وەزیری دارایی عێراق بۆچی دەستی لەكار كێشایەوە؟

:: PM:06:32:16/08/2022 ‌

دوای ئەوەی عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق دەستی لەكار كێشایەوە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی بۆ راپەڕاندنی ئەركەكانی وەزیری دارایی راسپارد، سەرچاوەیەكیش هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی عەلاوی ئاشكرا دەكات.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گوتی، راسپاردنی ئیحسان عەبدولجەبار بۆ شوێنی عەلی عەلاوی، كاتییە و دوای رەزامەندیی كازمی دێت لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری دارایی.
ناكۆكی سیاسی و جێبەجێنەكردنی نووسراوی سپی عەلاویان بێئومێد كرد
ئەمڕۆ سێشەم عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی پێشكەیش كرد و كازمیش رەزامەندی لەسەر دا، بەڵام هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكە دیاری نەكرا.

سەرچاوەیەكی حكوومەت لەبارەی هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی عەلاوی گوتی، عەلاوی لە نووسراوی دەستلەكاركێشانەوەكەی بە نەبوونی هەنگاوی كردەنی بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی نووسراوی سپی بۆ چاكسازی لە ئابووری عێراق بەستووەتەوە، ئەو بێزاری خۆی لە كۆتانەهێنان بە گەندەڵی و یاریكردن بە كەرتی بانكی و زیادبوونی دۆسییەكان لەبارەیەوە پێشان داوە.

ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە بەر لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، كازمی چاوی بە عەلاوی كەوتووە بۆ پەشیمانكردنەوەی لە بڕیارەكەی، بەڵام ئەو سوور بووە لەسەر دەستلەكاركێشانەوە.

لای خۆیەوە حەسەن نازم، وەزیری رۆشنبیری و گوتەبێژ بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە دوای كۆتاهاتنی دانیشتنی ئەنجوومەنەكە گوتی، دەقی نووسراوی دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری دارایی باسی ئەوەی كردووە كە حكوومەت بە ململانێی سیاسی وابەستەیە، ئەوەیش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی بێئومێد بووە لە جێبەجێكردنی پلانی چاكسازی حكوومەتی ئێستە، كە بەناوی "نووسراوی سپی" هاتە راگەیاندن.   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل