بەهۆی بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان هەزار و 500 کەس گیانیان لەدەست داوە

:: AM:10:16:23/06/2022 ‌
ژمارەی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی دوێنێی ئەفغانستان زیاتر دەبێت و رووبەری ئەو وێرانکارییە ئەوەندە زۆر و بەربڵاوە کە پێشبینی دەکرێ ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکە مردبن، سەرووی هەزار و 500  کەس بێت.

 حکوومەتی ئەفغانستان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە فریایان بکەوێت. زەبیحوڵا موجاهید گوتەبێژی تاڵیبان رای گەیاند، ژمارەی بریندارانی بوومەلەرزەکە گەیشتووەتە سەرووی دوو هەزار کەس و باسی لەوەش کرد بە ئاسانی دەستیان بەو شوێنانە راناگات کە بوومەلەرزە زیانی پێ گەیاندوون.

نووسینگەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، دوێنێ لە تویتێکدا رای گەیاند، بارێکی 10 تۆنی لە یارمەتی پزیشکیی، رەوانەی ئەفغانستان دەکەن.

هاوکات بەرپرسێکی تری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی، لەوانەیە ژمارەی ئەو خانووانەی بەهۆی بوومەلەرزەکە رووخابن، گەیشتبێتە سەرووی دوو هەزار خانوو و بۆیەش پێشبینی دەکرێ ژمارەی قوربانییان زۆر زیاتر لەوە بن ئاماژەیان پێ کراوە.

ژمارەی ئەندامانی هەر خێزانێک لە ئەفغانستان لانی کەم هەشت کەس دەبێ وهەندێک جار چەند خێزان بە یەکەوە لە یەک خانوودا دەژین. پاپای ڤاتیکانیش بە فەرمی داوای لە وڵاتانی جیهان کرد یارمەتی ئەفغانستان بدەن.

تا نیوەتیرەی 500 کیلۆمەتر لە ناوەندی بوومەلەرزەکە، هەستی پێ کراوە.


پێویستە بگوترێ گوڕی بوومەلەرزەکە ئەوەندە بەهێز بوو تا نیوەتیرەی 500 کیلۆمەتر لە ناوەندی بوومەلەرزەکە، هەستی پێ کراوە.

بی بی سی، بڵاوی کردەوە لانی کەم لە ویلایەتی پەکتیکا هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە و پێشبینی دەکرێ ژمارەکە زیاتر بێت.

هەر دوێنێ سەعاتێک دوای رووداوەکە حکوومەتی ئەفغانستان مردنی هەزار کەسی راگەیاند و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ژمارە زۆرە خانووەی رووخاون، دەبێت ژمارەکە زۆر زیاتر بێت.

لە دوای بوومەلەرزەکە باران و بایەکی بەهێزیش هەڵی کردووە و بۆیە پڕۆسەی رزگارکردنی خەڵک لە ژێر دار و پەردووی خانووەکانیان زۆر سست بووە.

بوومەلەرزەکە بە گوڕی 6.1 پلە بە پێوانەی ریختەر  لە کاتێکدا رووی دا خەڵک هێشتا لەخەو هەڵنستابوون و ئەمەش بە بەهێزترین بوومەلەرزەی ئەفغانستان لەم سەدەیە هەژمار دەکرێت.


وشە - سلێمان تاشان