كێشەی كەمیي بەنزین لە عێراقی سەرهەڵدەدات.. كێ لێی بەرپرسيارە؟

:: PM:06:40:23/06/2022 ‌

عێراق وڵاتێكی نەوتییە و وەزارەتی نەوتی بە بەردەوام لافی ئەوە لێ دەدات كە داهاتی مانگانەیان لە فرۆشتنی نەوت لە هەڵكشانە و بەرهەمی رۆژانەیش لە زیادبوونە، تا چەند ساڵێكی تریش هەناردن بە رێژەی چەند ملیۆن بەرمیل بەرز دەكەنەوە، كەچی تەنگژەی كەمیی سووتەمەنی و بەنزین لە چەندان ناوچەی عێراق هەیە.

ماوەی چەند رۆژێكە لە بەغدا و كەركووك و دیالە و سەڵاحەدین و ئەنبار و زیقار و هیتریش، تەنگژەیەكی سەختی كەمیی بەنزین سەری هەڵداوە، پێش هەر بەنزینخانەیەك سەتان ئۆتۆمبێلی لێ وەستاوە و سرەیان گرتووە، ئەوە جیا لەوەی چەندان بەنزینخانە بەهۆی بێ بەنزینییەوە دایان خستووە. 
تەنگژەكە ئاماژەیەكی روونە بۆ تەشەنەكردنی گەندەڵی لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەت
لەو كاتەی سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەرلەمانی عێراق ددان بە بوونی كێشەكە دادەنێت و هۆكارەكەی بۆ زیادبوونی خواست و كەمیی وێستگەكان و بەرهەمی ناوخۆیی دەگەڕێنێتەوە، هاوكات وەزارەتی نەوت بە كەمتەرخەم دەزانێت، جیا لەوەی هەندێك خاوەن بەنزینخانەكان ئەو تەنگژە دروست دەكەن بۆ قازانجی زیاتر.

خەڵك و هەندێك لە خاوەن بەنزینخانەكان ئاماژە بۆ بردنی بە قاچاخی بەنزین لە لایەن حزب و لایەنە دەسەڵاتدارەكانەوە لە عێراقەوە بۆ دەرەوە دەكەن، بۆیە ئەو تەنگژە دروستكراوە، 90%ی بەنزینخانە تایبەتەكان هی ئەو حزبانەیە و ئەوان یاری بە نرخ و دابەشكردنی بەنزین و بەقاچاخبردنی دەكەن.  

د. سەلام سمێسم، شارەزای ئابووری دەڵێت، تەنگژەی كەمیی بەنزین لە تەنگژەكانی تری عێراق جیا نییە، كە پێوەستن بە خراپیی ئیدارەدانی ئابووریانە یان هەر نەبوونی، حكوومەت بەرپرسە لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت، بۆیە هەر ئەویش بەرپرسی یەكەمە لە تەنگژەی كەمیی بەنزین.

روونی كردەوە، عێراق بە نەوت دەوڵەمەندە و دۆخی لە وڵاتانی تر جیاوازە، ئەو تەنگژەی هەیە ئاماژەیەكی روونە بۆ تەشەنەكردنی گەندەڵی لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەت، جیا لەو قاچاخییەی لایەنە باڵادەستەكان بە بردنی بەنزینەكە بۆ وڵاتانی تر ئەنجامی دەدەن، ئەوە جیا لە فرۆشتنی لە بازاڕی رەشدا.
 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل