كێ بۆ شوێنی رابەری شۆڕشی ئێران ئامادە كراوە؟

:: PM:11:50:20/09/2022 ‌

شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە 1979 لەلایەن روحوڵا خومەینییەوە هەڵگیرسا، ئەو توانی رژێمی شانشا بڕووخێنێت، لەو ساتەوە ئەو وڵاتە لەلایەن خومەینی و دوای ئەو لە 1989ەوە لەلایەن عەلی خامنەییەوە رابەرایەتی دەكرێت، ئێستەیش بەدەر لە ئاڵۆزی و تەنگژەكانی ئەو وڵاتە، رابەرەكەی لە سەرە مەرگدایە، ماڵپەڕێكی ئەمەریكی باسی شوێنگرەوەكانی دەكات.
ماوەیەكی دوورودرێژە موجتەبا بۆ شوێنگرتنەوەی باوكی ئامادە دەكرێت
وەك ماڵپەڕی "ئەنجوومەنی ئەتلەسی" ئەمەریكی لە راپۆرتێكی باسی كردووە، شوێنگرەوەكانی رابەری شۆڕشی ئێران بریتین لە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی ئێستەی ئێران و موجتەبا خامنەیی، دووەم كوڕی رابەری ئێستەی ئێران، لە ماوەی دوایی هەواڵی كۆچی دوایی خامنەیی/ 83 ساڵ/، بڵاو بووەوە، بەڵام لە 17ی ئەم مانگە دەركەوتەوە، بەوەیش دەنگۆكانی مردنی نەهێشت.

بەپێی دەستووری ئێران رابەری وڵاتەكە لەلایەن ئەنجوومەنی شارەزایان دێتە دیاریكردن، كە لە 88 لە گەورە مامۆستایانی ئاینی پێك هاتووە، ئەوەیش لە حاڵەتی مردن یان لەدەستدانی توانای بەجێگەیاندنی ئەركەكان لەلایەن رابەری ئێستە، كەچی ئەوەی روو دەدات رابەر بە نهێنی و پێشوەختە دیاری دەكرێت.

لە 2019 راپۆرتەكان باسی شەش شوێنگرەوەی خامنەییان كرد، محەمەد ریشەهری، وەزیری پێشووی هەواڵگری كە كۆچی دوایی كرد، سێی تریش دوور خرانەوە، ئەوانیش حەسەن رووحانی، سەرۆكی پێشووی ئێران و حەسەن خومەینی، كوڕی رابەری پێشوو و سادق لاریجانی، سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بوون، ئێستە دوویان ماونەتەوە، ئیبراهیم رەئیسی و موجتەبا خامنەیی.

بەپێی راپۆرتەكە موجتەبا خامنەیی، كەسێكی زۆر نزیكە لە فەرماندەكانی سوپای پاسداران و ئاگەداری تەواوی تۆڕی دارایی سوپاكەیە، بۆیە بۆچوونێك هەیە بەوەی ماوەیەكی دوورودرێژە بۆ شوێنگرتنەوەی باوكی ئامادە دەكرێت، لە ماوەی چەند هەفتەی دواییش وەك ئایەتوڵا ئاماژەی بۆ كراوە، لەگەڵ ئەوەی كەسێكی ئاینداری ددانپیادانراوی وەك باوكی نییە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل