نهێنییەكی نوێی كێشەی نێوان مامۆستاكەی زانكۆ و قوتابییەكە ئاشكرابوو

:: AM:10:42:29/06/2022 ‌
ئەنجوومەنی زانكۆی سەڵاحەدین رای دەگەیەنێت، لەلایەن دكتۆر كاوانەوە لاری نەبوون بۆ ئەو قوتابییە كرابوو لە زانكۆی سەڵاحەدین كە درێژە بە خوێندن بدات، وەزارەتی خوێندنی باڵاش هەمان بڕیاری دەركردبوو.

دوای رووداوەكەی دوێنێ‌ كە لەلایەن قوتابییەكەوە دوو مامۆستا كوژران، ئەنجوومەنی زانكۆی سەڵاحەدین رای دەگەیەنێت، لەلایەن دكتۆر كاوانەوە لای نەبوون درابوو بەو قوتابییە تا درێژە بە خوێندن بدات.

ئەمڕۆ چوارشەم 29ـی حوزەیران، ئەنجوومەنی زانكۆی سەڵاحەدین لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی رایان گەیاند، ئەو  قوتابییەی كوشتنەی دوێنێی ئەنجام داوە، پێشتر یاداشتێكی داوە بە وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزارەتیش یاداشتەكەی ئاراستەی زانكۆی سەڵاحەدین كردووە و دواتریش ئاراستەی راگری كۆلێژی یاسا كراوە.

باسیان لەوەش كرد، دكتۆر كاوان كە راگری كۆلێژەكە بووە، رای گەیاندووە كە هیچ لارییەكیان نییە لە وەرگرتنی قوتابییەكە، بەڵام بەهۆی ئەوەی قوتابییەكە دوو ساڵ دابڕاوە لە خوێندن، پێویستە رێنوێنی و یاسایەك دەربچێت كە چۆن دەوام بكات. راگری كۆلێژەكە یاداشتێكی لەوبارەیەوە ئاراستەی سەرۆكایەتی زانكۆ و ئەوانیش ئاراستەی خوێندنی باڵایان كردووە.

روونیان كردەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەیەكی پێكهێناوە و لە رێی یاداشتێكەوە گوتوویەتی، قوتابییەكە دەتوانێت لە هەردوو زانكۆی سەڵاحەدین و سۆران دەوامی خۆی بكات.

ئاماژەیان بەوەش كردووە كە داواكارن لە حكوومەت، كەیسەكە دوا نەخرێت و كەیسەكەش دەكەنە كەیسی زانكۆی سەڵاحەدین نەك ببێتە كەیسی نێوان دوو بنەماڵە.

ڕووداوەكە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەم 28ـی حوزەیران رووی داوە، ئەو قوتابییەی تەقەی كردووە، كێشەی لەگەڵ مامۆستایەكی ئافرەت هەبووە كە لە زانكۆی سۆرانە، بەڵام چووەتە سەر ماڵیان و خاتوونەكە لە ماڵ نەبووە، هاوسەرەكەی كە دكتۆر ئیدریس حەمەخان مامۆستای كۆلیژی ئەندازیاریی بوو، ئەوی كوشت.

دواتر دەچێتە كۆلیژی یاسا و تەقە لە ڕاگری كۆلیژەكە و شۆفێرەكەی دەكات، بە سەختی بریندار دەبن و دەگوازرێنەوە نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی هەولێر، دوای چەندان نەشتەرگەری، دكتۆر كاوان ئیسماعیل ڕاگری كۆلیژی یاسا و رامیاریی زانكۆی سەڵاحەدین، گیانی لە دەست دا و شۆفێرەكە باری تەندروستی جێگیرە.



وشە - رامیار جەواد