بۆچی لە كاتی بەیانیی زوودا سزای سێدارە جێبەجێ دەكرێت؟

:: PM:03:48:28/08/2022 ‌
زۆر هۆكار هەن بۆ ئەوانەی سزای سێدارە دراون، بەیانیی زوو سزاكەیان جێبەجێ دەكرێ، خەڵكێكی زۆر پێیان وایە كاتەكەی ئاساییە، بەڵام راستییەكەی هۆكار بۆ ئەوكاتە زۆرە كە زۆربەیان پێوەندییان بە دۆخی دەروونی سزادراوەوە هەیە.

پێگەی "ئەهرام"ی میسری ئەمڕۆ یەكشەم 28ی ئاب، هەواڵێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، لە بەیانیی زوودا جیا لە ستافی سێدارە كە سزاكە جێبەجێ دەكەن، ئەوانی تر هەموو لە خەودان، بۆیە كەمترین كەس ئاگایان لە رووداوەكە دەبێت، ئەمە و جیا لە هۆكارە دەروونییەكان.

پێگەكە لەبارەی هۆكارەكانەوە زیاتر گوتوویەتی، پێشتر كە لە كاتی جیاوازدا سزاكە جێبەجێ دەكرا، كەسوكاری سزادراو زۆریان ئاگایان لە كاتی سزاكە دەبوو، بۆیە زۆرجار لە شوێنی سزاكە كۆ دەبوونەوە و داواكاریی جۆراوجۆریان دەبوو یان خۆپێشاندانیان دەكرد، ئەوەیش كێشەی دروست دەكرد.

هاوكات پێگەكە لەبارەی هۆكارەكانەوە روونی كردووەتەوە، لە كاتی بەیانیی زوودا جەستەی مرۆڤ لەوپەڕی پشوودایە و لەڕووی دەروونییەوە هێمنتر دەبێت، هاوكات لە بەیانیی زوودا تەواوی گیراوەكانی تر لە خەودان، بۆیە باشترین كات بۆ جێبەجێكردنی سزاكە بەیانیی زووە.

بۆیە بەپێی یاسای رێوشوێنی تاوان، لە 1942دا هەمواری یاساكە كرا و كاتێكی دیاریكراویان بۆ سزای سێدارەیان دەركرد كە ئەویش لەڕێی داواكاری گشتییەوە دەرچوو.

لەگەڵ یاساكەدا ئەوەیش دیاری كراوە كە لە كاتی جێبەجێكردنی سزاكە، پێویستە بریكاری داواكاری گشتی، بەڕێوەبەری گرتووخانە و پزیشكی گرتووخانە، هاوكات پزیشكێكی تر كە داواكاری گشتیی دیاری دەكات.

لەناو ئەو مادە یاساییەدا ئەوەیش هاتووە هەر كەسێك كە سزای سێدارەی لەسەر جێبەجێ دەكرێت، ئەگەر كەسوكاری داوای تەرمەكەی نەكەنەوە، حكوومەت خۆی ئەركی بەخاكسپاردنی لە ئەستۆ دەگرێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د