ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا
شاندێكی وه‌رزشی كوردستان، مانگی رابردوو به داوه‌تنامه‌یه‌كی فه‌رمی سه‌ردانی به‌ریتانیایان كرد، كه یه‌كه‌مجار بوو شاندێكی وا باڵا سه‌ردانی دامه‌زراوه وه‌رزشییه فه‌رمییه‌كانی ئه‌م وڵاته بكه‌ن و پێشوازییه‌كی گه‌رمیان لێ بكرێت، به تایبه‌تی له لایه‌ن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلته‌را و ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی پرێمه‌رلیگ.
شانده‌كه له سه‌رۆكی یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشی هه‌ولێر، به‌رێوه‌به‌ری یانه‌كان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی وه‌رزش و به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشی گه‌رمیان پێكهاتبوو، لێره‌شه‌وه پێویسته سوپاسێكی تایبه‌تی سه‌رۆكی یانه‌ی كۆڤێنتری سیتیی ئینگلیزی بكه‌ین، كه له هه‌ولێره‌وه ئه‌م هه‌له‌ی بۆ شاندی وه‌رزشی كوردستان ره‌خساند خۆیان بگه‌یه‌ننه ده‌زگه و دامه‌زراوه وه‌رزشییه‌كانی به‌ریتانیا.
هه‌ر دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و شانده‌ش، شاندێكی ته‌كنیكی له فیدراسیۆنی تۆپی پێی فڕه‌نسا سه‌ردانی هه‌ولێریان كرد و پرۆژه‌ی ئه‌نجامدانی خولی پێشخستنی تۆپی پێی خانمانیان خسته‌ڕوو، كه به‌رنامه‌ی بۆ دانراوه و خوله‌كه له هه‌ولێر و فڕه‌نساش ده‌بێت.
ئه‌م دوو پێشهاته، ئه‌گه‌ر به وردی و واقیعییه‌وه سه‌یری بكه‌ین، زۆر گه‌وره و جێی بایه‌خن، به تایبه‌تی بۆ وه‌رزشی كوردستان، به‌ڵام قسه‌ی من له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه، میدیای كوردستان بایه‌خێكی ئه‌وتۆیان پێ نه‌دا و قسه‌یان له‌سه‌ر نه‌كرد، ته‌نیا وه‌ك هه‌واڵێكی ئاسایی بڵاویان كرده‌وه، هه‌ندێك میدیاكاریش به توانج و ره‌خنه و ناشیرینكردنی پرۆسه‌كه، له سۆشیال میدیا باسیان كرد.
له كاتێكدا پێم وایه ده‌بوو میدیا و شاره‌زایان زیاتر و وردتر پێشوازییان له‌م دوو هه‌وڵه بكردایه و قسه‌ی زیاتر و به‌دواداچوونیان بۆ بكردایه.
راسته ده‌كرێت بڵێین، بابه‌تی گه‌شتی شانده‌كه‌ی كوردستان بۆ به‌ریتانیا، زیاتر ناساندن و باسكردنی چالاكی و كاره وه‌رزشییه‌كانی كوردستان بووبێت بۆ به‌رپرسانی وه‌رزشی ئه‌م وڵاته گه‌وره‌ی دنیا، كه ئه‌مڕۆ پلان و نه‌خشه‌ی زۆری سیاسه‌ت و وه‌رزشی دنیا له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه دیزاینی بۆ ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها ده‌كرێت ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ هه‌وڵ و كردنه‌وه‌ی ده‌رگه‌ی زیاتر بۆ داهاتوو.
كوردستان چونكه ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ نییه، به شێوه‌یه‌كی سیاسی و پرۆتۆكۆڵی زۆر له وڵاتانی دنیا ناتوانن راسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، ئه‌مه به‌ختی ئێمه‌ی كورده كه تا ئێسته ده‌وڵه‌تمان نییه، به‌ڵام خۆ ناكرێت هه‌ر ده‌سته‌وه‌ستان دابنیشین و هیچ نه‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌كان چڕ بكرێنه‌وه و كه‌سانی شاره‌زا و زمان‌زان و پسپۆڕی بواری وه‌رزشی هه‌لیان بۆ بڕه‌خسێندرێت و كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ده‌زگه وه‌رزشییه‌كانی كوردستان بكه‌ن، هه‌روه‌ها به پشتبه‌ستن به كوردانی ئه‌وروپا و دۆسته‌كانمان و پاڵپشتیی زیاتری حكوومه‌تی هه‌رێم، ده‌كرێت هه‌نگاو به هه‌نگاو به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی روونتر برۆین، چونكه پێم وایه دروستكردنی پێوه‌ندی و وه‌رگرتنی زانیاری و گوێگرتن له پسپۆڕانی و شاره‌زایان و به‌رپرسانی وه‌رزشی به‌ریتانیا، رێگه‌یه‌كی زۆر گونجاوه بۆ گه‌یشتن به هه‌ندێك ئامانج، كه وه‌رزشی كوردستان پێویستی پێیه‌تی، ئه‌وان ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆش ده‌رگه‌ت بۆ نه‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام رێگه‌ی راست و بیرۆكه‌ی باشی كاركردنت پێ ده‌ده‌ن.
"رێگه‌ی هه‌زار میل به یه‌ك هه‌نگاو ده‌ست پێ ده‌كات"، پێم وایه ئێمه دواكه‌وتووین له‌م هه‌نگاوه و ده‌بوو زووتر كاری بۆ بكرایه، به‌ڵام كاتێك كاره‌كان كه‌مئه‌زموونی تێبكه‌وێت، ئه‌نجامی باشی نابێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی دیسان گله‌یی له حكوومه‌تی كوردستان ده‌كه‌م، كه ده‌بوو ساڵانی رابردوو ئه‌م هه‌نگاوانه بۆ ناساندنی وه‌رزشی كوردستان به ده‌زگه فه‌رمییه وه‌رزشییه‌كانی دنیا كاری بۆ بكرایه، به تایبه‌تی له رێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی حكوومه‌ت له وڵاتانی ده‌ره‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێسته‌شی له‌گه‌ڵدا بێت، وه‌رزش وه‌ك په‌یام و ستراتیژ و روئیا، له رۆژه‌ڤی حكوومه‌تی كوردستاندا شتێك نییه جێی باس بێت و وه‌ك كار و به‌رنامه بایه‌خی ئه‌وتۆی پێنه‌دراوه.
دواجار دێمه‌وه سه‌ر باسی میدیای كوردستان، به تایبه‌تی ته‌له‌ڤزیۆنه گه‌وره‌كان، كه به‌داخه‌وه زۆر به لاوازی و بێتاقه‌تییه‌وه ئه‌م بابه‌ته‌یان رووماڵ كرد و بایه‌خیان پێ نه‌دا، له كاتێكدا ده‌بوو زیاتر بایه‌خی پێ بده‌ن و زانیاری زیاتر وه‌ربگرن، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی شانده‌كه وه‌ك پێویستیش نه‌یانتوانیبێت زانیاری و په‌یامه‌كان بگه‌یه‌نن، ده‌بوو ده‌زگه میدیاییه‌كان، ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان ده‌گاته وڵاتانی ئه‌وروپا، هه‌وڵ بده‌ن فراوانتر كار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بكه‌ن.