سلێمانی مەترسی لەسەرە.. ئاوەڕۆی نەخۆشخانەكان تێكەڵ بە ئاوەڕۆی گشتی دەبێت

:: PM:10:39:14/08/2022 ‌

رۆژانە پاشماوە و پاشەڕۆیەكی زۆری پزیشكی لە سنووری شاری سلێمانی كۆ دەبێتەوە، كە بە شێوەیەكی زانستی لە ناو نابرێن و مەترسییان لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی دروست كردووە، بەرپرسێكی ژینگەی سلێمانیش دەڵێت، ژینگەی سلێمانی لەبەردەم گەورەترین مەترسی پیسبووندایە و ئاوەڕۆی نەخۆشخانەكان تێكەڵ بە ئاوەڕۆی گشتی دەبێت.

بەپێی ئامارەكان تەنیا لە ناو شاری سلێمانی خۆڵ و خاشاك و پاشماوەی رۆژانە سەرو هەزار و 200 تۆن دەبێت، بەڵام تا ئێستە نەتوانراوە چارەسەر بكرێت و دەكرێتە ژێر خاكەوە، كە گەورەترین مەترسییە بۆ سەر تەندروستی و پێكهاتەكانی ژینگە، هاوكات تا ئێستە بەهۆی كەمتەرخەمیی لایەنە حكوومییەكان كارگەی ریسایكڵینی سلێمانی بەگەڕ نەخراوە.

سوبحان حوسێن، گوتەبێژی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی كەمتەرخەمیی لایەنە پێوەندیدارەكان بە ژینگە، رۆژ بە رۆژ ژینگەی سلێمانی روو لە  پیسبوونی زیاتر دەكات و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكان زیاد دەبێت، كە پیسبوونی ژینگە بە یەكێك لە گرنگترین فاكتەرەكانی بڵاوبوونەوەی ئەو رێژە زۆرەیە لە نەخۆشی، لەناویشیاندا پاشماوە پزیشكی و دەرمانە بەسەر چووەكان، كە ئەوانە مەترسی گەورەن لە ناوچەكەدا.
پاشماوە پزیشكییەكان هۆكاری گواستنەوەی بەشێك لە نەخۆشییەكانن، بەتایبەتی نەخۆشییە گوازراوەكان
زیاتر گوتی، یەكێك لە مەترسییەكان نەبوونی سیستمی چارەسەری ئاوەڕۆیە لە شاری سلێمانی و  تێكەڵبوونی هەموو ئەو پێكهاتە كیمیاییانەی لە نەخۆشخانە و ناوەندە زانستییەكان و ئاوەڕۆی ماڵان هەیە، بەتایبەت ئەو نەخۆشخانانەی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە دەكەن، ئێستە ئەمە زۆر مەترسیدارە و پێویستە هەرچی زووە لایەنی پێوەندیدار چارەسەری ئەو كێشەیە بكات.

"سەرەڕای كەمیی رێژەی سەوزایی ناو شار و وشكبوونی بەردەوامی بلوارەكانی ناوشار، رۆژانە بەهۆی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانەوە هەزاران نەمام هەڵدەكێشرێن، هەروەها بوونی رێژەیەكی زۆری ئۆتۆمبێل لەم شارەدا كە لە 800 هەزار ئۆتۆمبێل نزیك دەبێتەوە و بەردەوامیی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل و بەكارهێنانی بەنزینی كوالیتی خراپ، هۆكاری ترن بۆ پیسبوونی ژینگەی سلێمانی، هاوكات بوونی رێژەیەكی ئێجگار زۆری موەلیدەی ئەهلی و كەرتی تایبەت بۆ كارەبا، كە بوونەتە هۆی پیسبوونی هەواو ژاوەژاوێكی زۆر لە ناو شاردا"، سوبحان حوسێن وای گوت.

سەرەڕای ئەوانە، پابەندنەبوونی كارگەكان بە رێنوێنییە ژینگەییەكان، كە چەندان جۆر دەردراوی پیسیان بۆ ناو پێكهاتەكانی ژینگە، بەتایبەتی هەوا هەیە، جیا لەوانە كەمتەرخەمیی لایەنی پێوەندیدار بە ژینگەی ئەم شارە لە رووی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی و زیاتر گرنگیدان بە بواری وەبەرهێنان لەسەر حیسابی ژینگە و تەندروستی، ئەوانە هەموو كێشەكەیان ئاڵۆزتر كردووە.

پێوەست بەو بابەتەوە مەعرووف مەجید، سەرۆكی رێكخراوی ئایندە بۆ ژینگە بە "وشە"ی راگەیاند، بەشێك لە پاشماوە و پاشەڕۆكان كە مەترسیدارن، بە شێوەی نازانستی تێكەڵ بە پاشماوەكان دەكرێ و فڕێ دەدرێتە شوێنە گشتییەكان كە پاشماوەی تێدا فڕێ دەدرێت، ئەوەیش بووەتە مەترسی، كە پاشماوە پزیشكییەكان هۆكاری گواستنەوەی بەشێك لە نەخۆشيیەكانن، بەتایبەتی نەخۆشییە گوازراوەكان كە بەشێكیان لە رێگەی ئەو كەلوپەلە پزیشكییانەوە دەگوازرێنەوە.

روونی كردەوە، دەبێت ئەو پاشماوە پزیشكییانە بە شێوەیەكی زانستییانە لەناو ببرێن، نەك فڕێ بدرێن، چونكە بەشێك لە هاووڵاتییان رۆژانە بۆ بژێوی ژیانیان دەچنە ئەو شوێنانەی كە پاشماوەكانی تێدا فڕێ دەدرێت، ئەوانە كەسی یەكەمن كە بەهۆی پاشماوەكان مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، مەترسییەكی تر ئەوەیە ئەو پاشماوانە دەسووتێنرێن لە ناویاندا پاشماوەی پزیشكی هەیە، دوكەڵەكەیان تێكەڵ بە هەوا دەبێ و ژینگە پیس دەكات و مرۆڤ هەڵی دەمژێت.

"گەورەترین مەترسی ئەوەیە ئاوەڕۆی پاشماوەی نەخۆشخانەكانی سلێمانی دەچنەوە سەر ئاوەڕۆی گشتی و تێكەڵی دەبن، ئەوەیش دەچێتەوە تانجەرۆ و لەوێیشەوە دەچێت بۆ دەربەندیخان كە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتییانە، بۆیە بەشێك لە نەخۆشخانەكان، وەك نەخۆشخانەی هیوا و نەخۆشخانەی سیل، نابێت ئاوەڕۆكانیان تێكەڵ بە ئاوەڕۆی گشتی بێت"، مەعرووف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئایندە وای گوت.

لای خۆیەوە د. ئیسماعیل محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بازیان بە "وشە"ی گوت، پاشماوە پزیشكییەكان مەترسیدارن، لەوەیش مەترسیدارتر ئەوەیە ئەگەر بە رێگەیەكی زانستی لەناو نەبرێن، پاشماوە پزیشكییەكان نابێت تێكەڵ بە پاشماوەی گشتی بكرێن و دواتر لەناو ببرێن، ئەوەی پاشماوەی پزیشكییە دەبێت بە رێگەی سووتاندن لەناو ببرێت، ئەگەر بەو شێوەیە نەبوو ئەوە مەترسیدارە و كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دەبێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل