هه‌موو ده‌زانن سیر به یه‌كێك له‌و ڕووه‌كانه داده‌نرێت كه زۆر به‌سووده بۆ جه‌سته‌ی مرۆڤ، هه‌روه‌ها توێژینه‌وه نوێیه‌كان ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه كه سیر زۆر گرنگه بۆ جه‌سته‌ی ژنانی دووگیان و پاراستنی كۆرپهڵهكهیان له له‌بارچوون. به‌ڵام ئێسته جۆرێكی تر له سیر له بازاڕه‌كان و ماركێته‌كاندا بڵاو بووه‌ته‌وه، ئه‌ویش سیری خۆشكراوه، پزیشكان بڕوایان وایه ئه‌و جۆره‌ی سیر ژه‌هره هه‌رزانه‌كه‌ی ناو ماڵانه كه ئێسته بوونی هه‌یه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 27ی حوزه‌یران، دكتۆر عه‌لی عه‌بدولڕه‌حمان ساڵه‌یی پزیشكی پسپۆڕی هه‌ناو، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "هاووڵاتییان جۆرێك سیر ده‌خۆن كه ئێسته په‌یدا بووه و وا بڵاوه كه سوودی هه‌یه و خۆشیش كراوه، بۆیه بۆنی نه‌مێنێت، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی زیانی زۆره و به ژه‌هر داده‌نرێت".
ڕوونی كرده‌وه، "سیری خۆشكراو كه ئاماده ده‌كرێت، ڕاسته‌وخۆ به‌هۆی ئه‌و پێكهاتانه‌ی له‌گه‌ڵی تێكه‌ڵ ده‌كرێت، كۆمه‌ڵێك له سووده ته‌ندروستییه‌كانی له ده‌ست ده‌دات، چونكه به‌شێك له ماده دژه‌ئۆكسانه‌كان و ڕیشاڵه‌كانی ده‌فه‌وتێت، له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌موو تامه خۆراكه خۆشكراوه‌كان كۆمه‌ڵێك زیانی هه‌یه."
نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بخورێت له‌لایه‌ن دایكانه‌وه
ئاماژه‌ی كرد، "ئه‌و پێكهاتانه‌ی له‌گه‌ڵ سیری خۆشكراو تێكه‌ڵ ده‌كرێت، ڕه‌نگ و زه‌یتی ده‌به و جۆرێكی تایبه‌تی سۆده و هه‌روه‌ها خوێ و هه‌ندێك كاتیش شه‌كر و سركه‌ی سێ‌و و چه‌ندان بابه‌تی تری زیانبه‌خشی تێكه‌ڵ ده‌كرێت".
ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، "زیانه‌كانی له ڕووی پزیشكییه‌وه ئه‌وانه‌ی زۆر سیری خۆشكراو ده‌خۆن، تووشی كێشه‌كانی (پووكانه‌وه‌ی ئێسك و به‌رزی په‌ستانی خوێن و نه‌خۆشیی گورچیله، زیادبوونی خوێ له جه‌سته كه ده‌بێته هۆی جه‌ڵته‌ی مێشك و نه‌خۆشییه‌كانی دڵ) ده‌بن، چونكه زۆربوونی كلۆریدی سۆدیۆم له خوێندا ئاو ده‌كێشێته ناو خوێنه‌وه، ئه‌مه‌یش قه‌باره‌ی خوێن له بۆڕییه‌كانی خوێندا زیاد ده‌كات، ئه‌مه‌ش پێویستی به دڵه زیاتر كار بكات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت. خوێن په‌مپ بكات بۆ هه‌موو به‌شه‌كانی جه‌سته."
"هاوكات ئه‌وانه‌ی كێشه‌ی قۆڵۆنیان هه‌یه به هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت سیری خۆشكراو بخۆن یان ئه‌و ئافره‌تانه‌ی دووگیانن و كۆرپهڵهی سكیان له ته‌مه‌نی دوو مانگدایه، ئه‌وه زۆر زیانی بۆ گه‌شه‌ی كۆرپه‌ڵه‌كه ده‌بێت، بۆیه نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بخورێت له‌لایه‌ن دایكانه‌وه". دكتۆر عه‌لی عه‌بدولڕه‌حمان وای گوت.
سیر توانای چاره‌سه‌ركردنی چه‌ندان گرفتی پێست و قژی هه‌یه، یه‌كێكه له‌و سه‌وزانه‌ی كه تام و بۆنێكی تیژی هه‌یه و جیاوازه، جگه له‌وه‌ی له دروستكردنی خواردندا سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت، بۆ بابه‌ته‌كانی جوانكاریش زۆر گرنگه و چه‌ندان پێكهاته‌ی گرنگی تێدایه.