چین نایەوێ تایوان داگیر بكات.. بەنیازی چییە؟

:: PM:05:35:16/08/2022 ‌

رەنگە بەراوردكردن لە نێوان چین و تایوان لە رووی سەربازییەوە، وەك بەراوردكردن بێت لە نێوان مشك و پشیلە یان ورچ و گورگ، چونكە چین خاوەن گەورەترین سوپایە لە دنیا لە رووی ژمارەوە و لە پلەی سێیەم دێت لە دوای ئەمەریكا و رووسیا لە رووی هێزەوە، جیا لەوەی خەریكە بەهۆی پەرەسەندنی تواناكانی دەبێتە هێزی دووەم، بۆیە جیاوازی توانای سەربازی ئەو دوو وڵاتە زۆر گەورەیە، بەڵام بۆچی راستەوخۆ هێرشی ناكاتە سەر تایوان و بەنیازی چییە؟

ئەوەی باس كرا دیوی دیاری بابەتەكەیە، دیوێكی تری ئەوەیە تایوان سەرەڕای ئەو لاسەنگییە گەورەی لە گەڵ تواناكانی چین هەیەتی، ئامانج و پارووێكی ئاسان نییە، ئەوەیش بەهۆی سروشتی پارێزراوی دوورگەكە، كە بە دەریاكان دەورە دراوە و بەرزونزمی جوگرافیای سەخت و چیا و دارستانی زۆر، هەروەها سوپاكەی ساڵانێكە ئامادەسازی بۆ هێرشی چین دەكات، بەدەر لەوەیش تایوان وڵاتێكی پێشكەوتووە لە رووی تەكنۆلۆجیاوە و پێوەندی بەهێزیشی لەگەڵ ئەمەریكا و رۆژئاوا هەیە، بەتایبەتی لە رووی سەربازییەوە.
چین دەیەوێ لە بری شەڕ بە هەڕەشە و ناچاركردن تایوان بگەڕێنێتەوە
تایوان بەشێك بوو لە چین، بەڵام دوای سەركەوتنی شیوعییەكان، ژمارەیەكی گەورە لە سەرانی پارتی كۆمینتانگ و ئەندامان و سەربازانی سوپاكەی و فەرمانبەران و كارسازان لە چینەوە بەرەو دوورگەكە هەڵاتن، كە ژمارەیان ملیۆنێك كەس دەبوو، لە كۆتای چلەكانی سەتەی رابردوو لەوێ كۆماری نیشتمانی چینیان دامەزراند، لەو ساتەوە پەكین نەیتوانی بیگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی.

رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت، سەرەڕای ناهاوسەنگی هێز و توانای سەربازی و ئابووری و مرۆیی لە نێوان هەردوو وڵات، بۆچی پەكین ناتوانێت یان نایەوێ تایوان داگیر بكات و بیخاتەوە سەر خاكەكە؟، لە ماوەی رابردوو لە دوای سەردانی نانسی بیلووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بۆ تایوان، چین هەڕەشەی گەورەی سەربازی لە دوورگەكە دەست پێ كردووە، بەڵام هەر هێرشێكی بۆ داگیركردنی ئەو دوورگە ئاسان نییە و مەترسی گەورەی تیادایە، بەڵام پلانی یەدەگی بۆ ئەوە هەیە كە بە بێ شەڕ بیگەڕێنێتەوە.  

لە ماوەی ئەم هەفتەیە چین مەشقە سەربازییەكەی لە دەوروبەری تایوان كۆتایی پێ هێنا، هاوكات نووسنگەی كاروباری تایوان سەر بە ئەنجوومەنی دەوڵەت لە چین "كتێبی سپی" دەركرد و دووپاتی لەسەر یەكخستنەوەی ئاشتیانەی لەگەڵ ئەو دوورگەی خاوەن ئۆتۆنۆمی كردەوە، لەگەڵ هێشتنەوەی مافی پەنابردن بۆ هێز ئەگەر پێویست بكات، بۆیە بە پێی راپۆرتێكی كۆواری " Foreign Policy"ی ئەمەریكی دەكرێ بەو هۆیەوە ئەگەری پەرەسەندنی سەربازی لە ناوچەكە دوور بخرێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی چین بانگەشەی بۆ دەكات، كە كۆنترۆڵكردنی تایوان ئاسان و خێرا دەبێت، بەڵام دەبێت هێرشێكی گەورەی وشكاوەكی لە دژی تایوان بكات، كە ساڵانێكە تایوان بەرژدی خۆی بۆ ئامادە كردووە، بۆیە جیا لە سەختی و بەربەستە جوگرافییەكان، مەترسی جیۆسیاسیش هەیە، لەوانە ئەگەری چوونە ناو شەڕێكی فرەوان لەگەڵ ئەمەریكا و رۆژئاوا، لەو كاتەی بەشێك لە ناوەندە ئەكادیمییە سەربازییەكانی چینی پێیان وایە دەكرێ هەر هێرشێكی چین وا بكات ئەمەریكا لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن بچێتە دەرەوە، بەڵام سەرانی چین نایانەوێ بچنە ناو شەڕ و ململانێی راستەوخۆی سەربازی لەگەڵ ئەمەریكا، بۆیە كەس لە پەكین نایەوێ بچێتە ناو شەڕ و بە دەستی بەهێزترین سوپا لە دنیا تووشی دۆڕانێكی گەورە ببنەوە و كار بگاتە شەڕێكی ئەتۆمی.    

لەلایەكی تر هەر هێرشێكی بۆ سەر تایوان، بانگەشەكانی چین رەت دەكاتەوە بەوەی هێزێكی ئاشتیخوازە، بەهۆی بەهێزیی توانای تەكنۆلۆجی تایوانیشەوە، پێشێلكارییەكانی سوپاكەی لەو دوورگەكە زۆر بە جوانی پێشانی دنیا دەدرێت، سەرەڕای ئەوانەیش هەر هێرشێكی چین بۆ سەر تایوان كاریگەری گەورە و خراپی لەسەر ئابووری چین و پێوەندی بازرگانی دەرەوەی دەبێت، لە ناوخۆیش تووشی داتەپینی ئابووری دەكات، لە پاڵ سزای ئەمەریكا و رۆژئاوا بە هاوشێوەی رووسیا. 

لە بەرانبەر هەموو ئەو سەختییانەوە، چین پلانی تری هەیە بۆ گەڕاندنەوەی تایوان بێ شەڕ، بەڵام لە راپرسییەكانی لە تایوان كراون، دەری دەخەن كە ئەو خواستەی چین زۆر زەحمەت و خەیاڵە، چونكە تەنیا 2%ی تایوانییەكان خۆیان بە چینی دەزانن، بە بەراورد بە 25%یان بەر لە 10 ساڵ، ئەوەیش بەهۆی گۆڕانی هزری نەوەكان و پێشێلكارییەكانی چین بۆ مافەكانی مرۆڤەوە، كاتێك زۆرینەی تایوانییەكان بیرۆكەیەكی خراپیان لەسەر حزبی شیوعی چین هەیە و بینیان لە هۆنگ كۆنگ چی روو دەدات.

كەچی لە "كتێبی سپی"ی چینی، سەرانی چین دەیانەوێ وای پێشان بدەن كە گەلی تایوان لەلایەن رۆژئاوا و پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی جیاخوازەوە هەڵخەڵەتێنراوە، بۆیە ئەوان دەیانەوێ لە بری شەڕی راستەوخۆ، بە هەڕەشە و ناچاركردن كار بۆ خۆرادەستكردنی تایوان بكەن.  

لەلایەكی تر شارەزایان دەڵێن، چین درك بە ئامانجەكانی ئەمەریكا دەكات كە لە تایوان تەڵەی بۆ دانراوەتەوە، ئەوەیش بە مەبەستی لاوازكردنی و پەكخستنی گەشەی ئابوورییەكەی، لەلایەك قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان پەكین و تایبێ لە ساڵی رابردوو 140 ملیار دۆلاری تێپەڕ كردووە، لەوكاتەی تایوان 40%ی بەرهەمەكانی هەناردەی چین دەكات و وەبەرهێنانی تایوان لە چین زیاتر لە 200 ملیار دۆلارە، چین نایەوێت ئەوانە لە دەست بدات.

لەو كاتەی چین هەوڵی پارێزگاریكردن لە پێشەنگیی وڵاتانی بەهێزترینی ئابووری لە دنیا و ركابەری ئەمەریكا دەدات و پەكین باش درك بە مەترسی دۆخەكە دەكات و نایەوێ بكەوێتە ناو ئەو تەڵەی ئەمەریكا بۆی داناوەتەوە، بە راكێشانی چین بۆ ناو تەنگژەیەكی سەربازی لەگەڵ تایوان، بە مەبەستی لاوازكردنی ئابوورییەكەی.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل