نیشانەیەك لە گوێیەكان ئاماژە بۆ تووشبوون بە دڵەنۆرە دڵ دەكات

:: PM:11:29:01/08/2022 ‌

چەند نیشانەیەكی كۆن و ناسراو هەن ئاماژە بۆ تووشبوونی مرۆڤ بە دڵەنۆرە دەكەن، لەوانە ئازاری سینگ و ئارەقەكردن و زەحمەتی هەناسەدان، بەڵام دڵەنۆرەی بێدەنگ نیشانەكانی جیاوازن، لەوانە هەستكردن بە ماندووبوون و تەمبەڵی و نارەحەتی و هەندێكجاریش زەحمەتی هەناسەدان، جیا لە هەستكردن بە سەرسووڕان و لەهۆشخۆچوون و داهێزران، كە سەربەخۆ ون دەبن یان زیاد دەكەن.
بوونی نیشانەكە لە مرۆڤ مانای ئەوە نییە ئەو كەسە بە دەست نەخۆشی دڵەوە دەناڵێنێت
زۆر جار دڵەنۆرە، كە مەترسیدارترین جۆرەكانی كێشەی دڵە، بێ بوونی نیشانەیەكی روون روو دەدات و هەندێك جاریش هیچ نیشانەیەكی نابێت، یان مرۆڤ هەست بە نیشانەكانی ناكات، بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا دەكرێ هەست بە نیشانەكانی بكرێت لە رێگەی چەند ئاماژەیەك لە شوێنی جیاوازی لەش.

دڵەنۆرە كاتێك روودەدات كە گەیشتنی خوێن كتوپڕ بۆ دڵ دەوەستێت و رەنگە نیشانەكەی لە گوێیەكان دەربكەوێت و بە نیشانەی فرانك دەناسرێت، ناوەكەی بۆ د. ساندەر فرانك، پزیشكی ئەمەریكی دەگەڕێتەوە كە بۆ یەكەمجار لەو نەخۆشانەی دۆزییەوە كە بە دەست ئازاری سینگ و داخرانی خوێنبەرە تاجییەكان دەناڵێنن.

ئەو نیشانەیە بریتییە لۆچداربوونی نەرمەی گوێیەكان، كاتێك بەشێك لە توێژینەوەكان ئاماژە بۆ وابەستەیی ئەو حاڵەتە بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ دەكەن، ئەگەرچی بوون و دەركەوتنی ئەو نیشانەیە بەو نەخۆشییەوە بەستراوەتەوە، بەڵام بوونی لە مرۆڤ مانای ئەوە نییە ئەو كەسە بە دەست نەخۆشی دڵەوە دەناڵێنێت.

پزیشك و شارەزایان دەڵێن، سێ بنەمای سەرەكی بۆ سنوورداركردنی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و پارێزگاریكردن لە تەندروستی گشتی مرۆڤ هەیە، ئەوانیش پێڕەوكردنی سیستمێكی هاوسەنگی خۆراك و ئەنجامدانی رێكوپێكی وەرزش و ئاكاری ئەرێنی رۆژانەی ژیانن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل