لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق چی رووی دا؟

:: PM:04:53:23/06/2022 ‌

وەك بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەم پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی نائاسایی بۆ سوێندخواردنی شوێنگرەوەی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی رەوتی سەدر ساز كرد، دانیشتنەكە هاتە سازكردن و زۆرینەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بەشداریان تیایدا كرد، هاوكات زۆرینەی شوێنگرەوەكان سوێندی یاساییان خوارد و دەستەواژەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش هەڵوەشێنرایەوە.

وەك لە بەیاننامەی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق هاتووە، ئەمڕۆ پێنجشەم پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی نائاسایی بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان و ئامادەبوونی 202 ئەندام ساز كرد، بەمەبەستی سوێندخواردنی شوێنگرەوەی پەرلەمانتارەت دەسەلەكار كێشاوەكان و هەمواركردنەوەی پێڕەوی ناوخۆیی پەرلەمان، ئەویەش لەسەر دوو داوا بە واژووی 50 پەرلەمانتار پێشكەیش كرابوو. 
حەلبووسی: بە قەبارەی عێراق سوپاس بۆ موقتەدا سەدر، قوربانیدەری بێ بەرانبەر و ئامادەی بێ ونبوون
روونی كردەوە، پەرلەمان دەنگی لەسەر تەواوكردنی گۆڕانكاری لە چەند مادەیەكی پێڕەوی ناوخۆیی پەرلەمان و پەسندكردنی كرد، لەوانەیش هەڵوەشاندنەوەی دەستەواژەی دەستەی سەرۆكایەتی و كردنی بە سەرۆك و جێگرەكانی و هەڵوەشاندنەوەی دەستەواژەی ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی و كردنی بە سەرۆك یان جێگرەكەی، جیا لە هەمواركردنی تایبەتمەندی هەندێك لیژنەی پەرلەمانی بۆ كوەنجانی لەگەڵ سروشتی كارەكەی.

لە بەیاننامەكە ئەوەیش هاتووە، لە دانیشتنەكە لە كۆی 73 شوێنگرەوە 64 یان وەك پەرلەمانتاری نوێ سوێندی یاساییان خوارد، ئەوەیش دوای خوێندنەوەی ناوەكانیان لەلایەن سەرۆكی پەرلەمان، دوای ئەوە ئەحمەد ئەسەدی، پەرلەمانتار بەیاننامەیەكی خوێندەوە و ئاماژەی بۆ رێككەوتنی فراكسیۆنە سیاسییەكان كرد لە كۆبوونەوەیەك ئەمڕۆ بەڕێوە چووە، بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی نیشتمانی لەسەر پرەنسیپی هاوسەنگی و سازان و هاوبەشی.

ئەمە و دوای كۆتاهاتنی دانیشتنە نائاساییەكە، محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە تویتێكدا سوپاسی موقتەدا سەدری كرد بۆ هەڵوێستەكانی و نووسیویەتی، لەپێناو گەلەوە دەستمان بە رۆیشتن لەو رێگایەوە كرد و هەریەكەمان لە پێگە نیشتمانییەكەیەوە لەناو پەرلەمان و لە دەرەوەیش، بەرەو جێبەجێكردنی ئەو چاكسازییە راستەقینەی عێراقییەكان دەیانەوێ هەنگاو دەنێین، بە قەبارەی عێراق سوپاس بۆ موقتەدا سەدر، قوربانیدەری بێ بەرانبەر و ئامادەبووی بەردەوامی بێ ونبوون.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل