ئەو گەنجەی لە سلێمانی كوژرا كەسوكاری گومانیان هەیە

:: AM:10:57:15/08/2022 ‌
ئێوارەی دوێنێ لە كاتی هەوڵدان بۆ گرتنی چەند داواكراوێك لە ناو بازاڕی شاری سلێمانی، گەنجێك بە فیشەكی هێزە تەناهییەكان دەپێكرێت و گیان لە دەست دەدات، كەسوكارەكەشی گومانیان هەیە.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی ئاب، عادل نووری خاڵی گەنجە كوژراوەكە بە میدیاكانی راگەیاند، دوێنێ‌ پێوەندییان پێوە كردم و گوتیان خوشكەزاكەت لەلایەن ئاسایشەوە بریندار كراوە و لە نەخۆشخانەیە، كە رۆیشتم، بینیم هێزێكی زۆری ئاسایش ئەو ناوەی تەنیوە، دوای چەند سەعاتێك ئەحمەدی خوشكەزام گیانی لە دەست دا.

قوتابیی دوا قۆناغی بەشی شیكاریی نەخۆشییەكان لە زانكۆی سلێمانی بوو.
زیاتر گوتی، ئەو كوڕەی ئێمە هیچ پێوەندی بە رووداوەكە نەبووە، قوتابیی دوا قۆناغی بەشی شیكاریی نەخۆشییەكان لە زانكۆی سلێمانی بوو.

روونی كردەوە، كاتێك ئاسایش دەستی بە تەقە كردووە، خەڵكەكە رایان كردووە، ئەحمەدی خوشكەزاشم وەك هەر كەسێكی تر رای كردووە، بەڵام فیشەكێكی بەركەوتووە و ئیتر نازانین فیشەكی دووەمی چۆن بەركەوتووە، بۆیە داوا دەكەین یاسا سەروەر بێت، بەرپرسانی باڵای وەزارەتی ناوخۆ، خۆیان سەرپەرشتیی لێكۆڵینەوەكان بكەن.

شەوی رابردوو ئاسایشی سلێمانی لەبارەی رووداوەكە روونكردنەوەی داوە و گوتوویەتی، لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستەكان، هاووڵاتییەكی شارەكەمان كە لە خێزانێكی دڵسۆز و خەباتگێڕن، شەهید بوو و دوو تیرۆریستەكەش قۆڵبەست كران.



وشە - رامیار جەواد