازمی بكەنەوە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، كە رەنگە هەر ئەوەیش مەبەستی سەدر بێت.

دوای قبووڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر، پەرلەمان چووەتە پشووی وەرزی خۆی كە مانگێكە، بۆیە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن چاوەڕوانی نووسراوی پەرلەمان دەكات بۆ رەوانەكردنی نووسراوێك داوایان لێ بكات لیستی ناوی دۆڕاوەكانی بۆ ئامادە بكات بۆ شوێنگرتنەوەی پەرلەمانتارانی سەدر، كەچی كۆمسیۆن دەڵێت لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەواوی ناو و ژمارەی دەنگی كاندیدە براوە و دۆڕاوەكانی هەڵبژاردنی 2021یان بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان رەوانە كردووە.
پێكهێنانی حكوومەت لەلایەن مالیكی وەك راگەیاندنی دۆڕاندنی سیاسی سەدرە
ئێستە سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە وریاییەوە هەنگاو دەنێن، بەنیازن لە ماوەی ئەم هەفتەدا بە سێ ئاراستە جموجۆڵ بكەن، بە ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ دیاریكردنی شوێنگرەوەی پەرلەمانتارانی سەدر و دیاریكردنی دانیشتنی سوێندخواردنیان، بەوەیش ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان تەواو دەبێت و چوارچێوەیش دەبێتە زۆرینە، لەلایەكی تر بەرەو پارتی و سیادە هەنگاو دەنێن، بۆ رازیكردنیان بە هاتنە ناو حكوومەتەكەیان، سێیەمیش بە ئاراستەی رەوتی سەدر، كە ئەوە زەحمەتترینیانە و رێخۆشكەر یان رێبەستی دوو جموجۆڵەكەی تریان دەكات، بۆیە ئەگەر سەدر گڵۆپی سەوزی بۆ پێكردن، داخرانە سیاسییەكە دەبێتەوە، بەڵام سەدر چی دەوێت؟

چاودێران دەڵێن لە ماوەی رابردوو و ئێستەیش، سەدر ئەوەی سەلماند كە سەرەداوی یارییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی بەدەستەوەیە، ئێستەیش بەتەواوەتی لە پرۆسەی سیاسی نەكشاوەتەوە و ئەگەری گەڕانەوەی هەیە، ئەو تا ئێستە كارتە بەهێزەكەی بەدەستەوەیە كە هەمووان لێی دەترسن، ئەوەیش ورووژاندنی شەقام و دووبارەكردنەوەی سیناریۆی 2019یە، بۆیە میلیشیا و حزبە شیەعەكان سووتاندنی بارەگاكانیان باش لەبیر ماوە.

بەر لە ماوەیەك رەوتی سەدر و هاوپەیمانی سێ قۆڵی سەرەڕای ناڕەزایەتی چوارچێوە، یاسای ئاسایشی خۆراكیان تێپەڕاند، كە شوێنگرەوەی بودجەی 2022ە، هەر لەو كاتەوە سەدرییەكان پاڵپشتیان لە مانەوەی حكوومەتی مستەفا كازمی كردووە و دەیكەن، كشانەوەی جەعفەر سەدری ئامۆزای موقتەدایش، باتشترین بەڵگەیە بەوەی دۆخەكە بەگوێرەی پلانەكانی سەدر بەڕێوە دەچێت و مانەوەی كازمیش لە چوارچێوەی ئەو پلانانەیە، چونكە ئەوەی بەڕەكەی لە ژێر پێی میلیشیاكانی ئێران راكێشا و سەدرییەكانی كردە پێشەنگ لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق كازمی بووە.   

لە دوای كشانەوەی سەدر لە كێبەركێیەكە، ئاماژەكان بۆ نووری مالیكین بۆ پێكهێنانی حكوومەت، كە ئێران پاڵپشتییەكەی گەورەی دەكات، بەڵام سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاوێكیان لەسەر موقتەدا سەدرە و چاوەكەیتریان لەسەر شەقام، ئەوان ترسیان لە دیاریكردنی نووری مالیكی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق هەیە، هاوكات نوێكردنەوەی ماوەیەكی تری سەرۆك وەزیران بۆ مستەفا كازمی، رەنگە گونجاوترین چارەسەری بێت، چونكە سەدر پاڵپشتیی دەكات و لە ماوەی رابردوویش هاوسەنگی لە نێوان هێزە سیاسییەكان پاراستووە. 

پێنجشەمی رابردوو بۆ یەكەمجار مستەفا كازمی بەشداری لە كۆبوونەوەی سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كرد، لەو كۆبوونەوەیە نووری مالیكی و هادی عامری و قەیس خەزعەلی و فالح فەیاز ئامادە بوون، لە بەشێكی باسەكانی تاوتوێ كران، پێكهاتنی حكوومەتی نوێی عێراق بووە، بۆیە چاودێران دەڵێن نوێكردنەوەی بۆ كازمی چارەسەرێكی ناوەندە بۆ كردنەوەی گرێ كوێرەی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق. 

ئێستە لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوو ئاراستە هەیە، یەكەمیان نووری مالیكی و قەیس خزعەلی سەركردایەتی دەكەن و داوای پێكهێنانی حكوومەتێك لەگەڵ سەدر بە مەرجی ئەوان یان بێ سەدر دەكەن، ئەگەری زۆریشە نووری مالیكی كاندیدی سەرۆكی ئەو حكوومەتە بێت، ئاراستەی دووەم هادی عامرییە، كە بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە دەكات و پێی باشترە دەبێت پێش هەر هەنگاوێك حسێب بۆ سەدر بكرێت و پاڵپشتی وەربگیرێت، چونكە دەتوانی شەقام بجووڵێنێت و هەر حكوومەتێك بڕووخێنێت، بۆیە پێ وایە باشترین بژارە نوێكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی وەزیرانە بۆ مستەفا كازمی. 

سەرانی سیاسی شیعە پێیان وایە كە سەدر بە هەنگاوی دوایی دهۆڵی شەڕی كوتی، بڕیارەكەی هەمووانی شۆك كرد، تا ئێستەیش نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ بابەتەكەدا بكەن، چونكە كەس پێشبینی ئەوەی نەدەكرد، بەرپرسێكی حكوومەتی دەڵێت، رەوتی سەدر لە پشت پەسندكردنی یاسای ئاسایشی خۆراك بوو، بۆیە دوای كشانەوەیان پرسیاری ئەوە بكرێت مەبەستی سەدرییەكان چی بوو؟، سیاسەتوانێكی شیعەی نزیك لە چوارچێوە دەڵێت، كەس ناتوانێت مەبەستی راستەقینەی سەدر دیاری بكات، ئاخۆ دوای ئەو هەموو ساڵە بەراست دەیەوێ پاشەكشە لە پرۆسەی سیاسیدا بكات، یان تەنیا پەنا بۆ شەقام و چەكی ناڕەزایەتیی دەبات، ئاخۆ لە بڕیارەكەی پاشگەز دەبێتەوە، یان بەردەوام دەبێت؟، كەس نازانێت، پێشم وایە پەرلەمانتارانی سەدر خۆیشیان نازانن مەبەستی دەستلەكاركێشانەوەیان چی بوو؟

چاودێران پێیان وایە سەدر ملیۆنان لایەنگری لە شەقام هەیە و چەندان هەزار چەكداریشی هەیە، جیا لە بودجەیەكی دارایی گەورە، بۆیە بەئاسانی فەرامۆش ناكرێت، پێكهێنانی حكوومەت دوور لە سەدر ئاسان نییە و ململانێیەكی چەكداری شیعە دروست دەكات، نووری مالیكی كاندیدێكی بەهێزی چوارچێوەیە بۆ سەرۆكایەتی حكوومەت، بەڵام سەدر بەوە رازی نابێت، چونكە ئەو هەنگاوە وەك راگەیاندنی دۆڕاندنی سیاسییە بۆ سەدر، بۆیە ئەگەر مالیكی حكوومەت پێكبێنێت، راگەیاندنی شەڕی ناوخۆیی شیعەیە، ئێستەیش گونجاوترین شوێنگرەوەی مالیكی مستەفا كازمییە، كە لە گفتوگۆكانی چوارچێوە لە رۆژانی داهاتوو لەگەڵ كورد و سوننە باسی ئەو بابەتە دەكرێت.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل