له ساڵی 1952 جۆن كیج گه‌وره موزیكژه‌نی ئه‌مه‌ریكی له كۆنسێرتێكی گه‌وره هاته سه‌ر شانه و له‌سه‌ر كورسی به‌رده‌م پیانۆكه‌ی دانیشت و ده‌فته‌ری نۆته‌كانی كرده‌وه و هه‌مووان چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد كه پارچه‌یه‌ك موزیكی ناوازه بژه‌نێت، به‌ڵام ئه‌و ته‌خته‌كلیلی پیانۆكه‌ی داخست و پێوانه‌ی ژماره‌ی كاتی كرد و بۆ ماوه‌ی چوار خوله‌ك و 33 چركه به بێده‌نگی مایه‌وه و هه‌موو ئاماده‌بووانیش بێده‌نگ و ماتبوون، ئه‌مه وه‌ك پارچه‌یه‌ك موزیك به ناوی چوار و 33 تۆماركرا و له‌وێوه جۆن سه‌رنجی هه‌مووانی بۆ گوێگرتن له بێده‌نگی ڕ‌اكێشا، كه له ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كانیش ده‌ركه‌وتووه، كه بێده‌نگی و مانه‌وه له شوێنێكی ته‌واو بێده‌نگ سوودی گه‌وره به جه‌سته و ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی بڕواپێكراو سووده زۆره‌كانی بێده‌نگیان سه‌لماندووه، به‌ڵام بێده‌نگی چانس و به‌ختێكی باشی نییه، چونكه زۆرینه‌ی ڕه‌های مرۆڤایه‌تیی به‌رده‌وام له جموجۆڵ و ژاوه‌ژاو و ده‌نگه‌ده‌نگدان و له‌و بڕوایه‌دان كه خۆشبه‌ختی و شادی له بوونی ده‌نگی به‌رده‌وامدایه، زۆر كه‌م و ده‌گمه‌نیشن ئه‌وانه‌ی له ده‌نگی بێده‌نگی ده‌گه‌ن و به‌دوای نوا و په‌ناگه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێن، تا له دوای ڕۆژێكی جه‌نجاڵ و پڕ له ژاوه ژاو چێژ له ده‌نگی بێده‌نگی وه‌ربگرن.
له ساڵی 2013 تیمێكی
توێژه‌ران به ڕێكه‌وت سیحر و سوودی بێده‌نگیان له‌سه‌ر مێشكی مرۆڤ دۆزییه‌وه، كاتێك توێژینه‌وه‌یان له‌باره‌ی كاریگه‌ری موزیك و ده‌نگه جۆراوجۆره‌كان له‌سه‌ر ده‌ماغ و مێشكی مرۆڤ ده‌كرد، ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه له گۆڤاری فرۆنێرز ئن هیومان نیرۆساینس بڵاوكرایه‌وه و تێیدا دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه بێده‌نگی پانتاییه‌كی گه‌وره له مێشك دروست ده‌كات، تا به جۆرێك له جۆره‌كان پشوو بدات و دواتر به شێوازێكی زۆر چالاكتر و زیندووتر ئه‌و پانتاییه فره‌وانه چالاك ده‌بێته‌وه، كه ئه‌مه‌یش وا ده‌كات مرۆڤ بیرۆكه‌ی جوانتر و مه‌زنتر و داهێنانی گه‌وره‌تری بێته هزره‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌و ڕێگه‌یه‌وه مرۆڤ ده‌توانێ سه‌ركه‌وتووتر بێ و به پشوودانێكی كورت به به‌شێكی زۆری مێشكی و دووباره به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ده‌توانێ به‌سه‌ر زۆربه‌ی كێشه‌كان زاڵ بێ، چونكه ده‌توانێ زیاتر توانای مێشكی به‌كاربخات و بیخاته خزمه‌تی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌و كێشه و گرفته یان ئه‌و ئامانج و هیوایه‌ی كه ده‌یخوازێت و به‌دوایه‌وه وێل و سه‌رگه‌ردانه.
ئه‌زموونكردنی گوێگرتن له بێده‌نگی زانایان به چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی مێشك له جه‌سته و دواتر گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نێو كه‌لـله‌ی سه‌ر ناوی ده‌به‌ن، واته پرۆسه‌یه‌كی زۆر چێژبه‌خش و سوودبه‌خشه و له ڕووی ده‌روونی و رووحییه‌وه ئارامییه‌كی گه‌وره به مرۆڤ ده‌به‌خشێت.
له كاتی بێده‌نگی مێشكی مرۆڤ دووباره خۆی ڕێك ده‌خاته‌وه
له كاتی بێده‌نگی مێشكی مرۆڤ دووباره خۆی ڕێك ده‌خاته‌وه و وزه‌ی پێویست بۆ كاركردنی به چالاكانه كۆ ده‌كاته‌وه، له كاتێكدا به‌ر له‌وه‌ی مرۆڤ بچێته نێو شوێنێكی ته‌واو بێده‌نگه‌وه، به‌شێكی مێشكی به شتی لۆكالی و بێ بایه‌خه‌وه سه‌رقاڵن و وزه‌ی زۆری پێوه خه‌رج ده‌كه‌ن، كه له سوود و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ون و ئامانجه‌كانی مرۆڤه‌كه‌دا نییه و بگره خه‌یاڵ و وه‌همێكن كه زۆرجار له ئه‌نجامی گرژی و گرفته ده‌روونییه‌كانه‌وه گیرۆده‌ی ده‌بین.
له‌م دواییانه‌یش توێژینه‌وه‌یه‌كی تر له كۆلێژی پزیشكی زانكۆی جۆرجیای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام درا و تێیدا ئه‌وه سه‌لمێنراوه، كه له كاتی بێده‌نگی مێشك ئه‌و زانیارییانه‌ی وه‌ریگرتووه به‌شێوه‌ی ورد وه‌ریان ده‌گرێ و جێگیریان ده‌كات و ئه‌رشیڤیان ده‌كات، جیا له‌وه‌یش ده‌ماره‌خانه‌كان پێوه‌ندی نێوانیان باشتر و چڕتر ده‌بێته‌وه، بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و ده‌ركردنی ئه‌و فه‌رمانه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی زانیارییه هه‌ڵگیراوه‌كانی نێو یادگه‌ی مرۆڤ و به‌كارهێنانیان له‌و بواره‌ی كه پێویستمان پێیه‌تی. له‌ته‌ك ئه‌مانه‌یش بێده‌نگی وا ده‌كات كه ڕێژه‌یه‌كی زۆرتری ئۆكسجین به مێشكی مرۆڤ بگات و سووڕی خوێن به ته‌واوی چالاك بكات، كه ئه‌مه‌یش یه‌كێكه له گرفته‌كان، چونكه نه‌گه‌یشتنی ئۆكسجینی پێویست به بڕێكی زۆرباشه‌وه، وا ده‌كات توانای كاركردنی مێشكی مرۆڤ كه‌متر ببێته‌وه.
به پشتبه‌ستن به‌و هۆكارانه‌وه زانایان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه مانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ ماوه‌ی دوو خوله‌ك به‌بێده‌نگی له شوێنێكی ئارام سوود و قازانجی زیاتر له گوێگرتنی سه‌عاتێك له موزیكی هێمن و ئارامكه‌ره‌وه كه هه‌مووان ئاڵووده‌ی بووین، له‌لایه‌كی تره‌وه‌یش بێده‌نگی له‌ناوبه‌ری ئه‌و زیانانه كه به‌هۆی ژاوه‌ژاوه‌وه تووشی مێشك و ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌بێت. له ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی هاتووه، كه به‌هۆی زۆری ده‌نگه ده‌نگ و ژاوه‌ژاو ساڵانه له ئه‌وروپا زیاتر له سێ هه‌زار كه‌س تووشی مه‌رگ و گیانله‌ده‌ستدان ده‌بنه‌وه، چونكه زیانه‌كانی ژاوه ژاو یه‌كجار زۆرن و ده‌بنه هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی كۆرتیزۆل و شه‌كر له خوێن و به‌رزبوونه‌وه‌ی فشاری خوێن، كه هه‌موو ئه‌وانه‌یش ده‌بن به سه‌رچاوه‌ی تووشبوون به چه‌ندان نه‌خۆشی كه دیارترینیشیان نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و جه‌ڵته‌ی دڵه كه سه‌ره‌نجام مه‌رگی مرۆڤیان لێ ده‌كه‌وێته‌وه.