مەبەست لە گفتوگۆی شاندی پارتی لە بەغدا چییە؟

:: PM:05:44:22/06/2022 ‌

چەند رۆژێكە شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدایە، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەبارەت بە قۆناغی دوای كشانەوەی رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، بەرپرسێكی پارتی باسی مەبەستی گفتوگۆی شاندەكەیان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكات. 

لەو كاتەی شاندێكی پارتی پێكهاتوو لە فوئاد حوسێن و پەنگین رێكانی و شاخەوان عەبدوڵا، ئێستە لە بەغدایە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق، ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی لەبارەی بەشداریی هەرێم لە حكوومەتی داهاتوو و پرۆسەی سیاسیی عێراق، دووپاتی لەوە كردەوە كە مەرجەكانی هەرێم بۆ پرۆسەی سیاسیی عێراق، پابەندبوونی لایەنە سیاسییەكانی عێراقە بە هەرسێ پرەنسیپی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازانە.
چوارچێوە چاوەڕوانی گۆڕانی هەڵوێستی سوننەیە لەسەر پێكهێنانی حكوومەت
مەهدی عەبدولكەریم، بەرپرسێكی پارتی ئاماژەی كرد كە ئێستە گفتوگۆی سەرەتاییمان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە كە رێخۆشكەرە بۆ دەست پێكردنی دانوستانی سیاسی رژد، چەندان خاڵی هاوبەش لە نێوان پارتی و یەكێتی دروست بووە و لێكگەیشتن هەیە و گەشبینییەك هەیە بەوەی لە رۆژانی داهاتوو بگەینە ئەنجامی ئەرێنی. 

لەو كاتەی بەرپرسانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتی دەكەنەوە كە لە دوای جەژنی قوربان دانوستانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەست پێ دەكات، ئەوان پێشوازیان لە سەردانی شاندی پارتی بۆ بەغدا كرد، مەحموود حەیانی، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوتی، دەرگەمان بە رووی هاوبەشانمان لە پارتی دیموكراتی كوردستان واڵایە بۆ پەلەكردنی لە پێكهێنانی حكوومەت.

روونی كردەوە، ئەو حاڵەتە بۆ پێكهاتەی سوننەیش لە هاوپەیمانی تەقەدوم هەر وایە، كە جۆرێك لە چەقبەستوویان پێوە دیارە، بەڵام چاوەڕوانی گۆڕانی بۆچوونی ئەوان دەكەین بۆ رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكوومەت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل