بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆ دوو كەس گیانی لە دەست دا

:: PM:02:02:05/08/2022 ‌
بەهۆی خێرایی لێخوڕین بەیانی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێك خۆی دەكێشێت بە ژمارەیەك گەشتیار بەو هۆیەوە دوو كەس گیان لە دەست دەدەن كە یەكێكیان پلەی ئەفسەر و دانیشتووی بەغدایە.

ئەمڕۆ هەینی پێنجی ئاب، هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، سەعات چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگاداركرانەوە بەبوونی ڕووداوێكی شێلان لە شەقامی 100مەتری نزیك سپۆرت سەنتەر شوێنی (غەزالی).

زیاتر گوتی، دەستبەجێ هێزەكانمان گەیشتنە شوێنی رووداو و دەركەوت كەوا ئۆتۆمبێلێك لە جۆری "هۆندا ڤۆلستەر" كە بە خێراییەكی زۆر خۆی بە كۆمەڵە هاووڵاتیەك دادەكێشێت و دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی ئەفسەرێك لە بغداد ئەرك دەبینێت بەناوەكانی "ملازم دیانا محەمەد فەرج" و "رسل كەمال".

باسی لەوەش كرد، جگە لە گیان لە دەستدانی ئەو دوو كەسە دوو كەسی تریش برینداربوونە ئێستە یەكێكیان دۆخی تەندروستی خراپە.

بەگوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە ڕێكخرا و شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە بەناوی "ز. م. ج."بەپێی یاسای هاتوچۆ ڕاگیراوە و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەش داگیراوە.



وشە - رامیار جەواد