گەرما چۆن كار دەكاتە سەر تەندروستی دڵ؟

:: PM:11:46:21/06/2022 ‌

تازە وەرزی هاوین دەست پێ دەكات و بەهۆی گۆڕانكاریی كەشوهەوا لە دنیادا چاوەڕوان دەكرێت هاوینی ئەمساڵ جیاواز و سەخت بێت، كۆمەڵەی دڵ لە ئەمەریكا وریایی لە كاریگەری مەترسیداری گەرمای بەرز بۆ سەر دڵی مرۆڤ دەدات.

كۆمەڵەكە ئەوەی روون كردەوە كە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و ئەو وشكبوونەوەی بەو هۆیەوە دروست دەبێت، دڵ ناچار دەكەن ئەركی زیاتر بكێشێت و ماندووتر بێت، بۆ ساردكردنەوەی خۆی لە رێگەی پاڵنانی خوێنی زیاتر و ئاراستەكردنی لە ئەندامەكانی لەشەوە بۆ ژێر پێست.
چاوەڕوانی مەبە تا هەست بە تێنوێتی بكەیت، پێش چوونە دەرەوە و لە كاتی بوونت لە دەرەوە و كە هاتیتەوە ماڵ ئاو بخۆوە
كۆمەڵەكە دووپاتی كردەوە كە تێكڕای مەترسیی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لای بەتەمەنداچووان و ئەوانەی بەدەست پەستانی بەرزی خوێن و قەڵەویەوە دەناڵێنن، یان ئەوانەی تۆماری خێزانیان لە نەخۆشی دڵ و سەكتەی مێشك هەیە زیاترە، بۆیەیش گۆڕانكاریی پلەی گەرما لە هاوین لە هەندێك وڵات، ئەگەری تووشبوون بە سەكتەی مێشك زیاتر دەكات.

د. دۆناڵد لوید جۆنز، سەرۆكی كۆمەڵەكە دەڵێت، ئەگەر تەمەنت لە سەرووی 50 ساڵە یان كەسێكی قەڵەویت، گرنكە خۆت لە پلەكانی بەرزی گەرما بپارێزیت، واتە پێویستە رێگری لە دروستبوونی گوشار لەسەر دڵت كەم بكەیتەوە، ئەگەر دەرمانت هەیە بیخۆیت، پێویستە لەگەڵ پزیشكەكەت راوێژ بكەیت لە هاوین چۆنی بخۆیت.

ئەو پزیشكە دەڵێت گرنگە خۆت بە شێداری بێڵیتەوە، چونكە لە وەرزی گەرما ئاسانە تووشی وشكبوونەوە ببیت، تەنانەت ئەگەر هەست بە تێنوێتیش نەكەیت، بۆیە پێش چوونە دەرەوە و لە كاتی بوونت لە دەرەوە و كە هاتییەوە ماڵیش ئاو بخۆوە و چاوەڕوانی ئەوە مەبە تا هەست بە تێنوێتی بكەیت، بۆ دڵنیابوونەوەیش كە ئاوی پێویست لە لەشت هەیە سەیری رەنگی میزەكەت بكە كە نابێت تیر یان كاڵ بێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل