سەرۆكی ئەو باندەی لەشفرۆشی بۆ هەولێر دەنارد سزاى سێدارەدانى بەسەر سەپێنرا

:: PM:01:26:04/09/2022 ‌
زارا سدیقی هەمەدانی /31 ساڵ/ خەڵكی نەغەدە، هاوڕێ لەگەڵ ئیلهام چووبدار /24 ساڵ/ خەڵكی ورمێ، بە تۆمەتی بەشداری لە چالاكانی پەرەپێدان بە هاوڕەگەزخوازییەوە، لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا.

ئەمڕۆ یەكشەم چواری ئەیلوول، ڕێكخراوی هەنگاوی بڵاوی كردووەتەوە، لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی پەرەپێدان بە هاوڕەگەزخوازی و پەرەپێدان بە ئاینی مەسیحی، هەروەها پێوەندی لەگەڵ میدیاكانی دژبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار كرابوون.

زارا سدیقی پێشتر سەرۆكی ئەو باندەش بوو كە لەشفرۆشی بۆ هەولێر دەنارد و سەرپەرشتی دەكردن.

زارا لە كاتی چوون بۆ توركیا، لەلایەن هێزەكانی ئیتڵاعاتی سوپا لە سنووری توركیا دەستبەسەر كرا و دوای دوو مانگ ڕاگیران لە ژووری تاكەكەسیی گرتووخانەی ئیتڵاعاتی سوپای ورمێ، بۆ بەندی ژنانی گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پێشتر ڕای گەیاندبوو، زارا سدیقی هەمەدانی، داكۆكیكاری مافەكانی مرۆڤ و ئەندامی كۆمەڵەی پەڵكەزێڕینە بووە، تەنیا بەهۆی ڕەگەزەكەی و ئاشكراكردنی ناسنامەی ڕەگەزی ڕاستەقینەی خۆی، هەروەها پۆستەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ پشتگیری لە مافەكانی كەسانی هاوڕەگەزخواز بوو، بەپێچەوانەی ڕێوشوێنە نێودەوڵەتییەكان و بەشێوەی سەرەڕۆیانە، دەستبەسەر كرا و لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە.





وشە - رامیار جەواد