نوێنەرەكەی سەدر: وڵات گەیشتووەتە ئەنجامێكی شەرمەزاركارانە

:: PM:12:49:05/08/2022 ‌
نوێنەرەكەی موقتەدا سەدر وتاری هەینی پێشكەش كرد و رای گەیاند، ئەو وڵاتە و خەڵكەكەی بە دەست گەندەڵی دەناڵێت، ئەوەیش وایكردووەە ئەنجامەكەی شەرمەزاركارانەیە.

ئەمڕۆ هەینی پێنجی ئاب، موهەنەد موسەوی وتارخوێنی نوێژی هەینی لە ناوچەی سەوز بۆ لایەنگرانی سەدر، گوتی، عێراق بووەتە یەكەمین وڵاتی گەندەڵ لەژێر سایەی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكاندا، بەجۆرێك ئێستا گەیشتوین بەئەنجامێكی شەرمەزاركارانە.

باسی لەوەش كرد، هەركەسێك پشتگیری چاكسازی نەكات دەبێتە پشتیوانی میلیشیاكان و بڵاو بوونەوەی زیاتری هەژاری، بۆیە ئێستە بەرنامەی چاكسازیمان هەیە و هاوسۆزی و پشتیوانی خۆمان لەگەڵ سەدر رادەگەیەنین سەبارەت بەداواكاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و ئەنجامدانی چاكسازی.

لەبەشێكی وتارەكەی كە وەڵامێك بوو بۆ چاوارچێوەی هاوئاهەنگی رای گەیاند، مەرجەعیەت دەرگای بەڕوی پارتە خۆسەپێنە سیاسییەكاندا داخستووە، ئەوەی شكستیهێنا جارێكی دیكە نایەتەوە دەسەڵات و پۆست وەرناگرێت، بوونی گروپی چەكدار لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و  بڵاوبونەوەی مادەی هۆشبەر بەرهەمی حیزبە پاوانخوازەكانە كە ئێستە عێراق گیرۆدەی بووە.

لە كۆتایی وتارەكەی ئاماژەی بەوە كرد، داواكردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت داواكاری خۆپێشاندەرانە و پاڵپشتی دەكەین.



وشە - رامیار جەواد