به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی ماده هۆشبه‌ره‌كان رای گه‌یاندووه كه دوو تۆمه‌تباریان له سنووری حاجی ئۆمه‌ران گرتووه و ده‌ستیشیان به‌سه‌ر بڕێك له ماده‌ی هۆشبه‌ردا گرت.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 28ی حوزه‌یران، به‌رێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی ماده هۆشبه‌ره‌كان رای گه‌یاندووه كه له‌لایه‌ن بنكه‌ی نه‌هێشتنی ماده هۆشبه‌ره‌كانی ده‌روازه‌ی سنووری حاجی ئۆمه‌ران سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی نه‌هێشتنی ماده هۆشبه‌ره‌كان توانرا تۆمه‌تبارێك بگرێت كه بڕی 275 گرام ماده‌ی هۆشبه‌ری له جۆری "حه‌شیش" له‌ناو جه‌سته‌یدا شاردبووه‌وه.
به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه رای گه‌یاندووه كه هه‌ر ئه‌مڕۆ توانیان تۆمه‌تبارێكی تر بگرن كه بڕی 73 ده‌نك حه‌بی هۆشبه‌ر له‌جۆری "میتادۆن" پێ گیرا.
ئه‌وه له‌كاتێكدایه كه دوێنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه رای گه‌یاند له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا 999 تۆمه‌تباری ماده‌ی هۆشبه‌ر گیراون، سه‌تان كیلۆگرام له مادهیش ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.