عامری لە هەوڵی دوا ساتەكاندا.. بۆچی سەردانی كوردستانی كرد؟

:: PM:05:56:15/08/2022 ‌

دوای نكووڵیكردنێكی زۆری شیعە بەوەی كورد و سوننە هۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی عێراقن، پەردەكە بەیەكجاری هاتە خوارەوە و خەڵكی بۆیان روون بووەوە كە ناكۆكی و ململانێی ناو ماڵی شیعە ئاسایی نییە و چاوەڕوانی پێكهێنانی حكوومەتی لێ ناكرێت، بۆیە ئەگەر عەلی سیستانی نەیتە سەر خەت یان لایەنێكیان سازش نەكات، هەنگاوی داهاتووی ململانێكان شەڕی ناوخۆییە.

لە ماوەی دواییدا پەرەسەندنی رووداوەكان خێراتر بوو، لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی رابردوو موقتەدا سەدر كشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی راگەیاند و ئاڵای شۆڕشی چاكسازی هەڵكرد، چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵی پێكهێنانی حكوومەتی خێراتر كرد و گوشاری خستە سەر پارتی و سوونە بۆ سازكردنی دانیشتنی دیاریكردنی سەركۆمار و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، محەمەد شیاع سوودانی وەك كاندید دیاری كرد، ئەوەیش بووە خاڵی دەستپێكی خۆپێشاندانی لایەنگرانی سەدر و مانگرتنی كراوەیان لە ناو پەرلەمان.

لە بەرانبەر ئەو پێداگرییەی چوارچێوە لەسەر پێكهێنانی حكوومەت دوور لە سەدرییەكان، موقتەدا سەدر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دیاریكردنی وادەیەكی بۆ هەڵبژاردنی نوێ كرد، بڕیارە شەمووی داهاتوو سەدرییەكان خۆپێشاندانێكی گەورە ساز بكەن، جیا لەوەی چاوەڕوانی دادگای فیدراڵ دەكەن بڕیار لەسەر داوایەكی یاساییان بدات، بەوەی پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە، كە ئەگەر نەكرا، رەنگە هەنگاوی داهاتووی سەدر هەڵكوتانە سەر تەلاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و پەكخستنی و راگەیاندنی یاخیبوونی مەدەنی بێت، چونكە هەر پاشەكشەیەكی سەدر واتە هەنگاوێكە بەرەو لاوازی و لەناوچوونی.
چوارچێوە عامری سەرپشك كردووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ كورد، بەو پێیەی كاریگەری هەیە لەسەر سەدر و حەلبووسی
هەرچی چوارچێوەیە لەسەر چەند ئاراستەیەك كار دەكات، لەلایەك هەوڵ دەدات كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان لە دەرەوەی تەلاری پەرلەمان ساز بكات، لەوانەیش لە هەرێمی كوردستان، بۆ دیاریكردنی سەركۆمار و راسپاردنی سوودانی بۆ پێكهێنانی حكوومەت، سەركردەیەكی یەكێتی ئامادەیی خۆیان بۆ مێوانداریكردنی دانیشتنەكە لە سلێمانی راگەیاند، بەڵام رەنگە چوارچێوە بیەوێ پارتی و سوننەیش تیایدا بەشداری بكەن.

دوێنێ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و سەركردەی دیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی نزیك لە ئێران سەردانی هەولێر و سەرۆك بارزانی كرد، بەپێی سەرچاوەكان عامری دەستپێشخەرییەكی پێ بووە، جیا لەوە داوای لە سەرۆك بارزانی كردووە بۆ میانگیری لەگەڵ موقتەدا سەدر بۆ رازیكردنی لەسەر دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی دوو قۆڵی لە نێوان رەوتەكە و چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كە سەدر هەموو دیدارێكیان رەت دەكاتەوە.

بەپێی سەرچاوەكە، عامری داوای لە سەرۆك بارزانی كردووە موقتەدا سەدر بە دەستپێكردنی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و كۆتاهێنان بە خۆپێشاندانەكان رازی بكات.

عامری بەر لە سەردانی هەولێر، لەگەڵ محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان و موسەنا سامەرایی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزمی سوننە كۆ بووەوە، دوای هەولێریش لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی سلێمانیش كۆ بووەوە، عامری باسی هیچ دەستپێشخەرییەكی نەكرد و تەنیا باسی ئەوەی كرد كە هەوڵێك بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكە هەیە.

بەپێی چاودێران سەردانی عامری بۆ هەولێر بۆ سێ مەبەست بووە، یەكەمیان داواكردنی لە سەرۆك بارزانی بۆ رازیكردنی موقتەدا سەدر بە دانیشتن لەگەڵ عامری، دووەم رازیكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سازكردنی دانیشتنێكی پەرلەمان لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان و ئامادەبوونی و رازیكردنی حەلبووسی و سوونەیش بەوە، ئەوەیش بۆ دیاریكردنی سەركۆمار و راسپاردنی كاندیدی چوارچێوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت، سێیەم بەشداریكردنی پارتی و هێزە سیاسییەكانی تر لە گفتوگۆیەكی نیشتمانی بە بەشداری یان بەشدارینەكردنی رەوتی سەدر.     

بەر لە سەردانەكەی عامری بۆ هەولێر و لەكاتی سەردانەكەیش، میدیاكانی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی باسی دەستپێشخەرییەكی چوارچێوەیان كرد كە عامری لە كاتی سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان دەیخاتە روو، بەڵام هیچ دەستپێشخەرییەك ئاشكرا نەكرا.

پەرلەمانتارێكی عێراق دەڵێت، سەردانی عامری بۆ هەرێم دوو دیوی هەبوو، یەكەم تاوتوێكردنی ئەگەری دەستپێكردنی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكە لە رێگەی خستنەڕووی دەستپێشخەرییەكی نوێ كە كورد و سوننە پێی رازی بن، هەروەها باسكردنی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی هەڵپەساردنی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق، ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، چوارچێوە عامری سەرپشك كردووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ كورد، بەو پێیەی لایەنێكی كاریگەرە لەسەر موقتەدا سەدر و محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان.

ئەو پەرلەمانتارە گوتی، ئەو قسانەی باسی ئەوە دەكەن عامری دەستپێشخەری رادەگەیەنێت، زیادەڕۆیی تیادایە، بەڵێ هەوڵێك دەدات بۆ هاندانی سەرۆك بارزانی بۆ گوشاركردن لە موقتەدا سەدر بۆ قبووڵكردنی گفتوگۆ لەگەڵ سەرانی چوارچێوە، بەڵام هەوڵی زیاتری چوارچێوە دەست پێكردنی گفتوگۆكانە بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بە گشتی ئەنجامی سەردانەكەی عامری بۆ هەرێم دیار نییە، پێیش ناچێت لەو سەردانە لەگەڵ پارتی بە لێكتێگەیشتن گەیشتبن.

عائید هیلالی، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت، دەكرێ تەنگژەی سیاسی ئێستەی عێراق بە دەستوەردانی رژدی سەرۆك بارزانی بێتە چارەسەركردن، ئەو دەتوانێت وەك میانگیر یان یاریكەرێك بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچوونی لایەنە ناكۆكەكان، بەتایبەتی لەناو ماڵی شیعە، رۆڵ ببینێت، ئەوەیش كاریگەری ئەرێنی بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكە دەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل