"بازیل نیكیتین و كوردناسی" بڵاو كرایەوە

:: PM:10:39:29/08/2022 ‌

كتێبی "بازیل نیكیتین و كوردناسی"، لە وەرگێڕانی د. نەجاتی عەبدوڵا لە زمانی فڕەنسییەوە كرا بە كوردی و لە دووتوێی 363 لاپەڕەدا لە ناوەندی 49 كتێب چاپ و بڵاو كرایەوە.

لەبارەی كتێبەكەوە د. نەجاتی عەبدوڵا بە "وشە"ی گوت، بەشێكی ناوەڕۆكی كتێبەكە باس لە مەلا سەعیدی شەمدینانی، پاشان سەرچڵێك لەبارەی ژیان و كارە كوردناسییەكانی بازیل نیكیتین و بیبلیۆگرافیای كڕۆنۆلۆجی كارە زانستییەكانی  لەبارەی كوردەوە دەكات.

زیاتر گوتی، بەشێكی تری كتێبەكە باس لە میرەكانی ئەردەلانو شەمدینان و ستایشێكی كوردی سوننیزم و هۆنراوەی لیریكی كوردی و شیعری كوردی و چیڕۆكی سۆتۆ و تەتۆ دەكات، بەشی كۆتاییشی باس لە بەدرخانی و برادۆست و ئۆرەمار و بەهلوول و رواندز دەكات.

وەرگێڕ روونی كردەوە، كوردناسی ئەگەر بۆ رۆژهەڵاتناس و كوردۆلۆگەكان هەر ئامانج و مەبەستێكی تری لە پشتەوە بووبێت، بەڵام بۆ كورد هەرچۆنێك بێت "تا رادەیەك"، بەخێر شكاوەتەوە و كەم و زۆر برێك لە حەشارگە زۆر و زەوەندەكانی مێژووی كوردیان رووناك كردووەتەوە، هەر ئەوان زۆر دەستنووس، بەیاز و لاپەڕەكانی مێژووی ئێمەیان لە فەوتان رزگار كردووە، كە ئەگەر ئەوان نەبوونایە ئەمڕۆ حەشارگەكانی مێژووی وڵاتەكەمان زۆر لەوەی ئێستە تاریكتر دەبوون.

"نایشارمەوە لەوەتەی لە پاریس گیرساومەتەوە، ئاشناییم لەگەڵ نووسراوەكانی نیكیتین پەیدا كردووە و كەم تا زۆر ئاگام لە سەرجەمی بەرهەمە كوردناسییەكانی ئەم زانا گەورەیە بووە، كە لە دوای خۆیەوە بەرهەمێكی زۆری جێ هێشتووە، وا بۆ نزیكەی 15 ساڵ زیاترە من ناوە ناوە خەریكی وەرگێڕانی كارەكانی "نیكیتینم"، ئەم وەرگێڕانەیش بەرهەمی كاركردنی ئەم چەند ساڵەیە و هەموو ئەو وتار و نووسینانەی تری كە نەكەوتوونەتە ناو ئەم بەرگە، ئەگەر عومر باقی بێت لە دەرفەتێكی تردا هەوڵ دەدەم بڵاویان بكەمەوە"، د. نەجاتی عەبدوڵا وا دەڵێت.

ئامەژە بەوەیش دەكات، ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێك زیاتر پێویستمان بە ناوەندێكی تایبەت بە كوردناسییە، كە لە ناوەوەی كوردستاندا كار بۆ وەرگێڕان و بڵاوكردنەوەی ئەو بەرهەمانە بكات، كە لەسەر كورد نووسراون، ئەمڕۆ بە زمانەكانی ئینگلیزی، فڕەنسی، ئەڵمانی، رووسی و زۆر زمانی تر، بە سەتان كتێب و گوتاری چاك و بە كەڵك هەن، كە پێویستە بە بێ دەستكاری و وەك خۆیان بكرێن بە كوردی. سەفەرنامەكانی سەتەی 18م و 19م و سەرەتای سەتەی 20ەمی ئەوروپاییەكان، كە تا ئێستە  شتێكی وایان لێ نەكراوەتە كوردی وەك مەتریاڵ و كەرەستەی مێژوویی، زمانەوانی، ئەدەبی و زۆر لایەنی تری ژیاریی كوردەوە، دەكرێ خزمەتی زۆری كتێبخانەی هەژاری كوردی بكەن.
 
عەبدوڵا دووپاتی كردەوە، كە ئەم بەرهەمانەی "نیكیتین"، دەكەمە كوردی، زۆر نیازمە لێكۆلەرەوانی مێژووی كورد بە كارەكانی نیكیتین دابچنەوە و كاری زێدەی بخەنە سەر، حەزدەكەم بەر لەوەی خوێنەر بچێتە ناو خوێندنەوەی بابەتەكان لەوە ئاگەدار بێت كە ئەم بابەتانە لە دید و روانینی بێگانەیەكەوە نووسراون و بەرهەمی سەردەمی خۆیانن، بۆ خوێنەری فڕەنسی زمان نووسراون و مامەڵە لەگەڵ عەقڵی خوێنەری فڕەنسی دەكەن. من نازانم چەندە لە وەڕگێرانی ئەم بەرهەمانەدا سەركەوتوو بووم، با ئەمە بۆ خوێندەواران جێبهێڵم و بڵێم لە هەر جێگەیەكیشدا ناتەواوی یا هەڵەیەك لە وەرگێڕاندا هەبێت ئەوا تەنیا یەخەی من دەگرێتەوە.

لەكۆتاییدا گوتی، ئاشكرای دەكەم تەواوی دەستنووسەكانی مەلا سەعیدی قازی كوردستانی، كە بۆ (بازیل نیكیتین)ی نووسی بوون، ئێستە نیوەیان لە زانكۆی گوتینگن لەناو فایلەكانی(Nachlass) لە ئەرشیڤی مەكەنزی پارێزراون و نیوەشیان لای پرۆفیسۆ  Paul Ludwig پارێزراون، هەموو ئەو دەستوونسانەی مەلا سەعیدیش، كە لە پاشكۆی ئەم كتێبەدا بڵاو كراونەتەوە، لە رێگەی هاوڕێی خۆشەویستم د. ئەرگین وەك دیاریی بۆ ئەم كتێبە و بە ئیجازەی خۆیان بڵاو كراوەنەتەوە. 

شایەنی باسە كتێبی"بازیل نیكیتین و كوردناسی"، لە  وەرگێڕانی  د. نەجاتی عەبدوڵایە لە دووتوێی 363 لاپەڕەدا لە ناوەندی 49 كتێب چاپ و بڵاو كراوەتەوە و ئێستە بەردەستە لە كتێبخانەكان.

د. نەجاتی عەبدوڵا لە ساڵی 1966 لە هەولێر لەدایك بووە، لە فڕەنسا بڕوانامەی دكتۆرای لە مێژووی هاوچەرخ بەدەست هێناوە، نزیكەی 40 بەرهەمی تری هەیە و جێگری سەرۆكی ئەكادیمیای كوردییە، ئێستە لە هەولێر دادەنیشێت.

شارەزوور/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل