پزیشكێك لەبارەی سكچوون و رشانەوەوە رێنوێنی بۆ هاووڵاتییان بڵاو دەكاتەوە

:: PM:02:19:19/06/2022 ‌
د. یاداشت ساڵح كە پزیشكی پایەبڵندی بواری هەناوە، لەبارەی ئەو نەخۆشییەی سكچوون و رشانەوە بەتایبەتی لە سلێمانی بە فراوانی بڵاو بووەتەوە، لە چەندان خاڵدا رێنوێنی بۆ هاووڵاتییان بلاوكراوەیەك بڵاو دەكاتەوە كە سەجەمیان پێوەستن بۆ خۆپارێزی و زانیاری لەبارەی نەخۆشییەكەوە.

ئەو پزیشكە دەڵێ، چەند ڕۆژێكە پەتای سكچوون و ڕشانەوە بەڕێژەیكی بەرچاو لە شارەكەمان سلێمانی بڵاو بووەتەوە، بەجۆرێك فشارێكی ئێجگار زۆر لەسەر دەرمانخانە، پزیشك و ستافی تەندروستی دروست بووە. ئەگەر بەو شێوە بەردەوام بێت، ڕەنگە ڕووبەڕووی كورتهێنانی توانای مرۆیی و جێی پێویست ببینەوە. تەنیا دوێنێ لە ماوەی ۱٥ سەعاتدا، ۲۹٥ نەخۆشم لەگەڵ هاوپیشەكەم لە فریاكەوتنی پێشوازی شەهید د. هێمن بینیوە كە ژمارەیەكی زۆرە.

ئەم پەتایە كە گومانی زۆر دەكرێت كۆلێرا بێت، بەگشتی لەڕێی خواردن و خواردنەوەی پیسبووەوە دەگوازرێتەوە. بۆ ئەوەی شارەكەمان و هاووڵاتییانمان هاوكارمان بن و هەم خۆشیان دووربن لەم پەتا بڵاوە، پێویستە ئەم ڕێنوێنییە تەندروستییانە پێڕەو بكەن:

۱- لەم ماوەیەدا خواردنی دەرەوە، خۆراكی سەردانەپۆشراو بەكار مەهێنە. تا دەتوانیت ژەمی نانخواردنت با لە ماڵەوە بێت.

2- پێش نانخواردن و پاش چوونە توالێت، بە ئاو و سابوون بۆ ماوەی ۲۰ چركە دەستەكانت بشۆ.

3- دوور بكەرەوە لە بەكارهێنانی ئاوی بەلووعە، بەڵكو ئاوی ئامەدەكراو یاخۆ كوڵهاتە بەكار بێنە بۆ خواردنەوە، ئامادەكردنی خواردن، ددان شووشتن و قاپ شووشتن.

4- تا دەتوانیت لەم كاتەدا خواردنی دەریایی وەك ماسی مەخۆ، ئەو خواردنانەشی لە ماڵەوە ئامادەی دەكەیت وەك گۆشت، بەشێوەیەكی باش با بكوڵێنرێن و بەگەرمی بخورێن.

5- بۆ ماوەیەكی كاتی خۆت لە مەلەوانیكردن لەناو مەلەوانگە و چەمەكان بپارێزە.

6- لە كاتی سكچوون و ڕشانەوە گیراوەی Rice_based ORS بەكار بهێنە، هەر كیسێك بخەرە ناو لیترێك ئاوی كوڵهاتەوە و لەدوای هەموو سكچوونێك، پەرداخێكی لێ بخۆرەوە تا قەرەبووی ئەو كانزا و ڤیتامینانەت بۆ بكاتەوە كە لێت ڕۆیشتووە.

7- ئەگەر گیراوەی ORS بەردەست نەبوو، دەتوانیت نیو كەوچكی چا (خوێ) لەگەڵ شەش كەوچكی چا (شەكر) بخەیتە ناو لیترێك ئاوی كوڵهاتەوە و گیراوەیەكی لێ دروست بكەیت. لە پاش هەر سكچوون و ڕشانەوەیەك پەرداخێكی لێ بخۆرەوە.

8- ئەگەر سكچوون و ڕشانەوەكەت لە ڕادەبەر بوو، بەجۆرێك توانای خواردن و خواردنەوەت نەما و تەواو شەكەت بوویت، باشترە لە ماوەی ۲٤ سەعاتدا سەردانی فریاكەوتنی شەهید د. هێمن بكەیت بەمەبەستی ئەنجامدانی ژووان لەگەڵ پزیشكی تایبەتمەند. 


وشە - وشه‌