وەزیری پەروەردە بۆ دواخستنی پرۆسەی خوێندن بڕیاری دا

:: PM:04:10:11/09/2022 ‌
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی دواخستنی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان، بڕیاری كۆتایی ڕاگەیاند.

بڕیارە ڕۆژی 13ـی ئەیلوول خوێندنی ئەمساڵ دەست پێ‌ بكات، ژمارەیەك هاووڵاتی داوای دواخستنی خوێندنیان كردووە، وەزیری پەروەردەش وەڵامیان دەداتەوە.

ئایا گونجاوە دەوام بمێنێتەوە؟ سەیری ساڵنامەی خوێندن بكەن، موراعاتی هەموو شتێك كراوە
ئەمڕۆ یەكشەم 11ـی ئەیلوول، لە بەرانبەر داواكاریی ژمارەیەك هاووڵاتی و قوتابی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت،  ساڵی پار 14ـی ئەیلوول دەوام بوو، ئەمساڵ 13ـی ئەیلوولە، نازانم بۆ پار ئەو داواكارییە نەبوو.

وەزیری پەروەردە دەڵێت، پرسیارێك، ئەی مانگی حوزەیران و تەمووز گەرم نییە؟ ئایا گونجاوە دەوام بمێنێتەوە؟ سەیری ساڵنامەی خوێندن بكەن، موراعاتی هەموو شتێك كراوە كە پێش 25 ی 12 وەرزی یەكەم بە تاقیكردنەوەكانیشەوە تەواو بكرێت.

باسی لەوەش كردووە، نزیكەی پێنج هەزار فێنككەرەوە كڕاون بۆ ناوەندەكانی خوێندن، لە كۆتادا دەڵێم سەیری پێشبینی كەشوهەوای تا 20 ڕۆژی تریش بكە پلەكانی گەرما هەمان پلەن، پلەیەك كەمتر یان زیاترە، بۆ حیسابی كۆتایی ساڵ ناكرێ كە چەند گەرمە ئایا گونجاوە بكەوینە مانگی شەشەوە؟.



وشە - رامیار جەواد