پارتی دیموكراتی كوردستان مێژوو و ئەزموونی

:: AM:08:56:16/08/2022 ‌
پارتی دیموكراتی كوردستان پارتێكی دیموكراتیی نیشتمانییە، بڕوای بە مافەكانی مرۆڤ و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و ئازادییەكانی تاك و مافی نەتەوەیی كورد و نەتەوەكانی تر هەیە لە بڕیاردانی چارەنووسیاندا، لە پێناو بە دیهێنانیان بەپێی پرۆگرامگەلێكی زانستی و بەڕێی دیموكراسی و ئاشتییانە، لە ئەزموونەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی مێژوویی نەتەوەی كورد و كەلەپووری نیشتمانی و خەباتگێڕانەی بارزانیی نەمرەوە سەرچاوەی گرتووە، تێدەكۆشێت و سوودیش لە ئەزموونی گەلان وەردەگرێت كە لەگەڵ واقیعی كوردستاندا دەگونجێن.

خۆی بانگەشە بۆ كۆششكردن بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی سیاسییانەی دۆزی كورد لە چوارچێوەی رێكخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكاندا و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد
ئەو حزبە شۆڕشگێڕەی كورد لە 16 ئابی ساڵی 1946 بە سەرۆكایەتیی مەلا مستەفا بارزانیی نەمر دامەزراوە، سەرەتا ناوی "پارتی دیموكراتی كورد" بووە و لە كۆنگرەی سێیەمدا كە لە 26/1/1953 لە شاری كەركووك بەسترا، بڕیار درا ناوی حزب بكرێتە پارتی دیموكراتی كوردستان.

ئەو حزبەی بە درێژایی مێژووی خۆی 13 كۆنگرەی ئەنجام داوە بەم شێوەیە بووە:

كۆنگرەی یەكەم: 16/8/1946 ، بە نهێنی لە شاری بەغدا لە ماڵی "سەعید فەهیم" بەسترا، بە ئامادەبوونی نزیكەی 70 نوێنەر.

كۆنگرەی دووەم: لە مانگی ئاداری ساڵی 1951 لە شاری بەغدا لە ماڵی عەلی حەمدی بەسترا، بە ئامادەبوونی نزیكەی 30 نوێنەری لق و ناوچەكانی پارتی.

كۆنگرەی سێیەم: 26/1/1953 ، لە شاری كەركووك بە ئامادەبوونی نزیكەی 40 نوێنەر بەسترا.

كۆنگرەی چوارەم: 4-7/10/1959، لە شاری بەغدا لە ماڵی كاكە زیاد بە سەرپەرشتی مەلا مستەفا بارزانی بەسترا.

كۆنگرەی پێنجەم: مانگی ئایاری ساڵی 1960، لە بارەگای ئەوكاتی حزب لە شاری بەغدا بەسترا.

كۆنگرەی شەشەم: لە سەرەتای مانگی تەمووزی ساڵی 1964 لە شارۆكەی قەڵادزێ بەسترا.

كۆنگرەی حەوتەم: 15/11/1966 لە گەڵاڵە بەسترا.

كۆنگرەی هەشتەم: 1/7/1970، لە ناوپردان بە ئامادەبوونی 488 نوێنەر بەسترا.

كۆنگرەی نۆیەم: 4/10/1979، لە زێوەی دەڤەری مەرگەوەڕ بەسترا، تێیدا بە تێكڕای دەنگ مەسعوود مستەفا بارزانی بەسەرۆكی پارتی هاتە هەڵبژاردن.

كۆنگرەی دەیەم: 2-12/12/1989، لە مەرگەوەڕ بە بەشداری 332 نوێنەر بەسترا.

كۆنگرەی یانزەیەم: 1993، لە هەولێری پایتەخت بە بەشداری دوو هەزار و 167 نوێنەر بەسترا.

كۆنگرەی دوانزەیەم: 6-14/10/1999، لە هەولێری پایتەخت بە بەشداری هەزار و 473 نوێنەر بەسترا.

سەركردایەتی و هەیكەلی ئێستەی پارتی سەرۆك مەسعوود مستەفا بارزانییە
كۆنگرەی سیانزەیەم: 11/12/2010-18، لە هەولێری پایتەخت، بە بەشداری زیاتر لە هەزار  500 نوێنەر بەسترا.
 
ئەو حزبە لە سەرەتای دامەزراندیەوە تا ئێستە، ئامانج و هەوڵی خۆی بۆ پرسە نیشتمانییەكان راگەیاندووە، ئەویش پتەوكردنی پێوەندیی برایانە و پشتگیری و هاریكاریكردن لەگەڵ سەرجەم حزب و رێكخراوە دیموكرات و ئاشتیخوازەكان و رەوەندی كوردی، تا بەشێوەیەكی ئاشتیانە ئامانجە نەتەوەییە رەواكانی نەتەوەی كورد بەدی بهێنرێن و كولتووری دیالۆگ و لێبوردەیی لەناو ماڵی كورددا بڵاو بێتەوە و پەنابردن بۆ توندوتیژیی حەرام بكرێ.

لە بەشێكی پێڕەوی خۆی بانگەشە بۆ كۆششكردن بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی سیاسییانەی دۆزی كورد لە چوارچێوەی رێكخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكاندا و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد، سیفەتی چاودێر لەو رێكخراوانەدا وەربگرێ بۆ ئەوەی داكۆكی لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییە رەواكانی بكات.

ئامانجێكی تری ئەو حزبە، گەڕانەوەی هەموو ناوچە دابڕاوەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو میكانیزمانەی لە مادەی 140ی دەستووری عێراقی فیدراڵدا هەن، بەوەش سنووری هەرێم بچەسپێنرێ.

ئامانجە نیشتمانییەكانی پارتی، كۆششكردن بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی، یاسا و هاودەرفەتی تێدا فەراهەم بێ و هەمووان تێیدا لە سایەی دەسەڵاتێكی نیشتمانیی دەستپاك و زوڵاڵدا بژین، فرەحزبی و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات جێبەجێ بكرێ، لەگەڵ پاراستن و پەرەپێدانی هەموو ئەو دەستكەوت و ئیستیحقاقە نەتەوەیی و سیاسی و ئابووری و كولتوورییانەی بە خەباتێكی مێژوویی هاتوونەتە دی كە لە بنەڕەتدا بەرهەمی خوێنی شەهیدانمان و قوربانیدانی گەلەكەمان و وەڵامدەرەوەی ئیرادەیەكی ئازادانەی دلێر بوون.

سەركردایەتی و هەیكەلی ئێستەی پارتی سەرۆك مەسعوود مستەفا بارزانییە، جێگرەكەی نێچیرڤان ئیدریس بارزانییە كە ئێستە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە.
 
ئەو حزبە لە دواین كۆنگرەی دروشم و هێما و ئاڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بەم شێوەیە داڕشت:
دروشمی پارتی: نوێبوونەوە- دادپەروەری- پێكەوەژیان.

ئاڵای پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشێوەیەكی سەرەكی پێك دێت لە هەریەك لە پیتەكانی Pdk  كە ئاماژەن بۆ پیتەكانی سەرەتای ناوی پارتی بە رێنووسی لاتینی PARTIYA DEMOKRATA KURDISTANE  بە رەنگەكانی زەرد و سوور كە لەسەر شێوەی بازنەیەك كێشراون.

لای ئەو حزبە رەنگی زەرد، هێمای تیشكی خۆر، سەرچاوەی ژیان، گەرمی و وزە، هەر ئەمیش رەنگی پارتییە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، رەنگی سوور، هێمای خوێنی شەهیدانی كوردستانە.

هێمای پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوو بازنە پێك دێت، بازنەی دەرەوە و بازنەی ناوەوە كە خۆرێكی درەوشاوە لە خۆ دەگرێت، لەگەڵ 46 تیشك كە هێمایە بۆ ساڵی 1946 كە تێیدا پارتی دامەزرا. لە ناوەڕاستی خۆرەكە هەڵۆیەكی تێدایە كە سەربەرزانە وەستاوە. لە سەرەوەی درەشمەكە و لە نێوانی چێوەی هەردوو بازنەكە، ناوی پارتی نووسراوە. لە خوارەوەی هەڵۆكە، پیتەكانی سەرەتای Kurdistan Democratic Party-KDP نووسراوە. خوارووی چێوەی بازنەی ناوەوەی دروشمەكە بە دوو گوڵەگەنمی یەكتربڕ تەواو كراوە. لە ژێر خۆرەكە و بۆشایی نێوان چێوەی هەردوو بازنەكە نووسراوە (PARTIYA DEMOKRATA KURDISTANE)  بە ڕێنووسی لاتینی نووسراوە. هەموو دروشمەكەیش لەسەر رەهەندێكی سپی كێشراوە كە هێمای پاكیزەیی و ئاشتی و ئازادی و هاوئاهەنگییە.



وشە - رامیار جەواد