گرتنی دەرهێنەرێك كە دەستدرێژیی سێكسیی كردووەتە سەر كچێك

:: PM:01:27:20/06/2022 ‌
دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرێكی كەنەدی لەلایەن پۆلیسی ئیتاڵیاوە گیراوە، تۆمەتی ئەوەی لەسەرە كە دەستدرێژیی سێكسیی كردووەتە سەر كچێكی بیانی. ئاژانسەكانی هەواڵیی ئیتاڵیا بڵاویان كردووەتەوە.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ دووشەم 20ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، ئاژانسەكانی "ئەنسا" و "ئەجی"ی ئیتاڵی لەسەر زاری دادوەری گشتی بریندیزی بڵاویان كردووەتەوە، بەرهەمهێنەر و دەرهێنەری كەنەدی بۆڵ هاگیس، لە باشووری ئیتاڵیا هاتە گرتن، تۆمەتی ئەوەی لەسەرە كە دەستدرێژیی سێكسیی كردووەتە سەر كچێكی بیانی كە سكاڵای لەسەر تۆمار كردووە.

لەوبارەیەوە هاگیس بۆ میدیاكان لەسەر زاری پارێزەرەكەی میكیلی لۆڤۆرجیا گوتوویەتی، ئەوەی باس دەكرێ هیچ بنەمایەكی راستیی نییە، داواكرم بەزووترین كات لێكۆڵینەوە بكەن، چونمە من لە بنچینەوە بێ تاوانم.

بڕیار بوو هاگیس /69 ساڵ/ كە نووسەر و دەرهێنەری فیلمی "كراش"ـە، ئەو فیلمە تا ئێستە چەند جارێك خەڵاتی ئۆسكاری وەرگرتووە، دەبوو لە فێستیڤاڵی "ئەلورا ڤێست"ی سینەمایی لە شاری ئۆستونی ئیتاڵیا ئامادە بێت، بڕیارە ئەو فێستیڤاڵە سبەی دەست پێ بكات.

داواكاری گشتیی لەوبارەیەوە گوتوویەتی، قوربانییەكە كە مەبەست لێی كچەكەیە، بەرلەوەی فێستیڤاڵەكە دەست پێ بكات و چەند رۆژێك پێشتر، لەگەڵ بۆڵهاگیس بووە.

زیاتر روونی كردووەتەوە كە بەپێی سكاڵای كچەكە، هاگیس كە ماوەیەكە پێوەندیی لەگەڵ ئەو كچە هەبووە، بە زۆر دەستدرێژیی سێكسیی كردووەتە سەر، بۆیە پشكنینیان بۆ كردووە و چارەسەریشی وەرگرتووە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د