به‌رپرسه‌ باڵاكانی عێراق ده‌گه‌نه‌ هه‌ولێر

:: PM:04:04:30/07/2022 ‌
بۆ رێوڕه‌سمی هێنانه‌وه‌ی 100 ئه‌نفالكراوی بارزانییه‌كان، زۆرینه‌ی به‌رپرسه‌كانی عێراق بانگهێشت كراون.

ئه‌مڕۆ شه‌موو 30ی ته‌مووز، بڕیاره‌ پرووسكی 100 ئه‌نفالكراوی بارزانییه‌كان له‌ رێی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان، سبه‌ی له‌ گۆڕستانی تایبه‌ت به‌ ئه‌نفالكراوان له‌ بارزان، له‌ رێوڕه‌سمێكی تایبه‌تدا به‌خاك ده‌سپێرێن.

مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی یه‌كه‌می حزبه‌كانی عێراق بانگهێشت كراوه‌

له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا بڕیاره‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌شدار بن.

له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌هله‌ قادر په‌رله‌مانتاری عێراق-پارتی، بۆ "وشه‌" گوتی، هه‌موو فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان و عێراقییه‌كان، به‌رپرسه‌ باڵاكانی عێراق داوه‌ت كراون بۆ ئامادبوون.

به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه‌" مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی یه‌كه‌می حزبه‌كانی عێراق بانگهێشت كراوه‌.

دۆزینەوەی ئەو پرووسكانە دەگەڕێتەوە بۆ كۆتاییەكانی ساڵی 2021، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی دۆزینەوەی گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە بیابانەكانی باشووری عێراق، دەزگا تایبەتمەندەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵی عێراق، لە 15ی شوباتی 2022 گەیشتنە شوێنی گۆڕە بە كۆمەڵەكە لە پارێزگای موسەنا كە ناوچەیەكی بیابانی دوورەدەستە لە نزیك سنوورەكانی كوێت و سعوودیە.

بارزانییەكان لە رابردوو بەر شاڵاوی ئەنفالی رژێمی بەعس كەوتن و هەزارانیان لێ‌ ئەنفال كرا، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی ئەوان كەسانی شۆڕشگێر بوون و بەردەوام بوون لە شۆڕش دژی بەعس.


وشە - زریان تەها