بۆ زیادکردنی ئاسن لە لەشدا چی بخۆین و چی نەخۆین؟

:: AM:09:33:22/09/2022 ‌

كاتێك ماده‌ی ئاسن له‌ جه‌سته‌دا كه‌م ده‌بێته‌وه‌، كاریگه‌ری راسته‌وخۆی ده‌بێ له‌سه‌ر خوێن و سووڕی خوێن، ئه‌مه‌یش تا درێژه‌ بكێشێت مه‌ترسی زیاتر ده‌بێ بۆ جه‌سته‌، بۆیه‌ پزیشكێكی پسپۆڕ چه‌ند ڕێنوێنییه‌ك ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ ده‌توانی له‌ڕێیانه‌وه‌ ماده‌ی ئاسن له‌ جه‌سته‌دا زیاد بكه‌یت.

د. زرار حوسێن پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناو و دڵ، بۆ "وشه‌" گوتی، ئاسن یه‌كێكه‌ له‌ كانزا گرنگه‌كان له‌ له‌شدا، یه‌كێكه‌ له‌ پێكهێنه‌ره‌كانی هیمۆگڵۆبینی خوێن، هیمۆگڵۆبینیش له‌ خڕۆكه‌ سووره‌كاندا هه‌یه‌ و ئۆكسجین ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ خانه‌كانی له‌ش، بۆیه‌ هه‌بوونی ڕێژه‌یه‌كی گونجاو ئاسن له‌ جه‌سته‌دا كۆنترۆڵی ڕێژه‌ی خوێن و ئۆكسجین ده‌كات به‌ ته‌واوه‌تی.

چی بخۆیت بۆ ئه‌وه‌ی ئاسن له‌ جه‌سته‌دا زیاد بێ:

یه‌كه‌م: پێویسته‌ میوه‌ و سه‌وزه‌ بخۆن، چونكه‌ گرنگه‌ بۆ جه‌سته‌ و ریشاڵ و ئاسنی زۆری تێدایه‌.

دووه‌م: خواردنی نیسك یان پاقله‌مه‌نییه‌كان گرنگییه‌كی زۆریان هه‌یه‌ بۆ جه‌سته‌ و به‌تایبه‌ت به‌ ماده‌ی ئاسن ده‌وڵه‌مه‌ندن. 

سێیه‌م: پرته‌قاڵ یان لیمۆ گرنگه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی كه‌می ئاسن ده‌ناڵێنن، چونكه‌ پڕه‌ له‌ ڤیتامین سی و گرنگه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی ماده‌ی ئاسن.

پێویستیشه‌ له‌م جۆره‌ خواردنانه‌ به‌دووربن:

یه‌كه‌م: خواردنه‌وه‌ی چا و قاوه‌ و نیسكافه‌، به‌گشتی كافایین، چونكه‌ خراپه‌ بۆ جه‌سته‌ و ماده‌ی ئاسن ناهێڵێت له‌ جه‌سته‌دا.

دووه‌م: ژه‌مه‌ خواردنه‌كانی ڕێكخاته‌وه‌ و له‌كاتی نه‌گونجاودا نان نه‌خوات، بۆ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی ئاسن له‌ جه‌سته‌یدا ڕێكبێته‌وه‌.

هۆشداری ئه‌وه‌یشی داوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی ئه‌و ڕێیانه‌، باشتره‌ سه‌ردانی پزیشكیش بكه‌یت، چونكه‌ نه‌بوونی ئاسن له‌ جه‌سته‌دا كه‌سه‌كه‌ تووشی كه‌مخوێنی ده‌كات، بۆیه‌ گرنگه‌ بزانی هۆكاری ئه‌وه‌ چییه‌ كه‌ ئاسن و خوێن كه‌مه‌ له‌ جه‌سته‌تدا.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان