فەتوایەكی سەیر.. ئەگەر پیاوان بە گوێی ژنەكانیان نەكەن چییە؟

د. مەبرووك عەتییە بانگخوازی ناوداری میسڕ
:: PM:05:16:22/06/2022 ‌
بەهۆی فتوا سەیرەكانی دژی ژنان لە میسڕ چەندان هشتاگ بەرانبەر دادگایی و ڕاگرتنی لە كاری ئاینی بۆ د.مەبرووك عەتییە دەرچووە، لەگەڵ ئەوەیش تا ئێستە حكوومەتی ئەو وڵاتە و ئەزهەریش هیچ ڕوونكردنەوەیان نەداوە، ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و ژنانیش بەو قسە دڵتەنگن و داوای سزادانی ئەو بانگخوازە ئیسلامییە دەدەن.

دوای ئەوەی د.مەبرووك عەتییە لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا دەردەكەوێت و پێشكەشكارەكە پرسیارێكی ئاڕاستە دەكات كە پیاوان چۆن بەدەنگ گازاندە و گلەیی خانمەكانیانەوە بچن، ئەویش گوتی، "خانمان گلەییەكانیان زێدەڕۆیی تێیدایە بۆیە بە گوێشیان نەكەی گوناهبار نابیت"، هەروەها لە درێژەی قسەكانی گوتی "ئەوەی وتم لەسەرەوە دەكرێت وەك فتوایەكیش سەیری بكرێت".

دوای بەرنامەكە چەندان هاشتاگ دژی لەلایەن خانمانی میسڕ و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤەوە بڵاو كرایەوە، داوایش دەكەن بەزووترین كات ئەو بانگخوازە ئیسلامییە لەكارەكانی ڕابگیرێت و قەدەغەی هاتنە سەرتەلەڤزیۆنی دەركەوتنی لێ بكرێت، چونكە مەترسی دەخاتە سەر خانمان.

مەبرووك عەتییە سەیرترین فەتواكانی كە دەنگدانەوەی لە میسڕ و جیهانی ئیسلامی دروست كردووە ئەوانەن، /دروست نییە ژن شەو لە ماڵی باوكی بەسەر ببات یان بمێنێتەوە كە مێردی خۆی هەیە، جنێودان و شاهێدی درۆ ڕۆژوو بەتاڵ ناكاتەوە، خانمان گلەییەكانیان زێدەڕۆیی تێیدایە، لەكاتی بە گوێ نەكردنی ژنەكانتان بۆ سەرجێی دەكرێت لێیان بدەن.

مەبرووك عەتییە لە ساڵی 1958 لە شاری مەنۆفیا لە دایك بووە، بانگخواز و ئەكادیمی ناوداری میسڕییە، زوو پێوەندی بە ئەزهەرەوە كردووە، لە ساڵی 1989 بڕوانامەی دكتۆرای بە پلەی یەكەم لە زانكۆی قاهیرە بەدەستهێناوە، ئێستە سەرۆكی بەشی توێژینەوەی ئیسلامییە لە زانكۆی ئەزهەر و پێش ئەوەش دكتۆر بووە لە زانكۆی ئیمام محەمەد ئیبن سعوود - شا خالید - لە شاری ئەبها لە سعوودییە، لە بنەڕەتدا هەڵگری بەكالۆریۆسی شەریعەت و یاسایە لە بەشی شەریعەتی ئیسلامیی لە فاكەڵتی شەریعەت و یاسا لە زانكۆی ئەزهه‌ر.


وشە - محەمەد میران