كاندیدێكی دەرنەچووی هاوپەیمانی نەسر دەیەوێ‌ دەست بەسەر زەردەشتییەكان بگرێ‌

:: AM:09:36:08/08/2022 ‌
ئاوات حسامەدین نوێنەری زەردەشتییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ "وشە"، باس لە دواین پێشهاتەكانی دوای كۆنگرەی 12ـی زەردەشتییەكان لە ئەمەریكا بەڕێوە چوو دەكات . ئێستە ژنە كاندیدێكی پێشوی هاوپەیمانی نەسر بۆ پەرلەمانی عێراق كە دەرنەچووە، دەیەوێدەست بگرێبەسەر زەردەشتییەكان و خۆی وەك نوێنەری زەردەشتییەكان دەناسێنێت، چەندان هەوڵی دەست پێكردووە بۆ لێدان لە ناوبانگی كەسایەتیی نوێنەری زەردەشتییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف.
 
بەشداری تۆ بۆ كۆنگرەی 12ـی زەردەشتییەكان چۆن بوو و لەسەر چ بنەمایەك بوو؟
وەك ئاشەڤانێكی زەردەشتی لە كوردستان، چوومە ئەمەریكا بۆ بەشداریكردن لە 12مین كۆنگرەی جیهانی زەردەشتییان، بۆ ئەوەی زیاتر لەبارەی فێركاری و ئامۆژگارییەكانی ئەشو زەردەشت فێر ببم لەبارەی خۆشەویستی و گەشەپێدانی گیانی لێبوردەیی. بەڵام بەداخەوە لە جیاتی ئەوە لەلایەن كۆنگرەوە رووبەڕووی گوفتاری رقوكینە بوومەوە لەلایەن سەرپەرشتیارانی كۆنگرە، كە یەكەم جارە لە مێژووی كۆنگرەی زەردەشتییانی دنیا، دەستەواژەی درۆ بۆ كەسێكی زەردەشتی بەكار دەهێنن، ئەوەش بە هەوڵ و پلانی ژنێك و هاوكاری كەسێكی 45 ساڵە لە ئەمەریكا دەژی، ناسراوە بە تێكدەری پرۆسەی ئاینی زەردەشتی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت و شوهرەتی خۆی، بە هاوكاریی ئەو ژنە هەوڵی تێكدانی پرۆسەی زەردەشتییانی كوردستان دەدەن، بەڵگەم لایە كە چەندان جار هەڕەشەی لێ كردووم كە ئەگەر نەیكەمە مەرجەعی زەردەشتییانی كوردستان لە ئەمەریكا، ئەوە هەوڵی شكاندنی من و پرۆسەكە دەدات، ئێمە لە ساڵی 2015وە پرۆسەی بووژانەوەی زەردەشتیان لە كوردستان بەڕێوە دەبەین لە چوارچێوەی پرۆسەی پێكەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان سەرجەم پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان، لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە سەرپەرشتی دەكرێت.
 
بەڵام دوای ئه وه  كۆنگرە چەند بەیاننامەیەكی دژی نوێنەری زەردەشتییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف بڵاو كرایەوە، هۆكارەكەی چی بوو؟

بڵاوكردنەوەی بەیاننامە ڕۆژنامەوانییەكە لەگەڵ شكۆی كۆنگرەی زەردەشتیانی دنیا ناگونجێت كە بەو شێوەیە لە میدیاكاندا بڵاوكرایەوە، ئەوەش تەنیا بۆ لەكەداركردنی كەسایەتیی زەردەشتییەكان بوو، هەروەها سووكایەتی بوو بەوەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە من وەك نوێنەری فەرمی لە وەزارەتی ئەوقاف، وەك ژنێكی زەردەشتی بەشداری ئەو كۆنگرەیەم كردبوو. ئەمە سووكایەتییەك بوو نەك هەر تەنیا بە من، بەڵكو سووكایەتی بوو بە هەموو زەردەشتییەكانی كوردستان و دنیا كە هەردوو هاوسەرۆكی كۆنگرەكە لێی بەرپرسیارن و چاوەڕێی داوای لێبوردنیان دەكەین.

بەڵام بەم شێوەیەی ئێستە هەیە ئایا پرۆسەی زەردەشتی ناچێتە خانەی رەگەزپەرستی؟
دوای كۆنگرە ئێستە پرۆسەی زەردەشتی لە كوردستاندا لەلایەن چەند توندڕەوی رەگەزپەرست سەركردایەتی و بانگەشەی بۆ دەكرێت لە ناو زەردەشتیانی ئەمەریكا، كە بیرۆكەی پاڵنانێكی سیاسی ستراتیجی رەگەزپەرستییان هەیە، بە سوودوەرگرتن لە پرۆسەی بووژانەوەی ئاینی زەردەشتی لە ناو گەلانی ناوچەكە.
كەسێك خەریكە خۆی دەكات بە خاوەنی پرۆسەی ئاینی زەردەشتی لە كوردستان، ئەم كارەشی بە پاڵپشت بە بودجەیەكی گەورەیە كە لە بەردەستیدایە. من بە تەنیا ئەمە ناڵێم، زۆر لە ئەندامانی ڕێكخراوە جۆراوجۆرەكانی زەردەشتی ئەو زانیارییە دەزانن.
 
بەڵام هەموو كەس مافی خۆیەتی خۆی كاندید بكات بۆ هەر پۆستێك كە چەند قۆناغێكی زەردەشتییە و دەبێت بیبڕێ؟
لە كۆنگرەدا كەسێكیان ناساند بە زەردەشتی بە ناوی زەردەشتیانی كورد و وتاری پێشكەش كرد، دواتر خۆی ناساند وەك نوێنەری زەردەشتیانی كوردستان و عێراق. ئەو كەسە دوای دۆڕاندنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەك كاندید لە لیستی هاوپەیمانی نەسری ئیسلامی سیاسی، بوو بە زەردەشتی و دەستی كرد بە بڵاوكردنەوەی وتاری ڕقوكینە دژ بە مسوڵمانانی كوردستان و سووكایەتیكردن بە پیرۆزەكانی ئیسلام لە ژێر ناوی زەردەشتی، كە ئێمە دژی سووكایەتین و دەمانەوێت ڕێز لە هەموو ئاینەكان بگرین، بەڵام لەبەر ڕقوكینەی ئەو كەسە، ئێمەی زەردەشتیانی كوردستان ڕووبەڕووی دەیان هەڕەشە بووینەتەوە.
 
بۆچی هیچ بڕیارێك لە ڕێكخراوەكانی زەردەشتی دژی ئەو كەسە دەرنەچووە كە خۆتان دەڵێن ڕقوكینە بڵاو دەكاتەوە؟
لەبەر ئەو هۆكارە ئەنجوومەنی باڵای ڕێكخراوی یەسنا ئەو كەسەی لە ڕیزەكانی زەردەشتیانی كوردستان دەركرد، پاشان لەگەڵ چەند كەسانێكی تردا لە ئەمەریكا پاڵپشتیان كرد بۆ ئەوەی دژی یەكڕیزی زەردەشتییەكانی كوردستان كار بكەن .
 
كێشەكان لە كۆنگرەی 12 دەستی پێ كرد؟
بەهۆی بڵاوكردنەوەی گوتاری ڕقوكینە دژی ئیسلام بەناوی زەردەشتیانەوە، لە كۆنگرەی نیویۆرك دەرفەت بەو كەسانە درا، بۆیە داوا لە هەردوو هاوسەرۆكی كۆنگرە دەكەم كە بەدواداچوون بكەن بۆ ئەو كەسە كە تا ئێستەیش گوتاری ڕقوكینە بڵاو دەكاتەوە، بانگەشەی ئەوە دەكات كە نوێنەرایەتی زەردەشتیانی هەر چوار پارچەی كوردستان دەكات.
 
كەوایە گومان لە بەشداریی لە كۆنگرەی 12 هەیە؟ 
من پرسیار لە كۆنگرەی 12 دەكەم كە بۆچی لە كۆنگرەیەكی ئاوا جیهانیدا، هیچ نوێنەرایەتییەكی فەرمی زەردەشتیانی كوردستان بۆ كۆنگرە دیاری نەكرا، هۆی چییە كەسێكی نافەرمییان بانگهێشت كرد بە بێ دانانی هیچ رێزێك بۆ زەردەشتیانی كوردستان. كاتێك ژمارەیەكی زۆر لە زەردەشتیانی پارسی و هەندێكی تری زەردەشتی، بواری گوتاریان پێدان لەسەر شانۆ، بۆچی بوار نەدرا و بە كوردستانیان كە دوو كەسی كورد گوتاریان هەبێت؟. بۆچی كۆنگرە گوێی لە نووسراوە فەرمییەكەی ئەنجوومەنی باڵای زەردەشتییەكانی كوردستان نەگرت كە ئەوان نوێنەری خۆیان بنێرن بۆ كۆنگرە، بۆچی كەسێكیان دیاری كرد كە بە هیچ شێوەیەك نوێنەرایەتیی زەردەشتی كوردستان ناكات؟ لەبری ئەوە كەسێك وەك نوێنەری زەردەشتییەكان پێشكەش كرا. 
 
بەڵام باس لە بە سیاسیكردنی پرۆسەی كۆنگرە دەكرێ لەلایەن تۆوە كە ئاڵای كوردستانت بەرز كردووەتەوە؟
لەبارەی ئەوەی كە بە ئاڵای كوردستانەوە چوومە سەر شانۆ بەبێ پرس، بەڵێ چوومە سەر شانۆ دوای ئەوەی نوێنەرەكان بانگ كران بۆ ئەوەی بە ئاڵای نەتەوەیی خۆیانەوە بچنە سەر شانۆ، بینیم نوێنەرانی هەر وڵاتێك دەچنە سەر شانۆ و هەندێك لە هاوڕێیانیشیان لەسەر شانۆ بەدوایاندا ڕۆیشتن. بەو پێیەی كەس نەبوو نوێنەرایەتیی ئاڵای كوردستان بكات، منیش بە ئاڵایەكی گەورەی كوردستانەوە چوومە سەر شانۆ.
 
كەوایە ئێستە كۆنگرە مافی هەڵبژاردنی نوێنەرایەتیكردنی خەڵكی كوردستانی نییە كە كێ نوێنەری زەردەشتی كوردستان دەكات، بەبێ گەڕانەوە بۆ رێكخراوەكانی زەردەشتیان لە كوردستان؟
ئێمەی زەردەشتیانی كوردستان خۆمان مافی هەڵبژاردنی ئەوەمان هەیە كە كێ نوێنەرایەتی زەردەشتیان بكات بە فەرمی، بۆیە داوا لە هەموو ڕێكخراوە زەردەشتییەكان دەكەم، زەردەشتییەكانی پارسی لە هیندستان و پاكستان و دنیا، هەروەها لە ئەمەریكا و كەنەدا و ئوسترالیا و ئەوروپا، بەتایبەت هەموو بەشدارانی كۆنگرەكە كە گرنگی بە ڕاپۆرتی كۆنگرەكە بدەن و بەدواداچوون بكەن، ئەم ڕاپۆرتە بیری ئاینی زەردەشتی تێدایە یان مۆركی سیاسیی پێوەیە؟ ئایا ئامانجی كۆنگرە چی بوو؟ ئایا بۆ سووكایەتی و بە درۆخستنی زەردەشتییەكی ڕەسەنی وەك من ئەو كۆنگرەیە بەسترا؟ پێویستە لە خۆمان بپرسین ئایا خەرجكردنی سەتان هەزار دۆلار بۆ كۆنگرە، تەنیا بۆ ئەو مەبەستەی سەرەوە بووە؟ ئایا هیچ لۆجیك و حیكمەتێكی زەردەشتی لە بەیاننامەی ڕۆژنامەوانی كۆنگرەكەدا هەیە كە بۆ یەكەمجار وتاری ڕقوكینە و وێرانكاری ڕیزەكانی زەردەشتیانی كوردستان لە سووكایەتیكردن بە كەسێكی زەردەشتی بە چەند بیانوویەكی بێ مانا بڵاو دەكاتەوە؟.



وشە - رامیار جەواد