جووتیاران نیگه‌رانن له‌وه‌ی كه به‌رهه‌مه‌كانیان له بازاڕ نرخێكی كه‌م ده‌كات، به‌ڵام له به‌رانبه‌ردا پاره‌یه‌كی زۆر ده‌ده‌نه سندووقه پلاستیكییه‌كان و بۆشیان ناگه‌ڕێته‌وه، سندووقێك ته‌ماته له بازاڕدا به سێ هه‌زار دینار ساغ ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام سندووقه پلاستیكییه‌كه به ته‌نیا نزیكه‌ی 500 دینار له‌سه‌ر ئه‌وان ده‌كه‌وێت، داواش ده‌كه‌ن پێداچوونه‌وه‌یه‌ك بكرێت به نرخی سندووق یان كارگه‌ی زیاتر دابنرێت تا نرخ هه‌رزان بێت.
جووتیاران بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان پێویستیان به سندووقی پلاستیكی هه‌یه، له سنووری پارێزگای سلێمانی ژماره‌یه‌كی زۆر كارگه‌ی گه‌وره و بچووكی سندووقی پلاستیكی هه‌یه، نرخی هه‌ر سندووقێكی پلاستیكی 400 بۆ 450 دیناره، ئه‌م پاره‌یه بارگرانی له‌سه‌ر جووتیاران دروست كردووه، چونكه بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م و بردنی به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ عه‌لوه، رۆژانه پێویستیان به سه‌رووی 100 سندووق ده‌بێت، دوای ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ش سندووقه‌كانیان بۆ ناگه‌ڕێته‌وه.
خه‌سره‌و جاف جووتیاری نموونه‌یی له سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، سندووقی پلاستیكی به‌و نرخه زۆره‌ی كه دانراوه، بارگرانی له‌سه‌ر جووتیاران دروست كردووه، جووتیار بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی پێویستی به سندووقه، ئه‌و سندووقه له دوای فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كه له عه‌لوه‌كان ناگه‌ڕێته‌وه و ده‌ستاوده‌ست ده‌كات، رۆژانه سندووقی پلاستیكی نوێ ده‌كڕن و پاره‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ریان ده‌كه‌وێت.
هه‌روه‌ها گوتی، جووتی سندووق له 800 بۆ 900 دیناره، ئه‌و پاره‌یه زۆره بۆ جووتیار، كرێی كرێكار، كرێی گواستنه‌وه، ده‌ڵاڵی، پاره‌ی سندووقی دێته سه‌ر و ئه‌مه سه‌رباری خه‌رجی و پێویستییه‌كانی تره و ماندووبوونی جووتیار، تا چه‌ند رۆژی رابردووش نرخی یه‌ك سندووق ته‌ماته له عه‌لوه به دوو هه‌زار و 500 تا سێ هه‌زار دینار بووه.
جووتیاره‌كه داوا ده‌كات له رێی دامه‌زراندنی كارگه‌ی زیاتری دروستكردنی سندووقی پلاستیكی، نرخی سندووقه‌كان كه‌متر بكرێنه‌وه و كێبه‌ركێ دروست بكرێت تا نرخه‌كان كه‌متر بن، هه‌روه‌ها لایه‌نی پێوه‌ندیداریش بێته سه‌ر خه‌ت و كار بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخه‌كان بكات و له ساڵانی رابردوودا نرخی سندووق به 200 تا 300 دینار بوو.
شاڵاو جه‌مال به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، دانانی نرخ و دیاریكردنی نرخی سندووقی پلاستیكی له ده‌ستی ئه‌وان نییه، كارگه‌كان نرخه‌كان به‌پێی هه‌مان نرخی كارگه‌كانی تر داده‌نێن، پێشیان وایه نرخێكی زۆر نییه كه دانراوه، چونكه ئێسته رێ و بازگه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ شاره‌كانی خواروو و ناوه‌ڕاستی عێراق كراونه‌ته‌وه و جووتیاران ده‌توانن به‌رهه‌مه‌كانیان ببه‌نه شاره‌كانی تر و پاره‌ی سندووق نرخی كیلۆیه‌ك له به‌رهه‌مه‌كانیانه.
جاران ئه‌و سندووقه له ئێرانه‌وه ده‌هات و گران بوو، به‌ڵام ئێسته له ناوخۆ دروست ده‌كرێ
باسی له‌وه‌ش كرد، "جاران ئه‌و سندووقه له ئێرانه‌وه ده‌هات و گران بوو، به‌ڵام ئێسته له ناوخۆ دروست ده‌كرێ، پێش چه‌ند رۆژێك گرفتیان ئه‌وه‌بوو كه به‌رهه‌مه‌كانیان ناچن بۆ شاره‌كانی عێراق، له رێی پێوه‌ندیی كه‌سی قسه‌م له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی كه‌ركووك كرد و بڕیاری دا رێیه‌كان بكرێنه‌وه بۆ شاره‌كانی عێراق، كه‌می نرخی به‌رهه‌می ناوخۆ بۆ خواست و خستنه‌ڕوو ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌شێكی پێوه‌ندی به جووتیاران خۆیانه‌وه هه‌یه، هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانیان له یه‌ك كات پێ ده‌گات، ئه‌مه واده‌كات به‌رهه‌م زۆر بێت و خواست كه‌م بێت.''
هاوكات فوئاد نه‌جم خاوه‌نی كارگه‌ی پلاستیكی له تانجه‌ڕۆ، به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌مساڵ نرخی سندووقی پلاستیكی گران بوو، چونكه ماده‌كان گران بوون، ئه‌وانیش ناچار بوون گرانی بكه‌ن، نرخی یه‌ك سندووقی پلاستیكی 18 كیلۆیی به هه‌زار و 100 دیناره، سندووقی 10 كیلۆیی دانه‌ی 400 دیناره، فرۆشی رۆژانه و مانگانه كه‌م بووه‌ته‌وه، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه به سه‌تان كارگه كراونه‌ته‌وه.
ئه‌و گوتی، به‌رزی نرخی سندووق پێوه‌ندی به ئه‌وان نییه، به‌ڵكو وه‌ك هه‌ر شتێكی تر ماده‌كان گران بوون، فرۆشیش كه‌م بووه‌ته‌وه، چونكه ژماره‌ی كارگه‌كان زۆر بوون، ته‌نیا له پێنجوێن سه‌رووی 100 كارگه‌ی لێیه، پێش چه‌ند ساڵێك چوار كارگه‌ی لێ بوو، فرۆشی مانگانه‌ی سه‌رووی له 60 هه‌زار سندووقه.
هه‌بوونی ژماره‌یه‌ك له كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سندووقی پلاستیكی له ناوخۆی كوردستان، هۆكار بووه جووتیاران چیتر حه‌وجێی ده‌ره‌وه نه‌بن و هه‌ر له ناوخۆ دابینی بكه‌ن.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی