لە كۆبوونەوەی سەدر و پلاسخارت باسی چی كراوە؟

:: PM:09:21:07/08/2022 ‌

هەفتەیەك بەسەر مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەناو پەرلەمانی عێراق تێپەڕ دەبێت، كە لە دوای دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەگییەوە دەستی پێ كرد، دوای داخستنی پەرلەمانیش دۆخی سیاسی بە تەواوەتی داخراوە، دوایین هەوڵی چارەسەری كۆبوونەوەی نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بوو لەگەڵ سەدر، كە چاوەڕوان دەكرێت لە دوای سێشەم كۆبوونەوەیەك لە نێوان سەدر و عامری ساز بكرێت.

پێش ناوەڕاستی مانگی تەمووزی رابردوو رەوتی سەدر دەیتوانی بە هاوكاری كورد و سوننە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و میكانیزمەكانی چاكسازی سیاسی وەك ئەوەی دەیەوێ بسەپێنێت، بەڵام لە بری ئەوە پاشەكشەی كرد و گۆڕەپانەكەی بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی لایەنگری ئێران چۆڵ كرد، كە ئێستە سەرەداوەكان لەناو پەرلەمان بە دەستی ئەوانەوەیە و تا ئێستە خۆیان لە مەرج و داواكارییەكانی سەدر دزیوەتەوە، لەوانەیش هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و سازكردنی هەڵبژاردنێكی نوێ.  
زەحمەتە سەدر تەنیا بە گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی رازی بێت و داوای تریشی هەیە
تەها یاسین، شارەزای عێراقی دەڵێت، لە دوای هەڵكوتانی لایەنگرانی بۆ سەر پەرلەمان، موقتەدا سەدر ئاستی داواكارییەكانی بەرز كردەوە، ئەو باسی شۆڕش و گۆڕینی رژێم و پرۆسەی سیاسی و هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی نوێی كرد، ئەوەیش گەیشتن بە چارەسەری بێ سازشكردنی گەورەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی زۆر زەحمەتە.

زیاتر گوتی، ئێستە وەك چارەسەری هەوڵێك هەیە بۆ گەڕاندنەوەی سەدرییەكان بۆ پەرلەمان یان بۆ پرۆسەی سیاسی، ئەوەیش لە رێگەی یاسا و دەستوور یان دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن، بەڵام گەڕانەوەیان بێ جێبەجێكردنی مەرجەكانی سەدر كێشەكان چارەسەر ناكات، چونكە زەحمەتە سەدر تەنیا بە گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی رازی ببێت، داوای تریشی هەیە وەك دانانی سەرۆك وەزیران بەپێی مەرجەكانی ئەو و لێكترازانی بەرەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هیتریش.

پێوەست بە هەوڵەكانی هێوركردنەوە، لە ماوەی رابردوو جینین هینس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی ئەمنیداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی عێراق كۆ بووەوە و دواترینیان هەینی رابردوو لەگەڵ موقتەدا سەدر بوو، پلاسخارت گوتی كە دیدارەكەیان ئەرێنی بووە.

پێوەست بەو دیدارە رەحیم عەبوودی، ئەندامی دەستەی گشتی رەوتی حیكمەی نیشتمانی گوتی، لە دیدارەكەی لەگەڵ سەدر پلاسخارت، دەستپێشخەرییەكی بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسی لە عێراق خستووەتە روو، لە رێگەی سازكردنی كۆنگرەیەكی گفتوگۆ بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و بە بەشداری هەموو لایەنە شیعە و كورد و سوننەكان. 

دووپاتی كردەوە كە سەردانی چاوەڕوانكراوی هادی عامری بۆ موقتەدا سەدر، پێوەستە بە ئەنجامی سەردانێكی چاوەڕوانكراوی پلاسخارت بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل