كوژرانی بەرپرسێكی كورد لە ڕۆژئاوا راگەیەنرا

:: PM:12:21:07/08/2022 ‌
لە شاری قامیشلۆ لە ئەنجامی بۆردمانی فڕۆكەكانی توركیا، بەرپرسێكی كورد پلەی باڵای هەبوو لەناو هێزەكانی سووریای دیموكرات، كوژرا.

ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی ئاب، لە راگەیەنراوێكی هەسەدەی سەربە هێزەكانی سووریای دیموكراتدا هاتووە، ئێوارەی دوێنێ‌ لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای كوردستان لە ئەنجامی هێرشەكەدا، ئەندامێكی دەزگای دیسپلینی سەربازیی هەسەدە و سێ كەسی تر شەهید بوون.

ئەندامێكی دەزگای دیسپلینی سەربازی و سێ كەسی تر شەهید بوون، دووانیان منداڵن
باس لەوەش كراوە، ئێوارەی دوێنێ سوپای توركیا بە فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان ئۆتۆمبێلێكی لە گەڕەكی پیشەسازی شاری قامیشلۆ بۆردمان كرد.

روون كراوەتەوە بەهۆی ئەو هێرشەە، ئەندامێكی دەزگای دیسپلینی سەربازی و سێ كەسی تر شەهید بوون، دووانیان منداڵن.

"وشە" زانیویەتی ئەو كەسەی كوژراوە كوردە و پلەی هەبووە لە ناو دەزگا تەناهییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، بەڵام هەسەدە ناوەكەی رانەگەیاندووە.

لە ڕۆژئاوای كوردستان شەڕ لە نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و توركیا بەردەوامە، لە ماوەی رابردوو چەندان بۆردمانی تۆپ و فڕۆكە هەبووە و چەندان كەس بوونەتە قوربانی.




وشە - رامیار جەواد