جیرارد پیکێ یاریزانی ئیسپانی و به‌رگریكاری یانه‌ی بارسێلۆنا، لە سۆشیال میدیادا كاردانه‌وه‌ی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار به ئاشكرا له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته نوێیه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت، كه ناوی "کلارا چیا مارتی"ـیه و 12 ساڵ لە خۆی بچووکترە.
وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان بڵاوبوونەتەوە کە شەمووی رابردوو، پیکێی تەمەن 35 ساڵان لە کۆنسێرتێکدا ماچی خۆشه‌ویسته تازه‌كه‌ی ده‌كات، کە دەگوترێت ئه‌و كچه هۆکاری جیابوونەوەی پیكێ و شاكیرای هاوژینی بووه.
دیمه‌نه‌كان لە لایەن بەرنامەی Socialité بڵاوکراونەتەوە، کە لە کەناڵی تێلیسینکۆی ئیسپانی پەخش دەکرێت، تێیدا پیكێ خۆشه‌ویسته نوێیه‌كه‌ی له باوه‌ش كردووه و ماچی ده‌كات، كاتێك به‌یه‌كه‌وه لە فێستیڤاڵی هاوینەی Summerfest Cerdanya له کەتەلۆنیا ئاماده‌بوون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندیی ئەو دووانە نوێیە، ئاشكرای كردووه، چەند مانگێکە پیكێ و خۆشه‌ویسته‌كه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ن، بە تایبەت کە کلارا لە بەشی پێوەندییە گشتییەکان و رێكخستنی بۆنه‌كان له کۆمپانیای "کۆسمۆس" كار ده‌كات، كه پیكێ خاوه‌نیه‌تی.
هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، ئه‌وان هه‌وڵیان داوه پێوه‌ندییه‌كه‌یان به نهێنی بهێڵنه‌وه و له رۆژنامه و میدیاكان بڵاو نه‌بێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی نزیك له‌و یاریزانه به‌ناوبانگه‌ن، ماوه‌یه‌كه ورده‌كارییه‌كان ده‌زانن، هه‌روه‌ك رۆژنامه‌ی "زه سه‌ن"ی به‌ریتانی بڵاوی كردووه‌ته‌وه.
جگە لەوەش ئەو سەرچاوەیە دووپاتی كردەوە، كە هاوڕێیه‌كانی پیكێ یارمەتیان داوە بۆ شاردنەوەی ئەم پێوەندییە، تەنانەت ئەكاونتەكانی كلارایان شاردووەتەوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا سڕیویانه‌ته‌وه، بۆ ئەوەی خەڵك نەتوانن وێنەكانی بدۆزنەوە، ئەمەش راستی و رژدیی پێوەندی نێوان ئەو یاریزانەی بارسێلۆنا و خۆشه‌ویسته‌كه‌ی دووپات ده‌كه‌نه‌وه، كه 12 ساڵ لە خۆی بچووکترە.
جێرارد پیكێ و شاکیرای گۆرانیبێژی كۆڵۆمبی، لە مانگی حوزەیرانی رابردوو جیابوونه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی 12 ساڵ هاوسه‌ری یه‌كتر بوون و دوو منداڵیشیان هه‌یه.