تەقینەوەیەك لە گۆیژە رووی دا

:: AM:10:18:07/08/2022 ‌
بەیانی ئەمڕۆ لە چیای گۆیژە مینێك تەقییەوە و بەو هۆیەوە كارمەندێكی مینهەڵگرەوە بریندار بوو، دەستبەجێ لەلایەن یاریدەدەری پزیشكییەوە چارەسەری سەرەتایی بۆ دەكرێت و دەگوێزرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار.

ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی ئاب، دەستەی مین بڵاوی كردووەتەوە، سەعات شەش و نیوی بەیانی، فەرەیدوون محەمەد مینهەڵگرەوە لە كاتی كارەكەیدا و لە كێڵگەی مینی چەوتە لە چیای گۆیژە، بریندار بوو.

كەمترین زیان بەر ئەو بریندارە كەوتووە.
ئەو دەستەیە رای گەیاندووە، برینداربوونی كارمەندەكە بەهۆی ڕووداوی تەقینەوەی مینێكی جۆری type 72 بوو، دەستبەجێ لەلایەن یاریدەدەری پزیشكییەوە چارەسەری سەرەتایی بۆ كرا و گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی و لەوێ چارەسەری بۆ دەكرێت.

باس لەوەش كراوە، بەهۆی پابەندبوون بە ڕێنوێنییە خۆپارێزییەكان لە كاتی كاركردنیدا، كەمترین زیان بەر ئەو بریندارە كەوتووە.  

ئەو تەقینەوەیە لە كاتێكدایە تیمەكانی هەڵگرتنەوەی مین، بەردەوام لە هەرێمی كوردستان سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی مین و پاشماوەكانی جەنگن، بە گوتەی شارەزایان 20 ساڵی تری پێویستە كە تەواوی كێڵگەی مینڕێژكراوەكان پاك بكرێنەوە.



وشە - رامیار جەواد